ئەستێرە بچووکەکانی جیمناستیک لە هەولێر
ئەستێرە بچووکەکانی جیمناستیک لە هەولێر
فێنک بورهان، سەرپەرشتیاری ناوەندەکەیە لەو بارەیەوە دەڵێت"ناوەندەکەمان پشت دەبەستێت بە فێرکردنی تەکنیکە سەرەتاییەکان بە شێوازێکی نوێ و سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان و توانا و بەهرەی منداڵەکان ئاشکرادەکەن و پەرەیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببن بە ئەستێرە".
منداڵە جیمناستیککارەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری، لاڤان مەجید، راهێنانەکانیان دەکەن و بەشێوەیەکی بەرچاو پێش دەکەون و ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا منداڵە جیمناستیککارەکان دەرفەتی نمایشکردنی توانا و بەهرەکانیان دەبێت لە ئاستێکی بەرزتردا.
هانا ئاڤدەل: ئەستێرەی تێنسی کوردستان لە دهۆک
هانا ئاڤدەل، کچە وەرزشڤانی 16 ساڵانە توانیویەتی نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی سەر زەوی لە ئاستی عێراق بەدەست بهێنێت.
هانا کە بە راهێنانی باوکی، ئاڤدەل حەسەن، پەروەردە بووە، چەندین خەڵاتی گرنگی لە پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان بەدەست هێناوە و ئێستا خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە چەند پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی.
هانا گوزارشت لە ئامانجەکانی دەکات و دەڵیت"خەونم ئەوەیە بتوانم لە ئاستی جیهانیدا ناوی کوردستان بەرز بکەمەوە"
ئاڤدەل حەسەن کە باوک و راهێنەری هانایە، لەبارەی مەشق و راهێنان و تواناکانی کچکەیەوە دەڵێت "هانا رۆژانە نزیکەی 5 کاژێر راهێنان دەکات، ئێمە بەردەوام لە هەوڵی باشترکردنی ئاستی تەکنیکی و جەستەیی ئەوداین. بێگومان هانا دەتوانێت بگاتە ئاستە بەرزەکانی ئەم وەرزشە".
نەوەی داهاتوو: رۆبۆت و بیرکردنەوەی تەکنەلۆژی
داهێنان تەنیا لە بواری وەرزشیدا سنووردار نییە. لە هەولێر، سەنتەرێکی تەکنەلۆژی کراوەتەوە کە کار لەسەر پەرەپێدانی بەهرەی تەکنەلۆژی منداڵان دەکات، بەتایبەت لە بواری بەرنامەڕێژی و دروستکردنی رۆبۆتدا.
منداڵەکان لەم سەنتەرەدا فێری نووسینی کۆد و چۆنیەتی بەرنامەڕێژی رۆبۆت دەبن، کە دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ چەندین کاری جیاواز جێبەجێ بکەن.
ئەوان بەردەوام هانی منداڵەکان دەدەین بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان، کاروان عەلی، بەڕێوەبەری سەنتەرەکەیە دەڵێت" "ئامانجمان بونیادنانی نەوەیەکی نوێیە کە توانای تێگەیشتن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیان هەبێت.