لەگەڵ رەنج - عەلمانیەت

08 June 2025
لەگەڵ رەنج - عەلمانیەت
لە بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنج، گفتوگۆیەکی گەرم لەسەر عەلمانیەت لە کوردستان کرا و ئامادەبووان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. مامۆستایەکی ئاینی کە میوانێکی بەرنامەکەبوو بۆچوونیان وابوو عەلمانیەت پەیوەندی بە شارستانیەت و مێژووی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
د.ئیدریس کاریتانی مامۆستا و کەسایەتی ئیسلامی گوتی: "بێ گومان عەلمانیەت شتێکی خراپە، لەگەڵ جیهانی ئیسلامی یەکناگرێتەوە". ئەو ئەوەشی روونکردەوە کە عەلمانیەت کە لەدوای شۆڕشی فەرەنسی پەیدابووە پەیوەندی بە زانستەوە نییە و زیاتر دنیاگەراییە و مانای دابڕانە لەنێوان ئاسمان و زەویدا. کاریتانی جەختیش دەکاتەوە کە ئەوەی لە کوردستان هەیە عەلمانیەتی تەواوەتی نییە و دەڵێت: "عەلمانیەت دین دوور دەخاتەوە لە سیاسەت و حوکم".
لە بەرامبەردا، ئاوات ئەحمەد وەکو نووسەرێکی هاوبۆچوونی عەلمانیەت بەشداربوو تەواو پێچەوانەی کاریتانی بیردەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە بەدحاڵی بوونێک لەبارەی چەمکی عەلمانیەتەوە هەیە. ئەو گوتی: "عەلمانیەت سیستەم و تیۆرییەک نییە هەروەها دینێک یان ئایدۆلۆژیایەکیش نییە شوێنکەوتووی هەبێت، بەڵکو عەلمانیەت ئیشی بەدین نییە و هەر باسیشی ناکات و دین لە سیستەمی فەرمانڕەوایی کردن جیادەکاتەوە".
ئاوات ئەحمەد نموونەی ئەوە دێنێتەوە کە لە 10 سەدەی رابردوودا دینی مەسیحی وێنکاریەکی گەورەی لە ئەورووپا کردووە و زانستی دواخستووە. ئەو گوتی: "جاران بە ئێمەیان دەگوت بەپێی فەرموودە بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە، بەڵام ئێستا پێمان دەڵێن نەخێر بەهەشت لەژێر سێبەری شمشێردایە".
هیوا قادر کە لە بۆچوونەکانیدا وەک نووسەرێک تەواو پشتگیری دەسەڵاتێکی عەلمانی دەکات ئەوە دەخاتەڕوو کە عەلمانییەت فەلسەفەیەکی سیاسییە بە مانای نادینی دێت و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە دین جیادەکاتەوە. ئەو دەڵێت: "عەلمانیەت مانای بێ باوەڕی ناگەیەنێت". هیوا قادر باس لەوەش دەکات بەشی زۆری وڵاتە عەلمانییەکان لەڕووی مافی مرۆڤەوە زۆر پێشکەوتوون و هەموو ئەو وڵاتانەش کە سیستەمەکەیان ئیسلامییە لەڕووی مافی مرۆڤەوە دواکەوتوون. ئەو نموونەی یەمەن و نەرویج دێنێتەوە کە یەکەمیان خراپترینە و دووەمیان کە عەلمانییە پلەی یەکەمە لە رێزگرتن لە دینەکان و یاسا بەدەستهێناوە.
ئەبووبەکر کاروانی نووسەر و شرۆڤەکار وەکو میوانی سەرەکی بەرنامەکە لەوبڕوایەدایە کورد سێ شت پێکەوە گرێبدات قازانجی لێدەکات: کوردبوون، موسڵمان بوون و دیموکراسی بوون. کاروانی لەو بڕوایەدایە عەلمانیەتێکی میانڕەو لە کوردستاندا بوونی هەیە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کێشە سەرەکییەکانی کوردستان پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە.
کاروانی بۆچوونەکانی پێچەوانەی هیوا قادرە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوەی کاک هیوا باسی دەکات عەلمانیەت نییە، بەڵکو دیموکراسییە. ئەو گوتی: "عەلمانیەت لە واقعی دنیای ئیسلامدا ئەزموون کراوە و لەڕووی عەلمانییەوە مرۆڤی کورد بریندارە، چونکە ئەزموونی کەمالیزمی هەیە هەروەها پێش ئیسلامییەکان ئەزموونی رەقی هەندێ دەسەڵاتی عەلمانی عەلمانیەتی شێواندووە".
کاروانی بە دەنگێکی بەرزتر قسەکانی دەکات دەڵێت: "ئێستا پێویستمان نە بە دەوڵەتی عەلمانییە نە ئیسلامی، چونکە دەوڵەتی عەلمانی و ئیسلامیش لەم ناوچەیە شکستی خۆیان راگەیاندووە. دەبێت لە نیشتمانپەروەری و دیموکراسییەوە دەستپێبکەین و دەستوورێک پێکەوە بنووسینەوە و هەموومان قبووڵی دیموکراسیمان بێت".
د.ئیدریس کاریتانی رای وایە عەلمانیەت پەیوەندی بە شارستانیەت و مێژووی هەرێمی کوردستانەوە نییە و بەهۆی سۆشیال میدیاشەوە فەوزایەک بۆ پێناسەی عەلمانیەت دروست بووە. ئەو جەخت لەسەر جیاوازی زۆر گەورەی نێوان ئیسلام و موسڵمانان دەکاتەوە و دەڵێت: "خەڵک کە لە وڵاتانی ئیسلامی دەڕوات پەنا بۆ شوێنی دیکە دەبات لە ترسی دیکتاتۆرەکانە". هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە رابردوودا چوارسەد هەزار جوولەکە لە وڵاتانی نائیسلامی چونەتە وڵاتی ئیسلامی و پارێزراویش بوون.