بووژانەوەی زمانی تورکمانی لە کوردستان

بووژانەوەی زمانی تورکمانی لە کوردستان

عائیشە عەبدولکەریم، خوێندکارێکی تورکمانە و لە پۆلی 12ی زانستییە لە هەولێر. ئەو وەک باوک و دایکی ناچار نییە بە زمانی عەرەبی بخوێنێ، چونکە ئەمڕۆ 19 قوتابخانەی تورکمانی هەن کە 15 قوتابخانە لەوانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن.

ئەو ئازادییەی راپەڕینی بەهاری 1991، لە هەرێمی کوردستان هێنایە ئاراوە و بناخەی دانا، وێستگەی یەکەمی دەستپێکردنی مافە رۆشنبیری و کولتووری و پەروەردەیی و سیاسییەکانی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستانیشە، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حکومەتەکانی پێشووی عێراق، پەروەردە و فێرکردن بە زمانی تورکمانی فەرامۆش کرابوو.

تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی رەهایان لە هەولێر دەژین، لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ کە بەشی زمانی تورکییە، دەتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و، لە هەڵبژاردندا پارتە سیاسییە تورکمانییە دڵخوازەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن و، خاوەنی میدیا و رێکخراوی جۆراوجۆری رۆشنبیری و کولتووری تایبەت بە خۆیانن. تەنانەت لە مزگەوتەکانیشەوە مامۆستایانی ئایینی بە تورکمانی گوتار پێشکێش دەکەن.

ساڵی 1992، پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی خۆیان بخوێنن. زمانە قەدەخەکراوەکان لە هەرێمە تازە ئازادبووەکە دەستیان بە جوڵە کرد و بە تێپەڕینی ساڵان بووژانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کورد بۆخۆی لە وڵاتانی دیکەی دراوسێی هەرێمی کوردستان، ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بیکەنە زمانی ژیان.

 

وێنەگر و دەرهێنەر: ئاری ئەمین

پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود

بەرهەمی ساڵی 2025