کاریگەریی بیرکردنەوەی ئەرێنی لەسەر مرۆڤ
بیرکردنەوەی ئەرێنی چۆن هەڵسوکەوتی ئەرێنی دروستدەکات؟
ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی دەروون تایبەتە بە کاریگەرییەکانی بیرکردنەوە لەسەر رەفتارەکانی مرۆڤ، د. محەممەد قادر خۆشناو، پێشکێشکاری بەرنامەی دەروون و پزیشكی نەخۆشییە دەروونییەکان لەنێو بەرنامەکە بە وردی ئەوە رووندەکاتەوە کە کەسێک بۆ ئەوەی ژیانی رۆژانەی باش بژی، دەبێت بیرکردنەوەی ئەرێنی هەبێت.
د. محەممەد قادر خۆشناو دەڵێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک کەسێک بە بیرێكی نەرێنییەوە بیەوێت کارێكی ئەرێنی ئەنجامبدات. نموونەیەک بە تاقیکردنەوە لەسەر پۆلێک لە قوتابییان ئەنجامدەدات، لەگەڵ ستافی رووداو پێكەوە دەچنە پەیمانگەیەکی هەولێر، بە کرداری کاریگەری بیرکردنەوە لەسەر جەستە ئەنجامدەدات.
د. محەممەد پۆلێک قوتابییانی پەیمانگەکەی وەرگرتووە، لەنێو پۆلەکە سێ جاری جیاواز سێ جۆر دەرمان دەداتە قوتابییەکان و دەستیان دەخاتە نێو ئاو لە هەر جارێكدا، دواتر کاریگەریی ئەوە دەخاتەڕوو کاتێک ئەوان هیچیان بەکارنەهێناوە، کاتێکیش دەرمانیان بەکارهێناوە، چۆن دەتوانن زیاتر دەستیان لەنێو ئاودا بهێڵنەوە.
لە تاقیکردنەوەکە دەردەکەوێت ئەوان کاتێک بڕوایان بە کاریگەری دەرمانێک هەبێت، ئەگەری زۆرترە کاریان لێبکات و سوودی لێوەربگرن بە بەراورد بەوەی کە بڕوایان بە کاریگەری دەرمانەکە نەبێت.