كاریگەری ژیری دەستكرد لەسەر گۆرانی و میوزیكی كوردی
ئایا هاتنی شەپۆلی ژیری دەستكرد (AI) بۆ نێو دنیای هونەری كوردی، دەبێتە هۆی ئەوەی هونەرمەندان بێكار بن؟ ئایا دەتوانێت شوێنی دەنگە نەمرەكانی وەك محەممەدی ماملێ و حەسەن زیرەك بگرێتەوە؟ ئەمانە پرسیاری سەرەكی بەرنامەكە بوون. وەڵامی بەشێك لە میوانەكان تێكەڵەیەك بوو لە ترس و گەشبینی. بەشێكیان پێیان وابوو ژیری دەستكرد "ڤایرۆسە" و مەترسییە بۆ سەر رەسەنایەتی، لەكاتێكدا پسپۆڕانی بواری تەكنەلۆژیا بە "شۆڕشێكی نوێ" ناویان برد.
لە بەرنامەكەدا زەنگی مەترسیی ژیری دەستكرد بۆ بێكاربوونی بەشێك لە هونەرمەندان لێدرا، بەڵام پسپۆڕێكی میوزیك پێی وایە مرۆڤ هەمیشە داهێنەرترە و دەڵێت: "ژیریی دەستكرد لاساییكەرەوەیە و داتای باشی لەسەر هونەری كوردی لەبەردەست نییە".
لەپێشەكی بەرنامەكەدا راپۆرتێكی مەیدانی پیشاندرا كە بۆچوونی بەشێك لە هونەرمەندانی لەسەر مژارەكە خستەڕوو.
ئایا ژیری دەستكرد ڤایرۆسە یان هاوكارە؟
ترس لە تەكنەلۆژیاكە بەشێكی دیاری گفتوگۆی هونەرمەندان بوو. میدیا حوسێن، هونەرمەندی دیار بە راشكاوی ترس و نیگەرانی خۆی دەربڕی و بە "كارەسات" وەسفی كرد. ئەو دەڵێت: "لە ژیری دەستكرد زۆر دەترسم و وەكو ڤایرۆس هاتووەتە نێو مرۆڤایەتی". بە بڕوای میدیا حوسێن، ئەم تەكنەلۆژیایە ئازایەتی لای هونەرمەند ناهێڵێت و ناتوانێت جێگەی كەڵە هونەرمەندەكان بگرێتەوە.
هاوكات مەحموود محەممەد، هونەرمەندی دیاری میللی، نیگەرانییەكی قوڵتری هەبوو سەبارەت بە "مردنی دەنگ" و دەڵێت: "لە ژیری دەستكرد دەترسم و لێی نیگەرانم، چونكە دەنگی من لەنێو خەڵك دەمرێنێت". ئەو پێی وایە ژیری دەستكرد هەرگیز فریای گۆرانییە هەڵپەڕكێیەكانی ئەو ناكەوێت و پێیشی ناخۆشە دەنگی بەو تەكنەلۆژیایە بەكاربهێنرێت.
نەبوونی هەست و سۆز؛ خاڵی لاوازی تەكنەلۆژیا
خاڵی هاوبەشی زۆربەی هونەرمەندە بەشداربووەكان ئەوەبوو كە "رۆح و هەست" لەم ئامێرەدا بوونی نییە. نوری گەرمیانی، هونەرمەندی ناسراو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەگەرچی كاری جوان بە ژیری دەستكرد كراوە، بەڵام هەرگیز نابێتە رەسەن. ئەو دەڵێت: "لە ژیری دەستكرد هەرگیز نابێتە نوری گەرمیانی، لە هەستەكاندا ژیری دەستكرد ناتوانێت كاری جوان بكات".
هەمان بۆچوون لەلایەن ئەیوب عەلی و ئاگرین دڵشادەوە دووپاتكرایەوە. ئاگرین دڵشاد دەڵێت: "ئێمە كۆمەڵگەیەكین سۆزداریمان زۆر بەهێزە، ئەگەر دەنگمان بكرێتە ژیریی دەستكرد ئیتر خەڵك ئێمەی بۆ چییە؟". ئەیوب عەلی-ش جەختی كردەوە كە ئەو پشت بە ژیری دەستكرد نابەستێت، چونكە "هیچ هەستێكی تێدا نییە" و ئەو دەخوازێت كارێك بكات راستەوخۆ بگاتە دڵی خەڵك.
كێژان ئیبراهیم خەیاتیش، كە لە دیاسپۆرا دەژی، وێڕای داننان بەوەی ژیری دەستكرد تەشەنەی كردووە، بەڵام پێی وایە "شوێنپێی هونەرمەندان كاڵ ناكاتەوە چونكە هونەری ژیری دەستكرد هەستی تێدا نییە".
كێشەی یاسایی و كۆپی رایت
عەزیزی وەیسی، یەكێكی دیكە بوو لەو هونەرمەندانەی گلەیی لە زیانەكانی ئەم تەكنەلۆژیایە هەبوو، بەتایبەت لە رووی ئاواز و دەنگەوە. ئەو دەڵێت: "ژیری دەستكرد ناتوانێت وەك من گۆرانی بڵێتەوە و ئاوازەكانی دەنگم دەربكات، بەڵام زیانی لە كارەكانم داوە".
عەزیزی وەیسی پەنجەی بۆ كێشەیەكی یاسایی گرنگ برد لە هەرێمی كوردستان كە نەبوونی یاسای پاراستنی مافی بەرهەمە، ئەو گوتی: "لە كوردستان كێشەكە ئەوەیە كۆپی رایت (Copyright) نییە، ئەگینا ژیری دەستكرد ناتوانێت جێگەی دەنگی هونەرمەندانی كورد بگرێتەوە".
مرۆڤ داهێنەرە و ئامێر لاساییكەرەوەیە
لە بەرامبەر ترسەكاندا، د.گۆران كامیل، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری میوزیك، لە رووی زانستییەوە بابەتەكەی شیكردەوە. ئەو پێی وایە نابێت هێندە لە ژیری دەستكرد بترسین، چونكە لە كۆتاییدا "مرۆڤ داهێنەرترە".
د.گۆران روونیكردەوە: "ژیریی دەستكرد لاساییكەرەوەیە و داتای باشی لەسەر هونەری كوردی لە بەردەست نییە". ئەو پێشنیازی كرد كە لەجیاتی ترس، دەبێت ژیریی دەستكرد بە داتای كوردی دەوڵەمەند بكەین.
ئەم بۆچوونە لەلایەن ئەنوەر قەرەداخی-شەوە پشتگیری كرا، كە پێی وابوو دەكرێت لایەنە ئەرێنییەكە ببینین و گوتی "دەكرێت ژیری دەستكرد هونەری كوردی پێش بخات، بەڵام نابێت بە حەسەن سیساوەیی و عەلی مەردان".
سەرەتای شۆڕشێكی نوێ
لەكاتێكدا هونەرمەندان نیگەران بوون، شارەزایانی تەكنەلۆژیا وەك دەروازەیەكی نوێ سەیری دەكەن. د.ئارام مەحموود، پسپۆڕی ژیری دەستكرد ئاماژەی بەوەدا كە ئەوانەی رەخنە دەگرن بەشێكیان "لە كارەكانیان دەترسن".
د.ئارام گوتی: "ژیری دەستكرد شۆڕشە و ئێمە لە سەرەتای شۆڕشەكەداین، رەنگە لە گوتنەوەی وانەدا لە من باشتر بێت، بەڵام ناتوانێت لە هەموو بابەتێك داهێنان بكات".
بەهمەن فەرەجی، ژەنیار و شارەزای ژیری دەستكردیش رێگەچارەی بۆ هونەرمەندان خستەڕوو، ئەو دەڵێت: "بە زیادكردنی بەرهەمی رەسەنی خۆمان دەتوانین ژیریی دەستكرد لاواز بكەین". دارڤین ئاكرەییش كە خوێندكاری ماستەرە لە بواری میوزیك جەختی كردەوە كە "ژیریی دەستكرد دەتوانێت داهێنان بكات" و دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت.
میوانە سەرەكییەكانی ئەم بەرنامەیە پێكهاتبوون لە:
- د.گۆران كامیل، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری میوزیك
- بەهمەن فەرەجی، ژەنیار و شارەزای بواری ژیری دەستكرد
- ئەیوب عەلی، هونەرمەند
- ئاگرین دڵشاد، هونەرمەند
- د.ئارام مەحموود، پسپۆڕی ژیری دەستكرد