گەوهەری شین
لەژێر ئاسمانی شینی سریلانکا و لە قووڵایی خاکی دوورگەی راتناپورا کە بە "شاری گەوهەرەکان" ناسراوە، چیرۆکێک هەیە کە تێکەڵەیەکە لە هیوا، مەترسی، جوانی و ستەمکاری. تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بە سەرپەرشتی پەیام سەربەست، گەشتێکی ٣ کاژێرییان بۆ دڵی ئەم چیرۆکە ئەنجامدا، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شایەتحاڵی پرۆسەی دۆزینەوەی بەردە بەنرخەکان بن؛ پرۆسەیەک کە هێندەی بریسکەی گەوهەرەکان جوانە، هێندەش ژیانی مرۆڤەکانی هەرزان کردووە.
سەرەتای گەشت: لەنێو دارستان و ترس لە مارمێلکە
گەشتەکە بەرەو راتناپورا دەستیپێکرد، ناوچەیەک کە ناوی بە دەرهێنانی بەردی گرانبەهاوە گرێ دراوە، دوای رێگەیەکی دوورودرێژ، تیمەکە لە هۆتێلێکی نێو جەرگەی دارستان گیرسانەوە. پەیام سەربەست لە ستاندئەپێکدا باسی لە ئەزموونی ئەو شەوە دەکات و دەڵێت"هۆتێلێکی زۆر پاکە، بەڵام هەموو دیوارەکانی پڕە لە مارمێلکە... لەبەر ئەوەی هیچ هۆتێلێکی دیکە نەماوە، بە ناچاری دەبێت ئەمشەو لەم هۆتێلە بمێنینەوە لەگەڵ مارمێلکەکان". ئەم دیمەنە سادەیە، پێشەکییەک بوو بۆ گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی و رووبەڕووبوونەوەی نائاسایی.
ئاجیت رۆهیتا؛ ژیانێک لەسەر لێواری مەترسی
بەرەبەیانێکی نوێ لە هەرێمی ساباراگاموا هەڵهات و کاری راستەقینەی بەڵگەفیلمەکە دەستی پێکرد، کامێراکانی رووداو چوونە نێو ماڵی خێزانی "ئاجیت رۆهیتا".
ئاجیت، پیاوێکە 22 ساڵە ژیانی لە کانە مەترسیدارەکانی بەرد بەسەر بردووە، هەموو بەیانییەک دوای نانخواردن، نزا بۆ بودا دەکات، بەڵکو بەردێکی گەوهەری بدۆزێتەوە و ژیانی بگۆڕێت، کچە تاقانەکەی، تیلینی، وەک رێزێک بۆ پیشە پڕ مەترسییەکەی کڕنووشی بۆ دەبات.
هاوژینەکەی سامانتی لانکا، بەدڵێکی پڕ لە ترسەوە دەڵێت"هیچ حەزم بەو کارەی نییە، بەڵام ناچارە، ئەم کاری هەڵکۆڵینە جۆرێکە لە کۆیلایەتی، هەمیشە دەترسم کە دەڕوات بۆسەر کار". ترسی سامانتی بێهۆ نییە، ئاجیت و هاوکارەکانی رۆژانە رووبەڕووی مردن دەبنەوە.
گەشتێک بۆ قووڵایی زەوی
ئاجیت دوای 15 خولەک ماتۆڕسواری، دەگاتە شوێنی کارەکەی، کە کانێکی هەڵکۆڵراوە و لەگەڵ 11 کرێکاری دیکەدا ماوەی حەوت مانگە کاری تێدا دەکەن، ئەمانە هەژارترین مرۆڤەکانی سریلانکان و ئەم پیشە مەترسیدارەیان لە باوباپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە.
چاڵەکە 22 مەتر قوڵە و تەنیا تاریکییەکی تۆقێنەرە، پەیام سەربەست و تیمەکەی بڕیارێکی سەخت دەدەن و لەگەڵ ئاجیت دەچنە خوارەوە و پەیام دەڵێت"هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نییە... بەڵام هەر دەڕۆین".
چوونەخوارەوەکە نیو کاژێری خایاند و پڕ بوو لە دژواری، لە قووڵایی 22 مەتریی زەویدا، لەنێو تونێلێکی تەسکدا کە کێشەی ئۆکسجینی هەیە، کرێکارەکان بەردەوام دیوارەکان دادەتاشن. هەرکاتێک مەترسیی رووخان هەبێت، بە دار و رووەکی "کەکیلا" رێگری لێدەکەن، هەندێکجاریش گازی میسان پەیدا دەبێت و مەترسیی خنکان و ئاگرکەوتنەوە دروست دەکات، لەوێ چاڵێکی دیکەی 22 مەتریی پڕ لە ئاویش هەیە کە مەترسییەکان دووقات دەکاتەوە.
دۆزینەوەی گەوهەری شین و ستەمی خاوەنکار
دوای ماندووبوونێکی زۆر، کرێکارەکان خۆڵ و بەردی داتاشراو دەبەنە لای رووبارێک و دەیشۆنەوە، لەناکاو بەردێکی رەنگ شین سەرنجی ئاجیت رادەکێشێت، بە دڵخۆشییەوە هاوار دەکات"ئەوە یاقوتە! لە ژیانم 4 بۆ 5 دانەی ئاوام دۆزیوەتەوە، ئەوە گرانترینە."
ئەمە ئەو ساتە بوو کە هیواکانی ئاجیتی زیندووکردەوە، بەڵام ئەم هیوایە زۆری نەخایاند، یاقوتەکە برایە لای ئاناندا ئامارانایکا، بازرگانی بەنێوبانگی بەرد و خاوەنی کانەکە، ئاناندا، دوای سەیرکردنێکی خێرا، کێشی بەردەکەی بە 31.15 مسقاڵ پێوانە کرد، بەڵام بە کرێکارەکانی گوت دوای پۆلیشکردن تەنیا 12 مسقاڵی لێ دەمێنێتەوە و نرخەکەشی بە 7 هەزار دۆلار خەمڵاند!
بەپێی سیستمی نادادپەروەرانەی ئەوێ، تەنیا 10٪ی ئەم نرخە خەمڵێنراوە، واتە 700 دۆلار، بەسەر 12 کرێکاردا دابەشکرا، بەرکەوتەی هەر کرێکارێک تەنیا نزیکەی 60 دۆلار بوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتانەی ئاساییان تەنیا 7 دۆلارە، خاوەن کانەکە 90٪ی قازانجەکەی بۆ خۆی هەڵگرت و بەردەکەی بردە قۆناخی دواتر.
لە کارگەی پۆلیشکردنەوە بۆ بازاڕی بۆرسە
گەوهەرە شینەکە برایە کارگەیەکی پۆلیشکردن، لەوێ نهێنییە گەورەکە ئاشکرا بوو. دوای پشکنین، دەرکەوت نرخی راستەقینەی بەردەکە نەک 7 هەزار دۆلار، بەڵکو 160 هەزار دۆلاری ئەمریکییە (٤٨ ملیۆن رووپیەی سریلانکی)! ئەمەش هێشتا نرخی کۆتایی نییە و لەگەڵ هەر دەستاودەستکردنێکدا بەهاکەی زیاتر دەبێت.
ئاناندا، خاوەن کانەکە چەند پارچەیەکی بچووکی یاقوتەکەی بە نزیکەی 78 هەزار دۆلار فرۆشت بە بازرگانێکی نێوەندگیر بەناوی چامیلا پراساد، لە کاتێکدا هێشتا بەشە گەورەکەی یاقوتەکەی لای خۆی مابوو، چامیلاش لە بازاڕی فرۆشتنی بەردەکان، کە وەکو بۆرسەیەک وایە و رۆژانە لە بەرەبەیانەوە قەرەباڵغ دەبێت، توانیی بە قازانجێکی کەم (نزیکەی 350 دۆلار) بەردەکان بفرۆشێتەوە.
ئەمە دوا وێستگەی بەردەکانە لە سریلانکا، لێرەوە یان دەکرێن بە خشڵ، یان هەناردەی بازاڕە گەورەکانی جیهان دەکرێن، وەک ئەمریکا، چین و تایلەند، سەرنجراکێشە کە زۆرێک لە گەوهەرەکانی سەر تاجی شاهانەی بەریتانیا، لە خاکی سریلانکاوە هاتوون.
کۆتاییەکی تاڵ و بانگەوازێک بۆ دادپەروەری
بەڵگەفیلمی گەوهەری شین تەنیا چیرۆکی دۆزینەوەی بەردێک نییە، بەڵکو گێڕانەوەی ژیانی ئەو مرۆڤانەیە کە لەپشت بریسکەی گەوهەرەکانەوەن، گەوهەرەکە دەستاودەست دەکات، نرخەکەی دەگاتە ئاستی خەیاڵی، بەڵام ئاجیت و هاوڕێکانی لە هەمان بازنەی هەژاری و مەترسی دەمێننەوە.
ئاجیت لە کۆتاییدا بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە دەڵێت"من بەرگەی ئەو هەموو مەترسییە دەگرم بۆ خاتری کچ و هاوژینەکەم، پێموایە رۆژێک دێت گۆڕانکاری لەم بزنسەدا رووبدات، ئێمە ماندووترین کەسەکانی پشت ئەم بزنسەین".
هاوژینەکەشی، سامانتی، پەیامە سەرەکییەکەی بەڵگەفیلمەکە کورت دەکاتەوە و دەڵێت"ئەگەر کوڕێکم هەبوایە، هەرگیز نەمدەهێشت ئەم کارە بکات... خەڵکی دیکە بە ماندووبوونی کەسانی وەک هاوژینەکەم قازانجی زۆر دەکات، ئێمە پێویستمان بە دادپەروەرییە، هیچ دادپەروەرییەک لێرە بوونی نییە."
گەوهەری شین بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەو جیاوازییە چینایەتییە قووڵەی کە لەنێوان بریسکەی سەرمایە و ئارەقەی نێوچەوانی کرێکاراندا هەیە و بانگەوازێکە بۆ گۆڕینی سیستمێک کە لەسەر بنەمای ماندووبوونی یەکێک و قازانجی ئەوی دیکە بنیات نراوە.
پرۆدیوسەر و پێشکێشکردن: پەیام سەربەست
وێنەگرتن و دەرهێنان: ئەحمەد یونس
مۆنتاژ: شکار کەمال
رەنگ: بڕوا عومەر
بەرهەمی ساڵی 2025
بهشی بكه لە