سەربازی زۆرەملێ لە عێراق لەنێوان دیسپلینی دەروونی و یادەوەرییە تاڵەکانی رابردوودا

02 May 2026
سەربازی زۆرەملێ لە عێراق لەنێوان دیسپلینی دەروونی و یادەوەرییە تاڵەکانی رابردوودا

جارێکی دیکە پرسی گەڕانەوەی سەربازی زۆرەملێ لە عێراق بووەتە رۆژەڤ و لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەنگدانەوەی جیاوازی دروست کردووە. لە کاتێکدا هەندێک بە تاقە ڕێگەی دروستکردنی "پیاو" و فێربوونی دیسپلینی دەبینن، هەندێکی دیکە بە پڕۆژەیەکی بێسوود و پڕ لە مەترسی بۆ سەر ناسنامەی گەنجی کوردی دادەنێن.
لە بەرنامەی دەروون دا تیشک خرایە سەر لایەنە دەروونی، کۆمەڵایەتی و تەکنیکییەکانی ئەم پرسە. مژارەکە تەنیا لە چوارچێوەی یاسایی نەمایەوە، بەڵکو قووڵبووەوە بۆ ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا سەربازی لە سەردەمی مۆدێرنەدا دەتوانێت مرۆڤ دروست بکات؟
سەربازی کارگەی یەکسانی یان کوشتنی ئۆگۆ؟
یەکێک لە میوانانی بەرنامەکە پێی وابوو کە سەربازی زۆرەملێ "تاکە شوێنە کە یەکسانی تێدایە". ئەو دەڵێت "لە سەربازگەدا کوڕی دەوڵەمەند و کوڕی فەقیر یەک پۆشاک دەپۆشن و یەک سیستەم پەیڕەو دەکەن. ئەوە شوێنی داماڵینی عەنتەری و خۆپەرستییە لە دەروونی گەنجاندا." بە بڕوای ئەو، بۆ میللەتێک کە هێشتا خێڵایەتی تێدا مابێت، سەربازی باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەنجان فێری فەرمانبەرداریی یاسا بن نەک فەرمانی ئاغا و خزمەکان.
تەکنەلۆژیا بەرامبەر بە هێزی بازوو
لە بەرانبەردا، سۆران عەزیز، شارەزای بواری هێزی نەرم، تێڕوانینێکی جیاوازی هەبوو. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دنیای ئێستا گۆڕاوە و شەڕی ئێستا شەڕی "درۆن و مووشەک و ئایتییە" نەک تەنیا ناردنی گەنجان بۆ سەنگەرەکان. سۆران دەڵێت: "لە وڵاتێکدا کە دادپەروەری تێدا نییە، دەوڵەمەندەکان دەتوانن خزمەتی سەربازی بکڕنەوە و هەژارەکان دەبنە قوربانی. گەنجێکی شارەزا لە ئایتی، دەتوانێت بە دروستکردنی درۆنێک خزمەتێکی زۆر زیاتر بە خاکەکەی بکات وەک لەوەی تەنیا سەری سفر بکرێت."
ناسنامە و ئاڵا، کێشە گەورەکەی گەنجی کورد
بەشێکی گەرمی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە ئامادەیی گەنجی کورد بۆ خزمەتکردن لەژێر ئاڵای عێراقدا. قوتابییەکی گەنج لە ناو ستۆدیۆکەدا بە ڕاشکاوی وتی: "من ئامادەم بۆ خاک و پێشمەرگایەتی هەموو تەمەنم بدەم، بەڵام ئامادە نیم بۆ ئاڵایەک سەربازی بکەم کە دوێنێ پێی ئەنفال کراوم." ئەمە ئەو گرێ مێژووییەیە کە وای کردووە پرسی سەربازی زۆرەملێ لە عێراق بۆ کورد تەنیا پرسێکی یاسایی نەبێت، بەڵکو پرسێکی نەتەوەییش بێت.
دیسپلین و ژیانی پێشمەرگایەتی
پێشمەرگەیەکی دێرین لە ناو بەرنامەکەدا باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و وتی، سەربازی فێری کردووە چۆن "کاتەکانی ڕێکبخات، لە خەوی شیرین هەڵسێت و هاوڕێیەتی گەنجانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بکات." ئەو پێی وایە سەربازی دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوونی گەنجان و ناسینی کولتوورە جیاوازەکان، کە ئەمە هەستی نەتەوایەتی بەهێزتر دەکات.

بەرنامەکە بەو دەرەنجامە گەیشت کە هەرچەندە دیسپلینی سەربازی بۆ رێکخستنی دەروونی و جەستەیی گەنجان گرنگە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە عێراقی ئێستادا رووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە؛ لە لایەک نەبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و لە لایەکی دیکە گۆڕانی شێوازی جەنگ و پێویستی گەنجان بە فێربوونی زانستی سەردەمیانە لەبری تەنیا چەک هەڵگرتن.
بەرنامەی دەروون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.