دەروون - سفرەی خێزان
لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "دەروون"دا پرسی خواست لەسەرخواردنی دەرەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمبوونەوەی گەرموگوڕیی خوانی خێزانەکان و نەمانی کۆبوونەوەی سەر سفرەکان خرایەڕوو. لە بەرنامەکەدا پسپۆڕی خۆراک، کۆمەڵناس و خاتوونێکی خانەنشین دیدگای خۆیان لەبارەی هۆکار و دەرەنجامەکانی ئەو دیاردەیە خستەڕوو.
رێبین کاکەمەم، کۆمەڵناس، یەکێک بوو لە میوانەکانی بەرنامەکە و گوتی: "سفرە رەوشتە و رۆحی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە" و جەختی لەوە کردەوە کە کاتێک خوان نامێنێت، هەست و سۆزیش نامێنێت.
ئەو کۆمەڵناسە ئاماژەی بەوەش کرد کە خوان سۆز و خۆشەویستییە و شوێنی کردنەوەی گرێکوێرەکانی نێو کێشەکانی ماڵەوەیە. رێبین کاکەمەم گوتیشی:" منداڵ کە فێری خواردنی دەستی دایکی بوو، خواردنی دەرەوە ناخوات."
سارا قادر، پسپۆڕی خۆراک یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەکە بوو و گوتی: "ئەوانەی خواردنی دەرەوە زۆر دەخۆن، ئاستی رۆشنبیریی خۆراکییان نزمە".
سارا قادر باسی لەوە کرد کە خواردنی ماڵەوە دەرفەت بۆ گفتوگۆ و دروستبوونی کەشێکی گەرموگوڕ لەسەر خوان دەڕەخسێنێت و، کابانی ماڵی بە بەرپرس زانی لەوەی خێزانەکەی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەرتەوازە نەبێت.
ئەو پسپۆڕەی خۆراک کارکردنی ژنانیشی لە دەرەوەی ماڵ بە هۆکارێکی گرنگیدان بە خواردنی دەرەوە دانا.
عەتیە عەبدولڕەحمان، ژنێکی خانەنشینە و، پێی وایە ئەوانەی خواردنی دەرەوە دەخۆن چێژی لێنابینن. ئەو بە بیرهێنانەوەی رابردوو گوتی:"جاران لەسەر خوانێک کۆدەبووینەوە، قسەمان دەکرد و چێژمان لێوەردەگرت، بەڵام ئێستا خواردن لە دەرەوە داوادەکرێت و هەرکەسەو دەچێتە ژوورێک نان دەخوات".
عەتیە عەبدولڕەحمان گوتیشی:"بە نیو کاژێر برنج و شلە ئامادە دەبێت، بۆچی ئەو کاتە بۆ خێزانەکەمان تەرخان نەکەین؟" هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە منداڵەکان فێری خواردن دروستکردن لە ماڵەوە بکرێن تاوەکو کاتێک ژیانی هاوبەشیان پێکهێنا، بتوانن خۆیان لە ماڵەوە خواردن دروستبکەن.
بهشی بكه لە