هێشتا ماویەتی: پارتی لە بەغدا، کشانەوە یان گەڕانەوەیەکی بەهێز؟

هێشتا ماویەتی: پارتی لە بەغدا، کشانەوە یان گەڕانەوەیەکی بەهێز؟

هێشتا ماویەتی: پارتی لە بەغدا، کشانەوە یان گەڕانەوەیەکی بەهێز؟

هێڤیدار ئەحمەد

بەرەو بەغدا دەچین، ئەو شارەی ئێستا گۆڕەپانێکی نوێی ململانێی سیاسییە و نەوەیەکی نوێی سیاسی تێیدا باڵادەستن. هەندێک بڕیار و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستانی ناچار کرد بۆ قۆناخێک پایتەختی عێراق جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە هەولێر. بەڵام ئێمە بۆ تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە، رێگەی بەغدا دەگرینەبەر، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین چی لەسەر پارتی دەگوترێت.

هەولێرمان جێهێشت؛ ئەو شارەی تووڕەییەکەی بەرامبەر بەغدا بەڕوونی پێوە دیار بوو؛ بەغدایەک کە وەک هاوبەشێک مامەڵە لەگەڵ هەولێر ناکات و لە کاتی بڕیارداندا پەراوێزی دەخات. گەشتەکەمان بۆ بەغدا، تەنیا بڕینی رێگەی نێوان دوو پایتەخت نەبوو. لە هەولێر، چەمکەکانی شەراکەت، دەستوور و مافە دەستوورییەکانی کورد چەقی باسەکانن، بەڵام لە بەغدا، گفتوگۆ لەسەر هاوپەیمانی و توانای تێپەڕاندنی بڕیارەکانە.

لەسەر رێگە، لە چیای حەمرین لە سنووری پارێزگای دیالە، هەست بە سنوورێکی جوگرافی دەکەیت کە لای کورد واتایەکی مێژوویی هەیە، بەڵام بەغدا بە زمانی کۆنترۆڵ و هێز مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

لە دەروازەی شەعبەوە دەچینە نێو بەغدا. لێرە، سیاسەت ئەوە نییە کە بە ئاشکرا دەبینرێت، بەڵکو لە پشتی دیوارە بەرزەکانەوە، لەو ژوورانەدا بڕیاری لێدەدرێت کە تەنیا خاوەن هێز و هاوپەیمانەکان دەتوانن پێی بگەن.

پێش ئەوەی چاوم بە هەر هێزێکی سیاسی لە بەغدا بکەوێت، راستەوخۆ دەچمە گەڕەکی قادسیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق. پرسیارەکە روونە: ئامادەنەبوونی پارتی لە بەغدا چ واتایەک دەگەیەنێت و یەکێتی چۆن بەبێ پارتی لەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا کار دەکات؟

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەوە ناشارێتەوە کە هاوپەیمانەکانی حیزبەکەی لە بەغدا بەهێز و کاریگەرن و داوا لە پارتی دەکات، تێڕوانینی خۆی بۆ بەغدا بگۆڕێت و لانی کەم وەک یەکێتی بیر بکاتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی کێشەکان، دەمانەوێت بزانین گرێی سەرەکیی کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چییە و کەی دەستی پێکرد؟ بۆ وەرگرتنی وەڵام، روو دەکەینە ناوچەی جادرییەی قەڵغانکراو بە هێزی ئەمنی، بۆ بینینی دکتۆر ئیبراهیم بەحرولعلوم، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق و کەسایەتیی نزیک لە کورد.

دکتۆر ئیبراهیم بەحرولعلوم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "رۆڵی پارتی و بەتایبەتیش سەرۆک مەسعود بارزانی، هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەری کێشەکانی عێراق." ئەو دەڵێت: "ئەگەر لە تەنگژەیەکدا بووینایە، روومان لە سەرۆک بارزانی دەکرد، چونکە ئەو چەترێکی باوکانە و بەشێک بوو لە چارەسەر."

بە بڕوای بەحرولعلوم، ئەم پرۆسەیە تاوەکو ساڵی 2007 بە سەرکەوتوویی بەردەوام بوو، کاتێک دەستوور نووسرایەوە و سیستمە نوێیەکە دامەزرا. بەڵام کێشەکان لە کاتی جێبەجێکردنی دەستووردا سەریان هەڵدا، بەتایبەتی لە پرسی یاسای نەوت و گازدا. ئەو دەڵێت: "پێویستییەک هەبوو بۆ وەبەرهێنان لە سامانە سرووشتییەکانی کوردستان، بەڵام لە هەردوو لاوە ئامرازەکانی دۆزینەوەی چارەسەر بەردەست نەبوون. کێشەکە ئاڵۆز بوو و تاوەکو ئەمڕۆش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە."

کاتێک پرسیاری لێ دەکەم، ئایا پێویستە پارتی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بەغدا بگونجێنێت، دکتۆر ئیبراهیم دەڵێت: "هەرچەندە لە بەغدا نزیک بیتەوە، کێشەکانت کەمتر دەبنەوە. کشانەوە چارەسەر نییە، بەڵکو ئاڵۆزییە. چارەسەر لە پەیوەندیکردندایە." ئەو رەخنە لە ئامادەنەبوونی پارتی لە بەغدا دەگرێت و پێی وایە ئەگەر پارتی چارەسەری دەوێت، نابێت لە پایتەختێکدا ئامادە نەبێت کە هەمووان تێیدا خۆیان بەهێز دەکەن.

سەبارەت بە جیاوازیی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا، بەحرولعلوم بەڕاشکاوی دەڵێت: "من وای دەبینم یەکێتی کراوەترە بەرامبەر چینەکانی کۆمەڵگە و ناوەندە سیاسییەکان. تێگەیشتنی من وایە کە یەکێتی پێی وایە چارەسەر لە بەغدایە."

لە بەغدا، زۆر لایەن داوایان لە پارتی کردووە بەهێزەوە بگەڕێتەوە. پارتیش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان. سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، هەمیشە بە هێمنی گۆڕانکاریی گەورەیان دروست کردووە و رەنگە دەرگایەکی نوێ بۆ قۆناخێکی کاریگەری پارتی لە بەغدا بکەنەوە.

بەرپرسێکی باڵای کورد پێی گوتم: "ئێمە هەرگیز هەموو عێراقمان نەویستووە، تەنیا دەمانەوێت هاوبەش بین، بەڵام ئەوان قبووڵی ناکەن. بەغدا هەموو عێراقی دەوێت، ئێمەش ئەوە رەتدەکەینەوە."

بۆ ئەوەی لە بۆچوونی ماڵی شیعە تێبگەین، روومان کردە رەوتی حیکمە، کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی شیعە و پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ پارتی هەیە. دکتۆر محەممەد حوسام حوسێنی، سەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمە، بە راشکاوی گوتی: "هەبوونی پارتی لە هەر هاوکێشەیەکی سیاسیی داهاتوودا، هێز و سەقامگیری بەو هاوکێشەیە دەبەخشێت. پێویستە نەرمی لە هەموو لایەنەکانەوە هەبێت، پارتیش دەبێت نەرمیی زیاتر بنوێنێت."

ئەو جەختی لەوەش کردەوە کە "زۆربەی هێزە سیاسییەکان دەڵێن رەنگە پارتی نەرمیی زۆری نەبێت، بەڵام پابەندبوونیان هەیە. ئەمە خاڵێکی بەهێزی پارتییە و تەنانەت نەیارەکانیش رێز لەم خاڵە دەگرن."

حوسێنی، ئاماژەی بە دوو مەترسیی گەورە کرد کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە: یەکەمیان، ئاڵنگاریی دارایی کە پەیوەستە بە دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە و دووەم، مەترسیی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەهۆی هەڵوێستی هەندێک لایەنی سیاسییەوە.

لە بەغداوە گەڕاینەوە هەولێر و راستەوخۆ چووینە شوێنی بڕیاری پارتی. بڕیاری کشانەوەی تیمی پەرلەمانی و حکومیی پارتی لە بەغدا، پرسیاری زۆری دروست کردووە. لە بەغدا دەگوترێت، پارتی لە گفتوگۆکانیدا تووندە و دەبێت خۆی لەگەڵ واقیعی نوێی بەغدا بگونجێنێت.

بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە، روومان کردە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی. سەرکردەیەکی شیعە لە بەغدا پێی گوتم: "ئەوەی دەیەوێت لە بەغدا حوکم بکات، دەبێت لە بەغدا بمێنێتەوە."

لە سیاسەتدا، بایکۆتکردن هەمیشە هەڵوێستێکی هەمیشەیی نییە، بەڵکو رەنگە سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ دانوستاندن. لە بەغدا، هەموو شتێک باجی خۆی هەیە، تەنانەت گەڕانەوەش. ئەم چیرۆکە هێشتا ماویەتی.