ڕۆبۆتەکان و کۆدەکان: نەوەیەکی نوێی زانستی لە هەولێر

22 February 2025
ڕۆبۆتەکان و کۆدەکان: نەوەیەکی نوێی زانستی لە هەولێر
لە پێشانگای نێودەوڵەتی تەکنەلۆژیا لە هەولێر، چاوەکان لەسەر ستاندی تایبەتی مندالانی کوردستانن، کە بە داهێنانە تەکنەلۆژییەکانیان سەرنجی بینەرانیان راکێشاوە

کۆمەڵێک منداڵ کە تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 13 ساڵدایە، توانیویانە چەندین ڕۆبۆتی سەربەخۆ بەرنامەڕێژی بکەن کە تواناى ئەنجامدانی چەندین کرداری جیاوازیان هەیە وەک پاککردنەوە، هێڵکاری، و تەنانەت ناسینەوەی دەنگ و وێنە. 

دیلان سامی، یەکێک لە بەشداربووان بە هەژی دەڵێت "ئێمە هەوڵ دەدەین تەکنەلۆژیا بەکاربهێنین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان لە کوردستان" 

مامۆستا سۆران ڕەشید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لە بەرنامەکەدا قسە دەکات و دەڵیت "منداڵەکانمان ڕۆژانە 3 کاژێر لەسەر پڕۆژەکانیان کار دەکەن. ئەوان خۆیان هەر یەکە و بیرۆکەیەکی تایبەتیان هەیە و ئێمە تەنیا ڕێنماییان دەکەین".

 

دەفژەنە بچووکەکانی سلێمانی 

لە پارێزگای سلێمانی، کۆمەڵێک قوتابی بە جلوبەرگی کوردییەوە، دیمەنێکی رەنگاوڕەنگ و زیندوویان نەخشاندووە بە لێدانی ئامێری دەف بە شێوازێکی ڕێکوپێک و هاوئاهەنگ.

ئەم گرووپە کە لەلایەن مامۆستای موزیکی قوتابخانەکەیانەوە ڕاهێندراون، توانیویانە جۆرێک لە رەسەنایەتی و هاوچەرخی تێکەڵ بکەن لە پێشکێشکردنی هونەری دەفژەنی.

 

هێرۆ ئەحمەد، سەرپەرشتیاری گرووپەکە دەڵێت  "دەف بەشێکی گرنگە لە میراتی موزیکی کوردی، ئامانجمان زیندووکردنەوەی ئەم هونەرە کۆنەیە بە شێوازێکی نوێ کە منداڵەکان حەزی لێ بکەن"،

نەسرین، یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "من زۆر حەزم لە دەفژەنییە، هەست دەکەم ئازادانە دەتوانم گوزارشت لە هەستەکانم بکەم کاتێک دەف لێدەدەم".

 

شانۆی ئینگلیزی"ئالیس لە وڵاتی سەیر

 

شانۆگەریی "ئالیس لە وڵاتی سەیر" کە بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەیەکی هەولێر پێشکەش کرا، بینەرانی بردە دونیایەکی پڕ لە خەیاڵ و داهێنان. 

ئەم شانۆگەرییە کە لە بنەڕەتدا چیرۆکێکی جیهانییە، بە چەندین وێستگەی جیاواز و کارەکتەری رەنگاوڕەنگەوە، لە هەر وڵاتێک بە شێوازێکی تایبەت پێشکەش دەکرێت، بەڵام ئەمجارە بە چەشنێکی تایبەت لە کوردستان نمایشکرا 

د. سازان کەریم، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی "ئامانجمان تەنیا فێربوونی زمانی ئینگلیزی نییە، بەڵکو پەرەپێدانی تواناکانی دەربڕین و متمانەبەخۆبوونی قوتابییەکانە"  

هەژی قسەی لەگەڵ ئەکتەرە بچووکەکان کرد،  ئەوان باسیان لەو خۆشی و ئاڵنگارییانە کرد کە لە ماوەی ئامادەکارییەکان رووبەڕوویان بووەتەوە.