پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەیە
چەکدانان لە جاسەنە و مەرجەکانی ئاشتی
گەریلا: دەزانین سەرۆک چۆن پێمان دەڵێت چەک دابنێن
ئەمە رەنگە چیرۆکی کۆتایی 47 ساڵ شەڕ بێت، یان سەرەتایەکی نوێی خوێناوی. لە ئەشکەوتێکی قووڵی کوردستاندا، مەشخەڵێک داگیرساوە تاوەکو ئاگری شەڕ خامۆش بکات؛ ئاگر بە ئاگر. چاوی هەموو دنیا لەسەر ئەو کورە ئاسنینەیە کە بڕیارە ببێتە گۆڕستانی چەکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە پرۆسەی ئاشتیی نێوان کورد و تورک. پرۆسەیەک کە هێشتا وەڵامی پرسیارە هەرە گەورەکەی نەداوەتەوە: ئایا چەک بەتەواوی بێدەنگ دەبێت؟
ئەشکەوتی جاسەنە؛ سڕینەوەی شەڕ بە ئاگر
لە دڵی تاریکیی ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەژێر چاودێرییەکی ئەمنی تونددا، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو کە لە هیچ رێوڕەسمێکی دیکە نەدەچوو. سی گەریلای پەکەکە، بە جلوبەرگی کوردییەوە و بە بێدەنگییەک کە قورسایی دەیان ساڵ شەڕی لەسەر بوو، هاتنە خوارەوە. ژنێک پێشیان کەوتبوو، وەک ئەوەی سیمبوڵی سەرەکیی ئەم هەنگاوە کردەییە بێت.
رووخساریان ماندوێتیی ژیانی سەختی چیای پێوە دیار بوو. یەک بە یەک بەرەو کورە ئاسنینە گەورەکە چوون و ئەو چەکەیان تێخست کە ساڵانێک بوو رەمزی هێز و مانەوەیان بوو. هەندێکیان بە دڵ و هەندێکیشیان وەک ئەوەی بڵێی بە نادڵی، چەکەکانیان فڕێدایە نێو ئاگرەکەوە. ئەوان چەک "تەسلیم" ناکەن، بەڵکو "دەیسووتێنن"؛ وەک ئەوەی بڵێن، بە ئاگر دەستمان پێکرد و هەر بە ئاگر، ئاگری شەڕەکەش خامۆش دەکەین.
ئەم هەنگاوە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە هات، کە 26 ساڵە لە گرتووخانەی ئیمرالی لە تورکیا بەندکراوە. یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە لە شوێنی مەراسیمەکە رایگەیاند: "بۆ سەرخستنی پڕۆژەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیک، وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکیی و بڕیارداریی خەباتی ئازادی، دەبێت بە رێبازی سیاسەتی دیموکراتیک و لەسەر بنەمای دەستوورێکی یاسایی و یەکگرتنێکی دیموکراتیک هەنگاو بنێین. ئێمە لێرە بە ئیرادەی ئازادی خۆمان چەکەکانمان هەڵدەوەشێنینەوە."
گەریلاکان هەروەک چۆن بە بێدەنگی هاتن، ئاواش بە بێدەنگی و بەبێ چەک گەڕانەوە نێو باوەشی ئەو چیایانەی کە دەیان ساڵە مۆڵگەیانە.
وان؛ دایکێک لەنێوان شانازی و دڵتەنگیدا
دوا گەریلا کە چەکی بیکەیسییەکەی لەسەر شانی دانەنا و نەیسووتاند، کچە گەریلایەک بوو بە ناوی کەزیبان سەکمەن. ئەم دیمەنە پرسیاری ئەوەی ورووژاند، کە ئاخۆ کەسوکارەکەی چی دەڵێن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، روومانکردە گوندی ئەخسی لە دەڤەری ئەردیشی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان. کەزیبان لە تەمەنی 18 ساڵیدا ماڵ و گوندەکەی بەجێهێشتووە و چووەتە ریزەکانی پەکەکە. زاهیدەی دایکی، کە تاوەکو لە تەلەڤیزیۆنەوە کچەکەی نەبینیبوو، نەیدەزانی لە ژیاندا ماوە.
زاهیدە سەکمەن، دایکی کەزیبان، بە رووداوی راگەیاند: "کچەکەم کەزیبانە. 13 ساڵە رۆیشتووە. دوای چەند ساڵێک زانیمان چووەتە نێو پەکەکە. کاتێک لە تەلەڤیزیۆنەوە بینیم چەکەکەی دانا، ئینجا زانیم زیندووە، پێشتر وامان نەدەزانی. بەڵام کە بینیم چەکەکانیان دانا، زۆر دڵتەنگ بووم، چونکە ئەو چەکە هی هەمووان بوو."
سەرەڕای دڵتەنگییەکەی، زاهیدە شانازی بە کچەکەیەوە دەکات و دوو داواکاریی هەیە؛ یەکێکیان بۆ کچەکەیەتی کە خۆی ببینێت و ئەوی دیکەشیان بۆ دایکانی سەربازە تورکەکانە. ئەو گوتی: "با دایکی سەربازانی تورک دەستیان بخەنە ناو دەستمان. با لە خودا بپاڕێینەوە ئەم کارە بە سەرکەوتن بگات. با ئاشتی بێتە ئاراوە. ئینشائەڵا ئەم ئاشتییە پێکدێت."
گفتوگۆی ئاشتی لەسەر زاری خەڵک؛ گەڕانەوەی بەمەرج یان بێ مەرج؟
لە نزیک ئەشکەوتی جاسەنە، دوو هاونیشتمانی خەڵکی شرنەخ و جزیرێی باکووری کوردستان، بۆچوونی جیاوازیان لەسەر چەکدانان هەبوو. رەشید بەنزر، کە کوڕ و برایەکی لە شەڕدا لەدەستداوە، بە یەقینەوە دەیگوت: "شەڕ بەسە. ئێمە ئاشتی و ئارامیمان دەوێت. کەس بە شەڕ نەگەیشتووەتە ئامانج. با هیچیان لە چیاکان نەمێننەوە."
بەڵام سەبری محەممەد، کە ئەویش برایەکی شەهید بووە، رایەکی جیاوازی هەبوو. سەبری دەیگوت: "من لەگەڵ ئەوە نیم گەریلاکان هەموو چەک دابنێن، با هەندێکیان بمێننەوە، چونکە بەمە گەلی کورد دەکەوێتە مەترسییەوە."
ئەمە ئەو خاڵە ناکۆکەیە کە تاوەکو ئێستاش لەنێو کورددا جێگەی مشتومڕە؛ ئایا پەکەکە دەبێت بەتەواوی چەک دابنێت، یان وەک هێزێکی پارێزەر لە چیاکان بمێنێتەوە؟
لە رێگەی تەلەفۆنەوە، حوریەتی خێزانی رەشید لە شرنەخەوە پەیامێکی روونی هەبوو کە دەنگی زۆرێک لە دایکان بوو: "ئێمەش ئەوەمان دەوێ. نامانەوێ چیتر کەس بکوژرێت. دڵی ئێمە سووتاوە، با چیتر دڵی کەسی دیکە نەسووتێت. بەخوا ئەوانیش (سەربازە تورکەکان) گوناهن."
لەو نێوەندەدا، دایک و باوکێکی بەتەمەنی خەڵکی سلێمانی بەدوای کوڕە تاقانەکەیاندا، بەهزاد، دەگەڕان کە 28 ساڵە چووەتە ریزەکانی پەکەکە. دایکی بەهزاد کە بە گوتەی خۆی "دونیای بۆ گەڕاوە"، هیواخواز بوو کوڕەکەی لەنێو ئەو گەریلایانەدا بێت کە چەکیان داناوە. باوکیشی دەیگوت: "من باوەڕم بە شەڕ نییە،" و بە گریانەوە دایکی بەهزاد گوتی: "تەنیا ئەو منداڵەم هەیە. ئەگەر دڵی بۆ من لێبدات، دەبایە بگەڕێتەوە."
چیای گارە؛ گەریلاکان چۆن لە پەیامی ئۆجەلان تێدەگەن؟
بۆ تێگەیشتن لە بۆچوونی راستەقینەی گەریلاکان، روومانکردە چیای گارە، کە دوای قەندیل، دووەم ناوچەی ستراتیژیی پەکەکەیە. رێگەی سەختی چیاکە خۆی پەیامێک بوو کە ئەوانەی لێرە چەکیان هەڵگرتووە، وا بە ئاسانی دەستبەرداری نابن.
فوئاد، گەریلایەکی گەنجی 22 ساڵە کە لە تەمەنی 10 ساڵییەوە لە چیایە، بە روونی گوتی: "ئاشتیش دروست بێت، هەڤاڵان نیەتی گەڕانەوەیان نییە. دەرگاشیان بۆ بکەیتەوە، ناگەڕێنەوە. ئەوانەی حەزیان بەم چیایانەیە ناگەڕێنەوە."
لە قووڵایی چیای گارە و لە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانیاندا، لەگەڵ ژمارەیەک گەریلای دیکەدا دانیشتین. ئەوان باسیان لەوە کرد کە گوێڕایەڵی بڕیاری سەرکردایەتییەکەیانن، بەڵام خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان هەیە.
یەکێک لە گەریلاکان گوتی: "راستە سەرۆک دەڵێت چەک دابنێن، بەڵام دەڵێت ئێوە ناهەقییەکان هەڵبگرن، ئینجا چەکەکان دادەندرێن. ئێمە دەزانین سەرۆک چۆن پێمان دەڵێت چەک دابنێن. کاتێک کەسێک بە تەواوی بناسیت، لێی تێدەگەیت تەنانەت ئەگەر چاوێکیش دابخات."
ئەوان سێ مەرجی سەرەکییان بۆ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی یەکجارەکی خستەڕوو:
1. ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
2. دانپێدانان بە ناسنامە و مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا.
3. دڵنیایی لەوەی کە دوای گەڕانەوە، زیندانی ناکرێن.
یەکێکیان پرسیارێکی ئاراستەی تورکیا کرد: "تیڤییان کردووەتەوە، کەچی هێشتا پێمان دەڵێن تیرۆریست. دەوڵەت چی بکات تاوەکو ئێمە باوەڕ بکەین؟"
کۆتایی یان سەرەتایەکی نوێ؟
ئەوەی لە ئەشکەوتی جاسەنە روویدا، هەنگاوێکی سیمبولیی گەورە و سەرەتایەکی گرنگ بوو، بەڵام وەک لە چیای گارەوە دەرکەوت، رێگەی ئاشتی هێشتا درێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوە. چەکدانان لە جاسەنە تیشکێکی خستە سەر تاریکیی شەڕ، بەڵام رووناککردنەوەی تەواوی رێگەکە پێویستی بە هەنگاوی گەورەترە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.
ئەمە کۆتایی پرۆسەی ئاشتی نییە؛ بەڵکو سەرەتای چیرۆکێکە کە هێشتا ماویەتی باسی کۆتاییەکەی بکرێت.
بهشی بكه لە