دەروون..کاتێک بیری کەسێک دەکەیت چی دەکەیت؟
بەرنامەی دەروون دەرگای گفتوگۆی لەسەر پرسێکی سۆزداری و مرۆیی کردەوە کە رۆژانە هەمووان پێیدا تێدەپەڕین: کاتێک بیری کەسێک دەکەین، چۆن کاردانەوەمان هەبێت و کەی کاتی دەربڕینی هەستەکانمانە؟
لە بەرنامەکەدا کە تیشک خرایە سەر قووڵایی پەیوەندییە مرۆییەکان، هەریەک لە محەممەد پاکژ و شنۆ محەممەد، وەک شاعیر و نووسەر، لەگەڵ ئیسماعیل شێخانی، بانگخوازی ئیسلامی، میوانی بەرنامەکە بوون و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە شرۆڤەی ئەو "ناخۆشی و جوانییەی" بیرکردنیان کرد.
"ئێستا پارەت نەبێت، کەس بیرت ناکات"
لە راپرسییەکی مەیدانیی بەرنامەکەدا، هاونیشتمانییان بۆچوونی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکیان هەبوو، هەندێکیان بە حەسرەتەوە باسیان لە بیرکردنی دایک، خاک و ئەو ئازیزانە دەکرد کە کۆچی دواییان کردووە و هیوایان دەخواست بۆ چرکەیەک بگەڕێنەوە تاوەکو باوەشێکیان پێدا بکەن. لە بەرامبەردا، بەشێک لە هاونیشتمانییان رەخنەیان لە گۆڕانی بەها کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، یەکێکیان بە نائومێدییەوە گوتی "جاران خەڵک بیری یەکتری دەکرد، بەڵام ئێستا سەردەمی پارەیە و ئەگەر پارەت نەبێت کەس بیرت ناکات."
ئازایەتی لە دەربڕینی هەستەکاندا
محەممەد پاکژ، شاعیر و نووسەر، جەختی لەوە کردەوە کە نابێت مرۆڤ هەستەکانی بشارێتەوە، ئەو پێی وایە دەربڕینی بیرکردن جۆرێکە لە ئازایەتی و دەڵێت "بیری هەرکەسێک بکەم پێی دەڵێم و گرنگ نییە ئەو چۆن بیر دەکاتەوە"، پاکژ هۆشداریی دا کە زۆرجار رق و کینە دەبێتە هۆی دابڕانێکی ئەبەدی و گوتی "مرۆڤەکان رق لەیەک دەگرن و لەپڕ یەکێکیان دەمرێت، ئیدی ئەو بیرکردنە دەبێتە حەسرەتێکی گەورە."
ژیان کورتە، نامەیەک بنێرە
شنۆ محەممەد، شاعیر و نووسەر، لایەنگری دەستپێشخەری بوو لە پەیوەندییەکاندا. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕێی کەسی بەرامبەر ناکات و گوتی "ئەگەر بیری کەسێک بکەم، خۆم نامەی بۆ دەنێرم"، شنۆ باوەڕی وایە مادام کۆتایی هەمووان مردنە، ژیان ئەوەندە ناهێنێت مرۆڤەکان خۆیان لە بینینی یەکدی بێبەش بکەن.
خۆشەویستی و پاراستنی شکۆ
ئیسماعیل شێخانی، وەک کەسایەتییەکی ئایینی، ئاماژەی بەوە کرد کە "دڵە پێوەستەکان هەمیشە رێگەیەک بۆ گەیشتن بە یەک دەدۆزنەوە"، بەڵام ئەو هاوسەنگییەکی بۆ بابەتەکە دانا و ئامۆژگاری دا کە مرۆڤ لە کاتی دەربڕینی خۆشەویستیدا زیادەڕۆیی نەکات و شکۆی خۆی بپارێزێت. شێخانی گوتیشی"لێبووردەیی کاتێک گرنگە کە بەرامبەر هەستی پێ بکات، و هیچ کەسێک لەو مرۆڤە گەورەتر نییە کە ئاشتەوایی و برایەتی بڵاودەکاتەوە."
دەرفەتەکان بپارێزن
ئەنجامی گفتوگۆکانی بەرنامەکە بۆ ئەو خاڵە چوو کە هەرچەندە ژیانی مۆدێرن و سەرقاڵییەکان مرۆڤیان لە یەکدی دوورخستووەتەوە، بەڵام پەیوەندییە مرۆییەکان بەنرخترین سەرمایەن، پەیامی کۆتایی بەرنامەکە ئەوە بوو: تاوەکو دەرفەت ماوە، رێگە مەدەن بیرکردن ببێتە حەسرەت و ئازایانە هەستی خۆتان بۆ ئازیزانتان دەرببڕن.