تۆمارکردنی موڵک بەناوی هاوژینەکان؛ ململانێی متمانە و ترسی لەدەستدانی سەروەت

20 December 2025
تۆمارکردنی موڵک بەناوی هاوژینەکان؛ ململانێی متمانە و ترسی لەدەستدانی سەروەت

بەرنامەی ئەمجارەی دەروون یەکێک لە هەستیارترین بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی نێو خێزانی کوردی وروژاند، ئەویش پرسی خاوەندارێتی موڵک و ماڵ و هۆکارەکانی کەمیی مەیلی پیاوانە بۆ تۆمارکردنی داراییەکانیان بەناوی هاوژینەکانیانەوە.

لە بەرنامەکەدا کە ژمارەیەک پسپۆڕ و لایەنی پەیوەندیدار میواندار کرابوون، تیشک خرایە سەر ئەو بەربەستە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی دەبنە رێگر لەبەردەم پیاوان بۆ ئەوەی سامانیان لەگەڵ هاوژینەکانیان هاوبەش بکەن.

"یاساکان و کولتوور لە بەرژەوەندی پیاوانن"

د. محەممەد عەبدوڵڵا، کۆمەڵناس، لە روانگەیەکی زانستییەوە شیکاری بۆ دیاردەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە سیستەمی باوکسالاری و جۆری یاساکان تائێستاش زیاتر پاڵپشتی لە پیاوان دەکەن، ئەو پێیوایە نەبوونی متمانە لە نێوان خێزانەکاندا گەورەترین هۆکارە کە وایکردووە پیاوان مەیلیان بۆ ئەم هەنگاوە نەبێت.

"پیاوان لە دوای متمانەکردن، دەکرێنە دەرەوە"

لە بەرامبەردا، بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، بەرگری لە مافی پیاوان کرد و پەردەی لەسەر هەندێک کێشە لادا کە رووبەڕووی پیاوان دەبنەوە، ناوبراو رایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان دوای ئەوەی لەسەر بنەمای متمانە موڵکەکانیان بەناوی هاوژینەکانیان کردووە، تووشی بێوەفایی بوونەتەوە، گوتیشی "هەبووە بە بچووکترین کێشە داوای جیابوونەوەی لێکراوە و پیاوەکە لە ماڵەکەی خۆی دەرکراوە، ئەمەش وایکردووە ترس و بێ متمانەیی لای پیاوان دروست ببێت."

پارە وەک ئامرازێکی دەسەڵات

گوڵان بەختیار، پارێزەر، لە گۆشەنیگایەکی یاسایی و مافەکانی ژنانەوە بابەتەکەی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە لە متمانەدایە، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە پیاوان پارە و سامانیان وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر خێزاندا بەکاردەهێنن، گوڵان بەختیار باسی لە گرنگیی سەربەخۆیی ئابووریی ژن کرد و رایگەیاند، کاتێک ژن خاوەنی دارایی خۆی بێت، بە متمانەیەکی زیاترەوە دەچێتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

ئامارەکان چی دەڵێن؟

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ئامارێکی مەیدانی لە کەرتی خانووبەرەوە خرایەڕوو، فەرەیدوون سەباح، خاوەنی کۆمپانیای خانووبەرە، ئاشکرایکرد "90٪ـی کڕیارانی موڵک پیاوانن"، ئەمەش دەری دەخات کە هێشتا پشکی شێری خاوەندارێتی موڵک لە هەرێمی کوردستان لە دەستی پیاواندایە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، سەرەڕای جیاوازیی دیدگاکان، میوانەکان لەسەر یەک خاڵی هاوبەش کۆک بوون: متمانە کۆڵەکەی سەرەکیی خێزانە و پێویستە پێش موڵک و سامان، کار بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێوان هاوژینەکان بکرێت بۆ ئەوەی خێزانێکی تەندروست و بەختەوەر بێتە کایەوە.
بەرنامەی دەروون شەوانە شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.

 

"دەروون" یەکێکە لە دیارترین تۆک شۆ هەفتانەییەکانی رووداو، کە رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری ناسراو، دەروون گێژەن، پێشکێشی دەکات. بەرنامەکە لە گەورەترین ستۆدیۆی رووداوەوە پەخش دەکرێت و تیشک دەخاتە سەر گرنگترین پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لە پەروەردە و تەندروستییەوە تاوەکو کێشە خێزانییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر بەرنامەیەک کۆمەڵێک شارەزا و بڕیاربەدەست کۆدەکاتەوە بۆ شیکردنەوەی قووڵی بابەتەکە، گفتوگۆکردن لەسەر دیدگە جیاوازەکان و، کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کرداری. ئەوەی "دەروون" جیادەکاتەوە، ئامادەبوونی ئۆدیەنسە لە بەرنامەکە، ئەو کەسانەی راستەوخۆ کێشەکە کاریگەریی لەسەر ژیانیان داناوە بانگهێشتی ستۆدیۆ دەکرێن، بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی خەڵکی ئاسایی شانبەشانی دەنگی بڕیاربەدەستان و پسپۆڕان دەبیسترێت.