تینوێتی لەنێوان دوو رووباردا

تینوێتی لەنێوان دوو رووباردا

 لەو خاکەی کە هەزاران ساڵە وەکو لانکەی شارستانییەت و وڵاتی نێوان دوو رووبار دەناسرێت، ئێستا دەنگی شەپۆلەکانی دیجلە و فورات کزبووە و شوێنەواری وشکەساڵی وەکو برینێکی قووڵ بە جەستەی عێراقەوە دیارە. بەڵگەفیلمی "تینوێتی لە نێوان دوو رووباردا" کە تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمی هێناوە، گەشتێکی خەمناکە بەنێو دۆخی تاڵی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، لە هەنسکی ئەندازیارێکەوە بۆ وشکبوونی زۆنگاوەکان دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە کۆچی بە کۆمەڵی جووتیاران و مەرگی گامێش و دارخورماکان.

فرمێسکی زۆنگاوەکان و ماڵئاوایی گامێشەکان

چیرۆکی زۆنگاوەکان (ئەهوارەکان)، کە رۆژگارێک بە بەهەشتی عەدەن و جوانترین تابڵۆی سرووشتیی باشووری عێراق دادەنران، ئێستا بووەتە چیرۆکی وشکبوون و کۆچ، رووقیە محەممەد، خانمە ئەندازیارێکی خەڵکی میسانە و بە دڵێکی پڕەوە باسی ئەو دیمەنە دەکات و دەڵێت "کاتێک بینیم زۆنگاوەکان بە تەواوی وشکبوون، نەمتوانی خۆم بگرم و گریام".

زۆنگاوەکانی وەکو ئوم ناعج و بەنی هاشم کە سەرچاوەی ژیانی هەزاران خێزان بوون، ئێستا بوونەتە بیابانێکی وشک، ئەم وشکبوونە بووەتە هۆی قڕتێكەوتنی گامێشەکان؛ ئاژەڵێک کە بێ ئاو ژیانی مەحاڵە. حەیدەر سۆمەری لە زیقارەوە باسی تراژیدیای خێزانێک دەکات کە خاوەنی 40 سەر ئاژەڵ بوون، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچار بوون گوندەکەیان جێبهێڵن و روو لە شار بکەن؛ باوکێک کە جاران خاوەن سامانی ئاژەڵداری بوو، ئێستا ماتۆڕێکی کڕیوە و لە کۆڵانەکانی شاردا ئاو دەفرۆشێت.

ناسنامەی کشتوکاڵ لەبەردەم سڕینەوەدا

عێراقێک کە جاران بە دارخورما و برنجی عەنبەر دەناسرا، ئێستا خەریکە ئەو نازناوە لەدەستدەدات. 

داتاکان ترسناکن:

دارخورما: لە ساڵانی هەشتاکاندا عێراق خاوەنی 32 ملیۆن دارخورما بوو، بەڵام بەپێی ئاماری 2023ی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ژمارەیە بۆ خوار 20 ملیۆن کەمبووەتەوە.

زەوییە کشتوکاڵییەکان: ساڵانە 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە بەپیتەکانی عێراق بەهۆی بەبیابانبوونەوە لەنێو دەچن، هۆشداری دەدرێت کە ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات، عێراق لە داهاتوودا 52٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەستدەدات.

برنجی عەنبەر: لە نەجەف و مەشخاب، کە بۆنی برنجی عەنبەرەکەیان جیهانی پڕکردبوو، بەهۆی بێ ئاوییەوە بەرهەمەکەیان بەڕێژەی 80٪ پاشەکشەی کردووە.

 
دیجلە و فورات؛ خوێنبەرەکانی ژیان دەگیرێن

رووباری دیجلە و فورات کە شادەماری عێراقن، چیدیکە توانای تێرکردنی خاکەکەیان نەماوە، عێراق ساڵانە پێویستی بە 70 ملیار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام ئێستا نیوەی ئەو بڕەشی پێناگات. هاتنی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە لە 80 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە، ئەم کەمئاوییە گورزێکی کوشندەی لە سامانی ماسی داوە. بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو و تێکدانی زیاتر لە 3 هەزار و 500 حەوزی ماسی لەلایەن حکومەتەوە، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە عێراق لە نزیکەی یەک ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 190 هەزار تۆن دابەزیوە. ماسیگرەکان دەڵێن "جاران تۆڕەکانمان پڕ بوون لە ماسی، ئێستا دەبێت ماسی لە دەرەوە هاوردە بکەین".

هەناسەی پڕ لە خۆڵ و ئاوی ژەهراوی

کێشەکە تەنیا کەمئاوی نییە، بەڵکو پیسبوونیشە. لە نەجەف و شارەکانی دیکە، ئاوەڕۆ و پاشماوەی ئاژەڵ راستەوخۆ دەکرێنە ناو رووبارەکانەوە، ئەمە وایکردووە لە شارەکانی وەکو بەسرە و دیوانیە، نەخۆشییە مەترسیدارەکان سەرهەڵبدەن. ناهید زەیدی، چالاکڤانی ژینگە دەڵێت "لە رۆژانی خۆڵباریندا، نەخۆشخانەکان جێگەیان نامێنێت، بەهۆی سوێری و پیسی ئاویشەوە، نەخۆشییەکانی پەککەوتنی گورچیلە، بەردی زراو و شێرپەنجە تەنانەت لەنێو گەنجان و منداڵانیشدا بڵاوبوونەتەوە".

کۆچی بێدەنگ و هیوا لە کوردستانەوە

بەپێی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، تەنیا لە چوار ساڵی رابردوودا 21 هەزار خێزان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کۆچیان کردووە، زۆربەیان روویان لە سەنتەری شارەکان کردووە و ژیانی بەرهەمهێنەری گوندنشینیان گۆڕیوە بۆ ژیانی بێکاریی شار، بەشێکیشیان روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) کردووە.

لە نێو ئەم تاریکییەدا، تروسکاییەک لە هەولێرەوە دەدرەوشێتەوە. زانکۆی کوردستان - هەولێر (UKH) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستیان بە پڕۆژەیەکی گەورە کردووە بۆ راهێنان بە هەزار گەنجی عێراقی. ئەمانە لە هەولێرەوە فێردەبن چۆن رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە و هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبکەنەوە لە نێوەڕاست و باشووری عێراق. دکتۆر دانا مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی ڤیژن ئێجوکەیشن ئاماژە بەوە دەکات "کلیلی چارەسەری بەشێک لە کێشەی ئاوی عێراق لە کوردستانە، دەکرێت بە دروستکردنی بەنداوی گەورە لە کوردستان، هاوکاری ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت و ئیدارەی ئاو باشتر بکرێت".

عێراق، ئەو وڵاتەی کە لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتی جیهاندایە کە زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە، لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە، هەر وەکو دوعا عەلی دەڵێت: "ئیدی وەرزەکانیش گۆڕاون، زستانی جاران نەماوە و زۆربەی ساڵ بووەتە هاوین،" 

بەڵگەفیلمی تینوێتی لەنێوان دوو رووباردا، بەرهەمی ساڵی 2025ی تۆڕی میدیایی رووداوە، لەلایەن نەوزاد مەحموودەوە کاری پرۆدیوسەری و ئامادەکردنی بۆ کراوە و، ئاری ئەمین کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. رۆژی سێشەممە 25ی نۆڤێمبەری 2025 بڵاوکرایەوە.