رووداو لە هەرێمی تبت

رووداو لە هەرێمی تبت
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو گەشتێکیان بۆ هەرێمی تبت ناسراو بە شیزانگ و 'سەربانی جیهان'، ئەنجام دا. ئەو ناوچە بەرزەی جیهان کە بەشێکە لە زنجیرەچیاکانی هیمالایا و لووتکەی ئێڤرێستی بەنێوبانگی لەخۆ گرتووە، بەهۆی بەرزییەکەیەوە رێژەی ئۆکسجین تێیدا نزیکەی 50% کەمترە لە ئاستی دەریا. لە بەڵگەفیلمێکدا، مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە چین، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ژیان و گوزەران، دابونەریت و کولتوور، هەروەها سرووشتی جوانی ئەو هەرێمە پێشاندەدات.

لە تبت، ئۆکسجین وەکو کاڵایەکی بازرگانی مامەڵەی پێدەکرێت و، دانیشتووان ناچارن هەندێک جار لە بەرامبەر هەناسەدان پارە بدەن. بەو هۆیەشەوە بوتڵی ئۆکسجین لە ماڵان، دوکانەکان و ئۆتۆمبێلەکاندا بەردەستە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەیان. کەمیی ئۆکسجین کاریگەریی لەسەر رەنگ و رووی خەڵکەکەش داناوە، بە جۆرێک پێستیان کەمێک تۆخ هەڵگەڕاوە. سەرەڕای ئەو دۆخە سرووشتییە سەختە، خەڵکی تبت بە هێمنی و لەسەرخۆیی ناسراون.

تبت، بە رووبەری 2.1 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە، دووەم گەورەترین هەرێمی چینە و، دوو ئەوەندەی رووبەری وڵاتی فەرەنسایە. بەڵام ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 3.6 ملیۆن کەسن. بەهۆی بای بەهێز و بۆرانی بەردەوامەوە، گەشتە ئاسمانییەکان بەسەر ئاسمانی تبتدا کەمبوونەتەوە، ئەوەش وایکردووە ناوچەکە زیاتر لە جیهان داببڕدرێت.

شاری لهاسا، پایتەختی تبت، کە بە واتای "شوێنی خودا" دێت، بە بەرزایی 4500 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە، بەرزترین پایتەختی جیهانە. ئەم شارە تەنیا 800 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن. لهاسا 143 مەتر بەرزترە لە لووتکەی هەڵگورد لە باشووری کوردستان، کە بەرزییەکەی 3607 مەترە. هاوکات، لهاسا بە "شاری خۆرەتاو"یش ناسراوە، چونکە ساڵانە زیاتر لە 300 رۆژ خۆری تێدا دەدرەوشێتەوە.

لە تبت، بەهۆی کەمیی پەستانی بەرگەهەواوە، ئاو لە پلەی 85ی سیلیزیدا دەکوڵێت. ئەمەش وادەکات ئامادەکردنی خواردن کاتێکی زیاتری پێویست بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، مەنجەڵی تایبەت دروست کراون کە گەرمیی زیاتر دەدەنە خواردنەکان. لە بەڵگەفیلمەکەدا، کای شوای لۆنگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک لە تبت، باسی داهێنانی مەنجەڵێکی نوێ دەکات کە سیستمی گەرمکردنەوەی هەڵم بەکاردەهێنێت و، پلەی گەرمی دەگەیەنێتە 100 پلەی سیلیزی.

کۆشکی پۆتاڵا کە هەزار ژوور لەخۆدەگرێت، بەرزترین پەرستگەی چین و جیهانە و، تایبەتە بە بودییەکانی تبت. هەروەها پەرستگەی جۆخانگ پیرۆزترین پەرستگەی بودییەکانی تبتە، پەیکەری جۆوۆ شاکیاموونی لە سەدەی حەوتەمەوە تێدا پارێزراوە. جگە لە بودیزم، ئایینییەکانی دیکەش لە تبت پەیڕەوی دەکرێن، لەوانە 700 کریستیانی کاسۆلیک و 12 هەزار موسڵمان لەو هەرێمەدا دەژین. بەهۆی سیاسەتی داخراوی چین و نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤەوە، گەشتکردن بۆ تبت ئاسان نییە و پێویستە پێشتر داواکاری پێشکێش بکرێت، یاخود سەردانەکە لەگەڵ گرووپی تایبەتدا رێکبخرێت. 

بەهۆی کەمیی داهاتی دەوڵەت لە تبت، حکومەتی چین 90%ی خەرجیی حکومەتی هەرێمی تبت دابین دەکات. زمانی فەرمیی هەرێمەکە و هەروەها زمانی خوێندنیش، ماندەرینی چینییە. حکومەتی ناوەندیی چین بایەخێکی زۆر بە خوێندنی پیشەیی دەدات بە مەبەستی زیادکردنی دەستی کار و پەرەپێدانی کارامەیی لە هەرێمەکە.

تێکڕای تەمەنی مرۆڤ لە هەرێمی تبت، 72 ساڵە. تبت خاوەنی سرووشتێکی بێهاوتایە، کە ئاوی سازگار و گژوگیای دەگمەنی تێدایە و بۆ دروستکردنی دەرمانیش بەکاردەهێنرێن. لە چیاکانیشدا، بە بەکارهێنانی سیستمی ئاودێری و تەکنیکی تایبەت، ناوچەکە زیاتر سەوز و پڕ ژیان دەردەکەوێت.

تبتییەکان خاوەنی دابونەریت و میوزیکی تایبەت بە خۆیانن. زۆربەی ئامێرە میوزیکییەکانیان لە ئێسک و پێستی ئاژەڵ دروست دەکرێن. فیستیڤاڵی "لۆسار" جەژنێکی کشتوکاڵی وەرزییە کە گوندنشینان دوای کۆتاییهاتنی وەرزی دروێنە وەکو سوپاسگوزارییەک بۆ زەوی و خوداوەندەکان ئەنجامی دەدەن. "سەمای چام"یش سەمایەکی زیندوو و پڕ لە جووڵەیە، کە بە دەمامک و جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ نمایش دەکرێت و پەیوەندییەکی پتەوی بە باوەڕی ئایینی بوودیزم و فیستیڤاڵەکانی بوودییەکانەوە هەیە.

ئەم بەڵگەفیلمەی تۆڕی میدیایی رووداو، لە رۆژی 18ی نۆڤێمبەری ساڵی 2025 بڵاوکرایەوە.