توندوتیژیی دیجیتاڵی

06 December 2025
توندوتیژیی دیجیتاڵی

لە بەرنامەی ئەمجارەی "دەروون"دا پرسی توندوتیژیی دیجیتاڵی و رێگەکانی خۆپاراستن و رووبەڕووبوونەوەی یاسایی خرایەڕوو، بە میوانداریی هەریەک لە عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر؛ تانیا گلی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی سیید؛ هاوژین زیبا، چالاکڤانی مافی ئافرەتان و، ژینێ ئەترووشی، هونەرمەند. میوانەکان لە چەند تەوەرێکدا باسیان لە هۆکار و ئەنجامەکانی ئەم دیاردەیە و رۆڵی تاک و کۆمەڵگە و یاسا کرد بۆ سنووردارکردنی.

عەقید سەفین تاهیر، ئاماژەی بەوە کرد کە نەبوونی زانیاری لە بارەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە یەکێکە لە هۆکارەکان و رایگەیاند، "لە سۆشیاڵ میدیا ئەو کەسانەی نایانناسن وەریانمەگرن." هەروەها گوتیشی:" لە کاتی پێویستدا خانمان لە گوندە دوورەکانیشەوە دەتوانن لە رێگەی بنکەکانی پۆلیسەوە سکاڵاکانیان تۆمار بکەن و پەیوەندی بە هێڵی 119وە بکەن. ئەم هێڵە بە خۆڕاییە و تیمە تایبەتەکان دەتوانن بەهاناوەچوونی پێویست پێشکەش بکەن".

هاوکات تانیا گلی، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی 119وە کردەوە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، کە هێڵێکی 24 کاژێرییە. ناوبراو گوتیشی، رێکخراوەکان دەتوانن هاوکاریی یاسایی پێشکەش بە قوربانییان بکەن و پارێزەریان بۆ دابین بکە بۆ ئەوەی خۆیان هاتووچۆی دادگا نەکەن. هەروەها تانیا گلی ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت بەرپرسیارێتیی خۆپاراستن تەنیا لە ئەستۆی ژناندا بێت، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگە کار بۆ گۆڕینی ئەو کولتوورە بکات کە رێگە بە گێچەڵ و توندوتیژی دەدات و نابێت ژن سنووردار بکرێت لەبەر ئەوەی کەسی بەرامبەر نازانێت هەڵسوکەوت بکات.


ژینێ ئەترووشی، وەک هونەرمەندێک باسی لە ئەزموونی تاڵی خۆی لەگەڵ هەڕەشە و توندوتیژیی دیجیتاڵی کرد و گوتی، "تەنیا لەبەر ئەوەی ئافرەتم و گۆرانی دەڵێم، زۆر ناخۆشیم دیوە." ئەو ئاستەنگەکانی بەردەم سکاڵاتۆمارکردنی خستەڕوو، لەوانە پێویستبوون بە چەندین جار هاتووچۆی دادگە و فشاری کۆمەڵایەتی و خێزانی کە وای لێکردووە واز لە سکاڵاکەی بهێنێت. ژینێ ئەترووشی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە رێکخراوەکانی مافی ئافرەتان لە دهۆک بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو هێرشانەی کراونەتە سەری. 

لە کۆتاییدا هاوژین زیبا رایگەیاند کە یاسا بە تەنیا ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و پێویستی بە هۆشیاریی کولتووری و رۆشنبیری هەیە. ئەو گوتی، "یاسا هەیە، بەڵام هۆشیاریی کولتووری نییە."