گەشتوگوزار لە کوردستان لەنێوان ئارامیی دەروون و وێرانکاریی ژینگەدا
لەگەڵ دەسپێکی وەرزی بەهار و رووکردنی هاونیشتمانیان بۆ نێو سروشت، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەو فۆرمەی ئێستای گەشتکردن لە کوردستان، خزمەت بە ئاسوودەیی دەروون دەکات یان تەنیا ماندووبوون و زیانگەیاندنە بە ژینگە؟ بەرنامەی دەروون لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا، تیشک دەخاتە سەر ئەو برینە قووڵەی کە بەهۆی گەشتیاریی ناهۆشیارەوە بەر جەستەی سروشت و دەروونی تاکی کورد کەوتووە.
فەوزای گەشت و دڵەڕاوکێی دەروونی
دەروون گێژەن، پێشکەشکاری بەرنامەکە، لە نێو جەنجاڵیی دەنگی گۆرانییە جیاوازەکان و دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکاندا دەپرسێت "چ هاونیشتمانییەک هەیە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، لەبری ئاسوودەیی، دڵی نەگوشرابێت؟" ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی گەشتەکان بوونەتە فەوزایەکی گەورە کە تێیدا هەموو کەس دەیەوێت بە دەنگی بەرز و خۆدەرخستن، ئارامیی سروشت تێک بدات.
دکتۆر دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی دەروونی، لە شیکارییەکەیدا بۆ رووداو دەڵێت "بەشێکی زۆری تاکی کورد حەزی لە هۆسە و خۆدەرخستنە؛ دەیەوێت پیشانی بدات چی دەخوات و چی دەپۆشێت. ئەمە نیشانەی جۆرێک لە کێشەی دەروونییە." ئەو جەخت دەکاتەوە کە گەشتکردنی راستەقینە دەبێت ببێتە مایەی تێربوونی دەروونی، نەک ئەوەی مرۆڤ وەک ئەوەی لە کرێکاری گەڕابێتەوە، بە هیلاکی بگەڕێتەوە ماڵەوە.
کاتێک گوێدرێژێک دەبێتە ژینگەپارێز و مرۆڤ دەبێتە تێکدەر
یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی بەرنامەکەکە، چیرۆکی هاونیشتمانییەکی ناوچەی ماوەتە کە بە گوێدرێژەکەیەوە پاشماوەی گەشتیاران کۆدەکاتەوە. ئەو دەڵێت "کابرا بە سەیارەی چەند هەزار دۆلارییەوە دێت، بەڵام شعووری نییە و پاشماوەکەی فڕێ دەدات، منیش بەم گوێدرێژە 600 هەزارییە ژینگەکەی بۆ پاک دەکەمەوە."
دەروون گێژەن بە پەرۆشەوە ئاماژە بە جیاوازیی نێوان پاشەڕۆی ئاژەڵ و پاشەڕۆی مرۆڤ دەکات، یەکەمیان خێر و بەرەکەتە بۆ زەوی، بەڵام دووەمیان دەرد و ژەهرە بۆ ژینگە. ئەو گەشتیاری ناهۆشیار بە کوللـە دەشوبهێنێت کە بۆ هەر کوێ بچن، تەنیا وێرانی بەجێدەهێڵن.
سروشت وەک بوونەوەرێکی زیندوو
دکتۆر مەحموود شێرزاد، مامۆستای یۆگا و فەلسەفە، تێڕوانینێکی زانستی و رۆحی بۆ ژینگە دەخاتەڕوو. ئەو پێی وایە مرۆڤ لە پێنج توخم (خاک، ئاو، ئاگر، هەوا، ئەسیر) پێکهاتووە و دەبێت لە ناو سروشتدا هاوسەنگیی ئەم توخمانە رێکبخاتەوە.
دکتۆر مەحموود هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کاتێک ئۆتۆمبێک دەبەنە ناو سەوزایی، درەختەکان تووشی سترێس دەبن." ئەو ئاماژە بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەکات کە دەیسەلمێنێت درەختەکان پێکەوە قسە دەکەن و کاتێک مەترسییەک دەبینن، پەیامی ئاگادارکردنەوە بۆ یەکتری دەنێرن. بە بڕوای ئەو، پیاسەکردن لە ناو سنەوبەرەکاندا باشترین چارەسەرە بۆ نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان، بە مەرجێک بە دڵێکی پاک و بەبێ دەنگەدەنگ بڕۆینە لایان.
شوێنە ترێندەکان و کێشەی چاولێکەری
شاجوان هیدایەت، خاوەنی گرووپێکی گەشتیاری، گلەیی لەوە دەکات کە خەڵک تەنیا بۆ وێنەگرتن و پۆزی فەیسبووک دەچنە ناو سروشت. ئەو دەڵێت: "ئێمە ناوێرین شوێنە جوانەکان پیشانی خەڵک بدەین، چونکە دوای هەفتەیەک دەچیتەوە، دەبینیت گیای پێوە نەماوە و ئۆتۆمبێلیان بەسەردا لێخوڕیوە." ئەو داوا دەکات ئەتەکێتی گەشتوگوزار پەیڕەو بکرێت و سەیارە نەبرێتە ناو جەرگەی سەوزاییەکان.
سروشت دایکی ئێمەیە
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، چیرۆکی ئەو شوانە دەگێڕدرێتەوە کە کاتێک دڵی دەشکێت، پەنا بۆ باوەشی سروشت دەبات بۆ دەردەدڵکردن. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە مرۆڤ لە سێ رەهەندەوە (رۆحی، فەزایی، و زەوی) بەردەوام بانگ دەکرێتەوە بۆ ناو سروشت.
پەیامی سەرەکیی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە؛ تاوەکو یاسا و پێبژاردنی تووند نەبێت و هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە دروست نەبێت، گەشتەکانمان لەبری چارەسەری دەروونی، دەبنە هۆی داڕمانی دەروونی و لەناوبردنی ئەو بەهەشتە سەوزەی کە نەوە دوای نەوە بۆمان ماوەتەوە.
بەرنامەی دەرون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.