ناپاکی لە ژیانی بەشێک لە هاوژینیدا
بەرنامەی دەروون لە دوایین بەرنامەی خۆیدا، تیشکی خستەسەر یەکێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییە هەستیار و جیهانییەکان، کە بریتییە لە ناپاکی و خیانەت لەنێوان هاوژینەکاندا، بەرنامەکە بە قووڵی لە هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەم دیاردەیە کۆڵییەوە، لەگەڵ گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی واقیعی و بۆچوونی پسپۆڕان لە بوارە جیاوازەکاندا.
سەرەتای بەرنامەکە بە چیرۆکێکی پیاوێک دەستیپێکرد، کە سەرەڕای دابینکردنی ژیانێکی پڕ خۆشگوزەرانی بۆ خێزانەکەی، هاوژینەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ ناپاکی لێکردبوو، ئەو پیاوە بە ئازارەوە گێڕایەوە کە دوای ئاشکرابوونی خیانەتەکە، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بووە و ناچار بووە دەرمان بەکاربهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، لەپێناو "مرۆڤایەتی" لێی خۆشبووە، بەڵام بەداخەوە هاوژینەکەی دوای تەنها مانگێک دووبارە هەمان کارەی دووپاتکردووەتەوە، کە بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی یەکجاری ژیانی هاوسەرگیرییان و داڕمانی بنەماکانی متمانە لەنێوانیاندا.
پسپۆڕانی میوانی بەرنامەکە، کە پێکهاتبوون لە دەروونناس و کۆمەڵناس و پارێزەر، چەندین خاڵیان وەک هۆکاری سەرەکی ناپاکی خستەڕوو، کارزان جەمال، دەروونناس، رایگەیاند کە هۆکاری سەرەکی ناپاکی لای ژنان زیاتر پەیوەندی بە "نەبوونی سۆز و عاتیفە"وە هەیە، واتە کاتێک ژن هەست بە بێبایەخی سۆزداری دەکات، ئەگەری پەنابردنە بەر ناپاکی زیاتر دەبێت، لە بەرامبەردا، لای پیاوان زۆربەی کات پەیوەندی بە تێرنەبوونی سێکسییەوە هەیە و بەدوای تێربوونی جەستەییدا دەگەڕێن، لە لایەکی دیکەوە، کەلسووم گەزنەیی، کۆمەڵناس، ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی رێژەی ناپاکی لەنێو ژناندا کرد لەم ساڵانەی دواییدا، ئەو هەروەها رەخنەی توندی لە "ڤلۆگەرەکانی سۆشیاڵمیدیا" گرت و بەوەی رۆڵێکی نەرێنییان لە بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانیدا هەیە، چونکە بە وتار و شێوازی ژیانی ناتەندروست، کاریگەری خراپ لەسەر پێکەوەژیانی هاوژینان دادەنێن و هانی تاکی دەدەن بۆ پابەندنەبوون بە بەها خێزانییەکان، برزۆ سەعید، پارێزەر، لەسەر کەیسەکانی جیابوونەوە قسەی کرد و ئاشکرایکرد کە زۆربەی ئەو کەیسە تەڵاقانەی بەهۆی خیانەتەوە کۆتایی هاتوون، پێشتر بە "خۆشەویستییەکی زۆرەوە هاوسەرگیرییان کردووە"، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تەنیا خۆشەویستی سەرەتایی بەس نییە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی هاوسەرگیری.
بەرنامەکە پانتاییەکی دیکەی کێشەکەی خستەڕوو، کاتێک چیرۆکێکی دڵتەزێنی ژنێکی قوربانی گێڕایەوە، کە تێیدا ناپاکی تێکەڵ بە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی ببوو، ئەو ژنە بە ئازارێکی زۆرەوە باسی ئەوەی کرد کە هاوژینەکەی لە کاتی دووگیانیدا لێیداوە، کە بووەتە هۆی مردنی یەکێک لە منداڵە دووانەکانی، سەرباری سوکایەتیپێکردنی بەردەوام و ژیانی برسییەتی، ئەو ژنە تەنیا لەپێناو پاراستنی شیرازەی خێزانەکەی و لە ترسی قسەی خەڵک، درێژەی بەو ژیانە پڕ ئازارە دابوو، بە بێ ئەوەی هیچ دەرچەیەک بۆ خۆی ببینێتەوە.
لەم بارەیەوە، پسپۆڕان بە تووندی جەختیان لەوە کردەوە کە لە ژیانێکی پڕ لە ئازار و بێڕێزی لەو شێوەیەدا، جیابوونەوە عەیب نییە و تەڵاق چارەسەرێکی شەرعی و یاساییە بۆ پاراستنی کەرامەت و ژیانی تاک، نەک بەردەوامبوون لە چوارچێوەی هاوسەرگیرییەکی پڕ لە ئازار و تووندوتیژی.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، میوانان لەسەر چەند خاڵێک کۆک بوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە، بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان "گفتوگۆی نێوان هاوژینان"یان دانا، کە دەبێت بە شێوەیەکی کراوە و ڕاستگۆیانە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێش گەیشتنیان بە بنبەست، هەروەها، پەنابردنە بەر "راوێژکاری خێزانی و دەروونی" بە پێویست زانرا بۆ ڕێنماییکردنی هاوژینان و یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی قۆناخە سەختەکان، برزۆ سەعید، پارێزەر، پێشنیازی کرد کە پێش هاوسەرگیری، خولی فێرکاری بۆ کچان و کوڕان بکرێتەوە بۆ ئامادەکردنیان بۆ ژیانی هاوسەرگیری و ئاشناکردنیان بە ئەرک و مافەکانیان، ئەو هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناپاکییان ئاسانتر کردووە و بوونەتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکانی دەرەوەی چوارچێوەی خێزان، کارزان جەمال، دەروونناس، جەختی لەوە کردەوە کە کاتێک خۆشەویستی لەنێوان هاوژیناندا نامێنێت، باشترین رێگەچارە جیابوونەوەیە، نەک پەنابردنە بەر ناپاکی کە برینی قووڵتر دروست دەکات و شیرازەی خێزان بەتەواوی تێکدەدات.
بەرنامەکە پەیامێکی گرنگی گەیاند کە خێزان بنەمای کۆمەڵگایە و پاراستنی لە داڕمان، پێویستی بە هۆشیاری و چارەسەری ڕیشەیی هەیە لەلایەن تاک و کۆمەڵگاوە.
بەرنامەی دەروون هەموو شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پێشکێش دەکرێت.