هۆکاری بەخێوکردنی ئاژەڵان لەنێو ماڵەکاندا

هۆکاری بەخێوکردنی ئاژەڵان لەنێو ماڵەکاندا

لە بەرنامەی ئەمجارەی دەروون تیشک خرایە سەر هۆکارەکانی زیادبوونی خواست لەسەر ئاژەڵی ماڵی، دیاردەی بەخێوکردن و هۆگربوون بە ئاژەڵی ماڵی خرایەڕوو، تێیدا پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان و بەخێوکەرانی ئاژەڵ، دید و بۆچوونی خۆیان لەسەر هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەم دیاردەیە خستەڕوو، بڕوا فەتاح، پسپۆڕی دەروونی، د، یاسین بەحرکەیی، مامۆستای زانکۆ، هێرش تەیار، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، فازڵ وەهاب، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ، د، دییە رێبوار، پزیشکی ڤێتەرنەری، میوانی بەرنامەکە بوون.

بەپێی بۆچوونی بڕوا فەتاح، پسپۆڕی دەروونی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەنابردن بۆ ئاژەڵ، هەستکردنە بە تەنیایی، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا، بڕوا فەتاح، ئاماژەی بەوە کرد گەنجەکان تەنیاترن زیاتر لە پیرەکان سکاڵای تەنیایی دەکەن، ئەم بۆشاییە وادەکات هەندێک کەس لە پەیوەندییە مرۆییەکان بێهیوا بن و روو لە ئاژەڵ بکەن، بروا فەتاح ئاماژەی بە توێژینەوەیەک کرد و گوتی" لە دەرئەنجامی 22٪ـی توێژینەوەکانی مێتا ئەنالیزیز، ئەو کەسانەی هۆگری ئاژەڵ دەبن، پاش چەند ساڵ تووشی داڕمانی دەروونی دەبن".

فازڵ وەهاب، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەکە بوو و گوتی "ئاژەڵ مەرج بۆ مرۆڤ دانانێت و رەخنەت لێناگرێت، هەروەها رەخنەش لە زیادەرەویی لە هۆگربوون بە ئاژەڵ دەگرێت و پێیوایە ئاژەڵ ناتوانێت جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە و دەشڵێت" کوفرە ئاژەڵ بخرێتە جێگەی مرۆڤ، ژن و مێردی وا هەن کە منداڵیان نابێت و دەڵێن ئێمە ئاژەڵمان هەیە منداڵمان بۆچییە".

هێرش تەیار، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر میوانیکی دیکەی بەرنامەکە بوو و گوتی" ئاژەڵەکان ناتوانن جێگرەوەی مرۆڤەکان بن" و دەشڵێت " من ئاژەڵێکم هەیە لە دونیادا سێ دانەی لێ ماوە، بەڵام ناگاتە نینۆکی منداڵێکی جیرانەکەشم"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێمە نازانین چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاژەڵ بکەین و 80٪ ـی خەڵک لەبەر چاولێکەری ئاژەڵ بەخێودەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، بەخێوکەرانی ئاژەڵ وەک ئاشتی سابیر، کە 17 سەگی هەیە، ئەم پەیوەندییە بە سەرچاوەی خۆشی و ئارامیی دەروونی دەزانێت و دەڵێت "مرۆڤەکان بە غەیبەتکردن رۆحم پیس دەکەن، پێم باشترە لەگەڵ ئاژەڵەکانم بم و گوێ لە میوزیکێک بگرم تاوەکو لە کۆبوونەوەکان بەشداری بکەم کە تەنیا باسی چاولێکەری و غەیبەتکردنی تێدادەکرێت"، ئەو رەتیدەکاتەوە کە لەبەر تەنیایی ئاژەڵ بەخێوبکات، بەڵکو دەیەوێت خۆشییەکانی لەگەڵیاندا بەش بکات.
بەڵام پسپۆڕان لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە هۆشداری دەدەن، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، د. یاسین بەحرکەیی، مامۆستای زانکۆ، رایگەیاند ئالوودەبوون بە ئاژەڵ دەبێتە هۆی "نەمانی سیلەی رەحم و کەمبوونەوەی نرخی دایک و باوک و منداڵ و خیزان". 

لە رووی تەندروستیشەوە، د. دییە رێبوار، پزیشکی ڤێتەرنەری، جەختی لەوە کردەوە کە "لیکی ئاژەڵ جیاوازە لە لیکی مرۆڤ و دەکرێت کێشەی تەندروستی دروستبکات"، هاوکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆگربوون بە ئاژەڵ لە هەندێک کەسدا دەگاتە ئاستێک کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی دەبێت.

لە کۆتاییدا، بەرنامەکە جەختی لەوە کردەوە کە بەخێوکردنی ئاژەڵ پێویستی بە رۆشنبیری و بەرپرسیارێتی هەیە، پسپۆڕان رێنوێنییان کرد کە پێش هێنانی هەر ئاژەڵێک، پێویستە زانیاریی تەواو لەسەری وەربگیرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی پەیوەندییە مرۆیی و خێزانییەکان.

بەرنامەی دەروون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخشدەکرێت.