لە بەغداوە بۆ پیرمام؛ ململانێی تووندی ماڵی شیعە و مەرجەکانی کورد بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو

لە بەغداوە بۆ پیرمام؛ ململانێی تووندی ماڵی شیعە و مەرجەکانی کورد بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو

لە بەغدا، لە پشت دەرگا داخراوەکان و لەنێو کۆشکە سیاسییەکاندا، پرسیاری یەکلاکەرەوە ئەوە نییە کێ زۆرترین دەنگی لە سندووقەکان بەدەستهێناوە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە: "کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران؟"، بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی رووداو و زانیارییە تایبەتەکان، دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بەندە بە رێککەوتنێکی ئاڵۆزی نێوان جەمسەرەکانی ماڵی شیعە و دواتر رازیکردنی کورد و سوننە.

بێ ئومێدیی شەقام و گەڕان بەدوای جێگرەوە

لە شەقامی موتەنەبی، کە وەک دڵی رۆشنبیریی بەغدا دەناسرا، هاووڵاتییان و چاودێران تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ دۆخەکە هەیە، بەشێک لە رۆشنبیران پێیان وایە سیستمی سیاسیی ئێستا بەجۆرێک داڕێژراوە کە رێگە بە دەرکەوتنی جێگرەوەیەکی راستەقینە نادات و زۆرجار ئەو کەسەی پۆستەکە وەردەگرێت، ئەگەر خاوەنی هێز و کوتلەی جەماوەری نەبێت، دەبێتە لاوازترین ئەڵقەی حکومڕانی، خواستی شەقام بۆ کەسایەتییەکی بەهێز، مەدەنی و پاکـە، بەڵام پێکهاتەی سیاسیی ئێستای عێراق واقیعێکی دیکەی سەپاندووە.

مالیکی، هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ لووتکە

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، وەک یاریزانێکی سەرەکی لە گۆڕەپانەکەدا دەردەکەوێتەوە، عەباس موسەوی، کەسایەتیی نزیک لە مالیکی، بۆ رووداو ئاشکرای دەکات کە ناوبراو ئامادەیی تەواوی تێدایە بۆ وەرگرتنی ئەرکی سەرۆکوەزیران ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەری رێکبکەون.
موسەوی دەڵێت "چاوەڕێی دەرچوونی دووکەڵی سپی دەکەین لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی"، بەپێی زانیارییەکان، ئێستا کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان هێڵی یەکەمـی سەرکردە شیعەکاندایە، کە دیارترینیان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانین.

بەربەستەکانی بەردەم سوودانی

سەبارەت بە شانسەکانی مانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رێگەکەی گوڵڕێژکراو نییە، لەنێو ماڵی شیعەدا تێبینی لەسەر ئەدای دارایی حکومەتەکەی هەیە، بەتایبەت پرسی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆ کە سەدان تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، موسەوی ئاماژە بەوە دەکات "ئەزموونی سوودانی بۆ زۆرینەی هێزە سیاسییەکان دڵنیاکەرەوە نەبووە"، ئەمەش وایکردووە رکابەرییەکە بۆ گەڕانەوەی کەسایەتییە دێرینەکان بەهێزتر بێت.

پیرمام، وێستگەی یەکلاکەرەوە

سەردانەکەی ئەم دواییەی نووری مالیکی بۆ لای سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام، بە خاڵێکی وەرچەرخان لە جووڵە سیاسییەکان دادەنرێت، عەباس موسەوی کە یاوەری مالیکی بووە لەو سەردانەدا، دیدارەکە بە مێژوویی و زۆر ئەرێنی وەسفدەکات و دەڵێت "مالیکی دوای کۆبوونەوەکە زۆر ئاسوودە بوو، هیچ جیاوازییەکی ریشەیی لە بۆچوونەکاندا نەبوو"،
زانیارییەکانی رووداو ئاشکرای دەکەن کە جگە لە مالیکی، سەرکردەکانی دیکەی شیعە وەک (حەمید شەتری و فاڵح فەیاز) بە شێوەی جیاجیا و دوور لە چاوی کامێراکان سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە کلیلی پێکهێنانی حکومەت بەبێ رەزامەندیی هەولێر ناگەڕێت.

هۆشیار زێباری: واژۆ لەسەر کاغەزی سپی ناکەین

لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشدارییان لە حکومەتی داهاتوو بە مەرج و بەرنامە دەبێت، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە رووداوی راگەیاند "ئێمە واژۆ بۆ هیچ کەسێک لەسەر کاغەزی سپی و بەبێ مەرج ناکەین، بەشدارییەکەمان بە حەق و حیساب و لەسەر بنەمای دەستوور دەبێت".
زێباری راشیگەیاند، ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت، دەتوانێت رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە دیاریکردنی شێوەی حکومڕانی لە بەغدا.

مەرجەکانی ئەمەریکا و پرسی سەرۆککۆمار

سەبارەت بە فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان، زێباری ئاماژەی بەوە دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیامی روونی هەیە کە دەبێت حکومەتی داهاتوو خاوەن سەروەری بێت و وەزارەتە هەستیارەکانی وەک نەوت و دارایی نەکەونە دەست ئەو لایەنانەی کە لەلایەن واشنتنەوە سزایان لەسەرە، لەسەر ئاستی پۆستەکانیش، پارتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار دەکات و بە پشکی کوردی دەزانێت، زێباری دەڵێت "سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە و ئەگەر کەسەکە بیەوێت، دەسەڵاتی زۆری هەیە"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێتی بە هاوبەشی بچنە بەغدا.

دەرەنجام

سیناریۆکان وا دەردەکەون کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاسان نابێت و کاتی دەوێت، لەنێوان ململانێی هێڵی یەکەمـی شیعەکان، مەرجەکانی کورد بۆ هاوبەشیی راستەقینە، و هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چارەنووسی کورسیی سەرۆکوەزیران لەنێوان (نەجەف، بەغدا و هەولێر)دا یەکلایی دەکرێتەوە.