گرفتەكانی هەولێر ‌و بەغدا لەسەر مووچە ‌و بودجە

01 June 2025
گرفتەكانی هەولێر ‌و بەغدا لەسەر مووچە ‌و بودجە
گرفتەكانی هەولێر ‌و بەغدا لەسەر مووچە ‌و بودجە


پارە بۆ مووچە لە بەغداوە دێت؟
لە دەستپێكی دیدارەكەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی‌و ئابووری ‏هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد هێشتا كاتێك بۆ ناردنی مووچەی مانگی ‏پێنجی 2025 دیاری نەكراوە، بەڵام ئومێدیان بەوە هەبوو ئەم كێشەیە بۆ ‏مووچەی فەرمانبەران دروست بووە بە رێگای گفتوگۆ چارەسەر بكرێت ئەو ‏گوتیشی "تاوەكو ئێستا هیچ ئاماژەیەك بە وەزارەتی داراییی عێراق نەدراوە ‏بۆ ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان". هەروەها جەختی لەسەر ئەوە ‏كردەوە هەركاتێك پارە بۆ مووچە بنێردرێت ئەوا ئەوان بە ماوەی 24 كاژێر ‏دەست بە دابەشكردنی دەكەن.‏
یەكێك لە گرنگترین خاڵەكان كە ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی پێكررد ئەوەیە ‏كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان ‏كراوە، ئەو گوتی "ئەگەر مووچە لە كێشە سیاسییەكان جیابكرێتەوە، ‏كێشەكان بە ئاسانی چارەسەر دەبن".‏


بۆ ئەمساڵ چەند پارە بۆ مووچە هاتووە؟
لە بارەی دۆخی داراییی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب جەختی ‏لەوە كردەوە هەموو داهاتەكانیان بەشەفافی بۆ بەغدا ناردووە و هیچیان ‏نەشاردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو پابەندییەكانی ‏دادگەی فیدراڵیشیان جێبەجێكردووە.‏
سەرەڕای ئەمانەش، ئاوات شێخ جەناب ئەوەی روونكردەوە كە حكومەتی عێراق ‏بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پشكی بۆ دیاری ناكات و بە ‏رای ئەو عێراق نایەوێت هەرێمی كوردستان پێش بكەوێت. ئەو گوتی ‏‏"حكومەتی عێراق زۆر ستەمكارانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ‏دەكات".‏
وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد بەغدا ئەمساڵ 4 تریلیۆن ‏دیناری بۆ مووچە بۆ هەولێر ناردووە ‌و نزیكەی 9تریلیۆن ماوە بینێرێت ‏جگەلەوە لە 500 ملیار دیناری بودجەی فریاكەوتن هیچی بۆ هەرێمی ‏كوردستان نەناردوە ئەو گوتیشی "عێراق بۆ دانەوەی قەرزەكانی لە پشكی ‏هەرێمی كوردستان دەبڕێت، بەڵام كە قەرز وەردەگرێت هیچی بۆ هەرێمی ‏كوردستان نییە".‏


بە پارەی نەوت ‌و ناوخۆ دەتوانین مووچە دابین بكەین
یەكێك لە گرنگترین بابەتەكان كە ئاوات شێخ جەناب باسی كرد كێشەی ‏نەوت و گرێبەستە نەوتییەكانە. ئەو ئاماژەی بەوە كردووە كە گرێبەستە ‏نەوتییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان نایاسایی نین بەغداش بڕوای ‏بەوە هێناوە كە گرێبەستەكان تەواو یاساین ئەو گوتیشی "سەرباری زانینی ‏هەموو ئەوە راستیانە هێشتا بەغدا داوای رادەستكردنی تەواوی نەوتی لە ‏هەرێمی كوردستان دەكات".‏
وەزیری دارایی ‌و ئابووری هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە هەرێمی ‏كوردستان ئامادەیە نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات، بەڵام ‏عێراق كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆ دروست دەكات. ئەو ‏گوتیشی "قسە لەسەر گرێبەستەكانی ئەم دوایەی هەرێمی كوردستان ‌و ‏واشتن دەكرێت گوایە ئەوە هۆكارێكی كێشەكانە، بەڵام دەبێت بەغدا ئەوە ‏بزانێ‌ گرێبەستە نەوتییەكانی هەولێر و واشنتن، عێراقیش لەكۆمەڵێك كێشە ‏رزگار دەكات".‏
سەرەڕای ئەم گرفتانە، ئاوات شێخ جەناب گەشبینە بەوەی دەتوانن بە هەردوو ‏داهاتی ناوخۆ ‌و نەوت مووچەی خەڵكی دابین بكەن  ئەو گوتی "ئەگەر ‏بەباشی خۆمان كۆبكینەوە دەتوانین بە پارەی نەوت ‌و ناوخۆ مووچە دابین ‏بكەین، ئەزموونی پێشترمان هەیە 21مانگ بە داهاتی نەوتی و نانەوتی ‏مووچەیان دابینكرد".‏


كەسێك 67مووچەی هەبووە
لە بارەی كێشەكانی كارگێڕییەوە، ئاوات شێخ جەناب روونكردنەوەیەكی ورد ‏پێشكەشكردووە. ئەو ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ساڵێكدا نزیكەی پێنج ‏هەزار كەس خانەنشین دەبن و ئەو گوتیشی "ئەوش گرفتێك بوو ئێمە كە سێ‌ ‏تەمەنی جیاواز بەسەر یەكەوە خانەنشین بوون بەغدا ئەوەی سەپاند كە ‏بەیەكەوە لەسەرەتای ئەمساڵ خانەنشین ببن".‏
بۆ چارەسەركردنی ئە‌و كێشەیەی خانەنشینان، وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پلانی جێگرەوەیان هەیە ئەمەش لەپێناوی بەزوویی رایكردنی ‏مامەڵەكان ئەو گوتی "سەرباری شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ ‏بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی دەوامی فەرمانبەرانی خانەنشینیشمان ‏زیادكردووە. هەر بەو هۆیەوە تاوەكو ئێستا مامەڵەی خانەنشینی  نزیكەی ‏‏10هەزار كەس تەواو بووە و چاوەڕوان دەكرێت لە دوو مانگدا مامەڵەی ‏سەرجەم خانەنشین تەواو بكرێت، كە بە خانەنشینەكانی ئەمساڵەوە ‏ژمارەكە بۆ سەروو 30هەزار كەس زیادی كردوە".‏
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەش كرد لە پرسی خانەنشینی ‌و مووچەدا ‏گەندەڵی سەیر لە عێراقدا هەیە ئەو گوتی "لە عێراق یەك كەس هەبووە 67 ‏مووچەی هەبووە، كە ئەمەش نیشانی هەبوونی گەندەڵی زۆرە لە سیستەمی ‏كارگێڕیدا". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا عێراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا  ‏دوو ملیۆن كەسی دامەزراندووە كەهیچ بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە.‏


چەند كەس لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار كراوە
تەوەرێكی دیكە كە وەزیری دارایی باسی لێوە كرد پرۆژەی "هەژماری من"ە. ‏ئەو روونیكردەوە كە تاوەكوئێستا 800 هەزار كەس لە پڕۆژەی "هەژماری ‏من" تۆماركراون و  تاوەكوئێستا 400 هەزار كەس لە ڕێگەی "هەژماری ‏من"ـەوە مووچە وەردەگرن.‏
ئاوات شێخ جەناب ئەوەش روودەكاتەوە پرۆژەی (هەژماری من) لەگەڵ ‏‏"تەوتین" لە جەوهەردا یەكن ‌و گوتیشی "ئەم ساڵ هەموو مووچەخۆران لە ‏‏"هەژماری من" تۆمار دەكرێن. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ‏شەفافتر كردنی سیستەمی مووچە و كەمكردنەوەی گەندەڵی".‏

دامەزراندنی سی یەكەمەكان ‌و پزیشكان
لە بارەی سیستەمی بانكییەوە، ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوە كردووە كە ‏ناوبانگی بانكی رەشید و رافیدەین باش نییە. هەروەها باسی لەوەش كرد ‏‏"بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە پارەی بەڵێندەرانی بڕاوە، بەڵام بە هەر ‏جۆرێك بێت توانیومانە بەشێكی پارەی بەڵێندەران بدەینەوە".‏
لە بابەتی دامەزراندنیشەوە، ئاوات شێخ جەناب ئەوەی خستەڕوو كە داوایان لە ‏عێراق كردووە سێ یەكەمەكانی زانكۆ دابمەزرێنن، بەڵام عێراق داوای ئەوانی ‏بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكان رەتكردووەتەوە. هەروەها داوایان لە عێراق ‏كردووە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی، بەڵام عێراق ‏دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیش رەتكردووەتەوە.‏
سەرەڕای ئەمانەش، دوو خولی دەرچووانی سێ یەكەمەكانی زانكۆیان ‏دامەزراندووە، بەڵام عێراق دامەزراندن، پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی لە ‏ئەوان راگرتووە.‏

پارێزگاری دهۆك زۆرترین داهاتی هەیە
هەرلەم بەرنامەیەدا ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بە چەندین كێشەی تایبەتی ‏كرد لەوانە كێشەی میلاكات لە پارێزگای هەڵەبجە هەیە بۆچارەسەركردنیشی ‏هەوڵی زۆریان داوە، سەبارەت بەوەش كە لە بەشێك لە بازگەكانی هەرێمی ‏كوردستان بە نایاسایی پارە وەرگیرێ‌ ئەو روونیكردەوە كە ئەوە پەیوەندیی ‏بە ئەوانەوە نییە. لەبارەی ئەوەش چ خاڵێكی سنووری داهاتی زۆرە گوتی ‏‏"بەو پێیەی خاڵی سنووری گومرگی ئبیراهیم خەلیل لە دهۆكە پارێزگای ‏دهۆك زۆرترین داهاتی نێوخۆی هەیە".‏
لە بارەی چاكسازیشەوە، روونیكردەوە كە لەم كابینەیە كاریان بۆ چاكسازی ‏لە خەرجیدا كردووە گوتیشی "بۆ تەواوی مووچەی ساڵێك 13ترلیۆن ‏دینارمان پێویستە مانگانە تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار دەكات".‏

پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا
یەكێك لە گرنگترین بابەتەكان كە ئاوات شێخ جەناب خستیەڕوو  ‏پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە. ئەو ئاماژەی بەوە كردووە كە لە ‏هەرێمی كوردستان و عێراق یش كێشەی گەندەڵی هەیە و هیچ كاتێكیش ‏هێندەی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق ستەم لە خەڵكی كوردستان نەكراوە.‏
ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە 90%ـی داواكارییەكانی بەغدایان ‏جێبەجێكردووە، ئەو گوتیشی "بۆیە ناڵێم 100% چونكە شتی ئامار ‌و ‏ژمارە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، دەبێت ئەوەش روون بێت، بەشێك لە ‏داواكارییەكانی بەغدا نایاسایین و بەغدا پابەندی رێككەوتنەكان نابێت". ‏
لە بارەی هاوكارییە فەرمیەكانیشەوە، وەك وەزیری دارایی باسی كرد ‏وەزارەتی داراییی عێراق زانیارییان پێنادات و وەڵامی بەشێكی ‏نووسراوەكانیان ناداتەوە. لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەی لە بەرنامەكەدا باس ‏كرا ئاوات شێخ جەناب هێشتا ئومێدی بەوە هەیە كە كێشەكان چارەسەر ‏بكرێن ئەو گوتیشی "هیچیم نییە بەرامبەر میللەتەكەم بیشارمەوە".‏