کوردستان لە نێوان هەڕەشەی جەنگ و خەونی خۆبژێویدا ئایا خاک جێگەی نەوت دەگرێتەوە؟
لە کاتێکدا ئاسۆی ناوچەکە بە دووکەڵی جەنگ و ململانێیە سیاسییەکان داپۆشراوە، پرسیارێکی جەوهەری لە ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کوردستاندا سەرهەڵدەدات، ئەگەر خوا نەخواستە ئابڵووقەیەکی تووندی خۆراک و ئابووری رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بێتەوە، ئایا خاک دەتوانێت نانی خەڵک دابین بکات؟ بەرنامەی ئەمجارەی دەروون لە مێزگردێکی فراواندا لەگەڵ جووتیاران، گەنجان و شارەزایان، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی خۆبژێوی و ئەو گەنجینە شاراوەیە لادا کە لە ناو حەوشە و سەربانی ماڵەکاندایە.
جەنگ وەک زەنگێکی مەترسی بۆ ئاسایشی خۆراک
دەروون گێژەن، پێشکەشکاری بەرنامەکە، بە گوزارشتێکی تووند و پرسیارێکی هەژێنەر دەستیپێکرد، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تارمایی جەنگ لە ناوچەکەدا نزیکبووەتەوە و پریشکەکانی بەر کوردستان کەوتوون، و گوتی "ئێمە ئەمشەو لەسەر گریمانەیەکی مەترسیدار قسە دەکەین، ئەگەر ئەم جەنگە بەردەوام بێت و گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەرمان، ئایا ئێمە کە نەوەی جووتیارانین، دەتوانین خۆمان بەڕێوەبەرین؟"
ئەو جەختیکردەوە ئامانجی بەرنامەکە لۆمەکردنی حکومەت نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای چارەسەرێکی کۆمەڵایەتیدا کە لە ناو هەر خێزانێکەوە دەستپێدەکات.
ئازاد محەممەد: نەوت ناخورێت، بەڵام زەردەچەوە و پەتاتە ژیانن
ئازاد محەممەد، ئەو جووتیارە نموونەییەی کە ناوەکەی لەگەڵ داهێنانە کشتوکاڵییەکاندا گرێدراوە، بە دەستێکی پڕ لە بەرهەمی نایابەوە هاتبووە ناو ستۆدیۆ. ئەو بە تووندی رەخنەی لەوە گرت کە هەموو چاوەکان لەسەر نەوتە و گوتی "واز لە نەوت بهێنن، فەرموو ئەوە جەنگێکە لەسەر نەوت، تۆ چ سوودێکت لە نەوت بینیوە؟"
ئازاد بەرهەمی وای نیشانی بینەران دا کە رەنگە زۆرکەس بڕوا نەکات لە خاکی کوردستاندا هاتبێتە بەرهەم، لە زەردەچەوە و زەنجەفیلەوە تاوەکو دەگاتە شەکر و میوەی دەگمەن.گوتیشی "ئەگەر چواردەوریشمان بگیرێت، ئێمە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەتوانین خۆمان بژێنین، من دە ساڵە دەڵێم دەتوانین سەربانی ماڵەکانمان بکەین بە کێڵگە، ئەمە قسەی زل نییە، بەڵکو راستییە."
ئەو جووتیارە بە حەسرەتەوە باسی لەوە کرد کە چۆن حەوشەی ماڵەکان لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەمووی خاک بووە، بەڵام ئێستا کراوە بە چیمەنتۆ و کاشی و قیر، ئەمەش وەک "کوشتنی خاک" وەسفکرد.
گەنجان و کێشەی خۆڕاگری و سۆشیاڵمیدیا
لە نێو ستۆدیۆکەدا، دەنگی گەنجانی دەرچووی زانکۆ بەرزبووەوە. محەممەد حوسێن، خوێندکاری راگەیاندنە، دەستی خستە سەر برینێکی قوەڵ و باسی لە بێ ئارامی کرد لە لای گەنجانی ئێستا. ئەو گوتی "گەنج فێرە ئارامی نەکراوە. من ئەگەر فێری ئارامی بکرێم، دەتوانم لە ژێر هەتاوێکی گەرمدا تەماتەیەکی جوان بچێنم، بەڵام ئێمە ئێستا توانامان لە پێش زانینمانە."
ئەم گەنجە ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەی گەنجانی ئێستا ئەوەیە کە کاتێکی زۆر لە سۆشیاڵمیدیادا دەکوژن و بیر لە داهێنان ناکەنەوە، ئەو پێشنیازی کرد پەروەردەی کشتوکاڵی لە تەمەنی 12 بۆ 18 ساڵییەوە دەست پێبکات، نەک دوای ئەوەی گەنجەکە دەگاتە قۆناخی هاوسەرگیری و خەمی دیکەی بۆ پەیدا دەبێت.
قامیشی شەکر، پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ کەناراوەکان
یەکێک لە سەرنجراکێشترین پێشنیارەکانی ئازاد محەممەد، چاندنی قامیشی شەکر بوو لە کەناراوەکانی سیروان و دووکان و جەلەولا. دەشڵێت "ئەگەر پێنج کیلۆمەتر ئەملا و پێنج کیلۆمەتر ئەولای ئەو ئاوانە بکەین بە قامیشی شەکر، هەزاران گەنج دەبنە خاوەن کار و کوردستان یەک پارچە سەوز دەبێت." ئەو تەنانەت جۆرە شەکرێکی نیشانی بینەران دا کە لە قامیشی کوردی دروست کراوە و تامەکەی وەک کەرە وایە، وەک هاندەرێک بۆ ئەوەی خەڵک واز لە شەکری سپی و نەخۆشی بهێنن.
بەربەستەکان، خوری مەڕ و ستەم لە جووتیار
لە بەرنامەکەدا چیرۆکێکی خەمناکیش باسکرا، میوانێکی بە تەمەن (حاجی) باسی لەوە کرد کە چۆن ویستوویەتی پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆ بکات و 10 هەزار خوری مەڕی کۆکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارگە و پشتیوانی حکومەت، سێ ساڵ خورییەکەی هەڵگرتووە و لە کۆتاییدا هیچی بۆ نەکراوە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە تەنیا چاندن بەس نییە، بەڵکو دەبێت پیشەسازیی کشتوکاڵیش هاوشان بڕوات.
راپساردەکان بۆ خۆبژێوی
لە کۆتایی گفتوگۆ گەرم و گرنگەدا، چەند خاڵێکی سەرەکی وەک نەخشەی رێگا دەستنیشان کران:
پەروەردە:گەڕاندنەوەی کتێبی (دارا دوو داری دی) و وانەی کشتوکاڵ بۆ قوتابخانەکان.
تەکنەلۆژیای ساردکەرەوە:بەکارهێنانی بەڕاد بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە وەرزەییەکان وەک پەتاتە و هەنار بۆ کاتی قەیران.
ئەرکی خێزان:هەر خێزانێک لانی کەم دوو کاژێر لە کاتی رۆژانەی کە بۆ مۆبایل تەرخان دەکات، بیدات بە چاندنی سەوزە و میوە لە ماڵەکەیدا.
پشتیوانی حکومەت:دابینکردنی زەوی و کارەبا و بازاڕ بۆ گەنجانی دەرچووی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی نەبنە بار بەسەر دەوڵەتەوە.
بەرنامەی دەروون بەم ئەنجامگیرییە کۆتاییهات: کوردستان خاکێکی بەپیت و گەنجێکی بەهرەمەندی هەیە، تەنیا ئەوەی ماوە رۆحییەتی خۆڕاگری و ئیرادەی گەڕانەوە بۆ خاکە. وەک چۆن ئازاد محەممەد گوتی: "ئەم وڵاتە دایکە، با وڵاتمان خۆش بوێ و ئامێزی بۆ بگرینەوە، ئەو کاتە هیچ جەنگ و ئابڵوقەیەک نامانشکێنێت."
بەرنامەی دەروون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.