هەنارەكەی هەڵەبجە، گەنجینەیەكی ونبوو لە نێوان باخ ‏و بازاڕدا

19 October 2025
هەنارەكەی هەڵەبجە، گەنجینەیەكی ونبوو لە نێوان باخ ‏و بازاڕدا
هەنارەكەی هەڵەبجە، گەنجینەیەكی ونبوو لە نێوان باخ ‏و بازاڕدا

ئایا هەناری هەڵەبجە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ هەرێمی ‏كوردستان؟


كورتەیەك لە بەرنامەكە


هەناری هەڵەبجە، كە بە یەكێك لە باشترین جۆرەكانی هەنار لەسەر ئاستی ‏جیهان دادەنرێت، خاوەنی ناوبانگێكی گەورەیە، بەڵام پرسیاری سەرەكی ‏ئەوەیە، ئایا ئەم بەرهەمە ستراتیژییە توانیویەتی بازاڕی شایستەی خۆی لە ‏ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە و ببێتە سەرچاوەیەكی ‏گرنگی داهات؟ وەڵامی میوانە سەرەكییەكانی ئەم بەرنامەیە ئاماژە بە بوونی ‏پێشكەوتنێكی گەورە و لەهەمان كاتدا ئاستەنگی زۆر دەكەن‎.‎
فەرەیدوون نامدار، وەبەرهێنەر و بازرگانی كشتوكاڵی، ئاشكرای دەكات كە ‏خواستێكی گەورە لەسەر هەناری هەڵەبجە لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە و دەڵێت ‏‏"ئیسپانیا و بەریتانیا دەیانەوێت هەناری هەڵەبجەیان بۆ هەناردە بكەین." ‏بە بڕوای ئەو، دەتوانرێت رۆژانە 20 تۆن هەنار هەناردە بكرێت، بەڵام ‏پرۆسەكە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی پێویستی حكومەت و ژێرخانی ‏گونجاوەوە خاو بووەتەوە. ئەو پێشنیازی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكی ‏كشتوكاڵی دەكات لە سنووری هەڵەبجە ئەمەش وەك چارەسەرێكی بنەڕەتی‎.‎
لەلایەكی دیكەوە، د. سدیق عەزیز، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی ‏سلێمانی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كەشوهەوا و خاكی كوردستان، ‏بەتایبەت ناوچەی شارەزوور، بۆ بەرهەمهێنانی هەنار "بێ هاوتایە". بەڵام ‏بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمێكی كوالێتی بەرز كە شایستەی بازاڕەكانی جیهان ‏بێت، پێویستە جووتیاران و باخەوانان پەنا بۆ رێگای زانستی ببەن لە هەموو ‏قۆناغەكانی بەرهەمهێناندا، لە ئاودانەوە تا هەڵگرتن لە ساردخانەكاندا. ‏هاوكات، هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی وشكەساڵی و دەڵێت: "ئەگەر ‏پلانێكی تۆكمە بۆ وشكەساڵی دانەنرێت كارەسات دروست دەبێت".‏
لە بەرنامەكەدا، دەنگی جووتیار و خاوەنكارەكانیش دەبیسترێت، كە باس ‏لە باشی بەرهەمی ئەمساڵ و كێشەی بێئاوی و نەبوونی بازاڕێكی مسۆگەر بۆ ‏بەرهەمەكانیان دەكەن. ئەوان داوای هاوكاری لە حكومەت دەكەن بۆ ‏ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان و پاراستنی جۆرە ناوازەكانی هەناری ‏ناوچەكە، كە هەندێكیان لە مەترسی لەناوچووندان‎.‎

ئیسپانیا و بەریتانیا داوای هەناری هەڵەبجە دەكەن
بازاڕی ئەوروپا چاوی لەسەر هەناری هەڵەبجەیە. فەرەیدوون نامدار، ‏وەبەرهێنەر و بازرگانی كشتوكاڵی، لە دەستپێكی قسەكانیدا مژدەی ئەوەی ‏دا كە بەرهەمی ئەمساڵی هەنار لە ئاستێكی باشدایە و خواستی ‏نێودەوڵەتیشی لەسەرە ‌و گوتی"ئیسپانیا و بەریتانیا دەیانەوێت هەناری ‏هەڵەبجەیان بۆ هەناردە بكەین." ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ جووتیاران و ‏ئابووری هەرێمی كوردستان‎.‎
بەپێی قسەكانی نامدار، ئاستی ئاستی هەناردەكردن زۆر گەورەیە و ‏دەتوانرێت رۆژانە 20 تۆن هەنار رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە بكرێت. ئەو ‏دەڵێت "بە هەناردەی هەنار دەتوانین پارەیەكی زۆر بۆ كوردستان ‏بگەڕینینەوە." بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستی بە پلانێكی تۆكمە و ‏پەرۆشییەكی زیاتر هەیە. نامدار ئاماژەی بەوەش كرد كە جگە لە هەنار، ‏بەرهەمی دیكەی وەك هەنجیر و تەماتەش دەتوانرێت هەناردە بكرێن و ‏نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە "یەك تۆن هەنجیری بە 9 هەزار یۆرۆ ‏فرۆشتووە‎."‎

پرۆسەی هەناردەكردن خاو بووەتەوە
سەرەڕای بوونی ئەم دەرفەتە گەورەیە، فەرەیدوون نامدار نیگەرانی خۆی لە ‏خاوبوونەوەی پرۆسەی هەناردەكردن ناشارێتەوە. ئەو رەخنەی لە نەبوونی ‏پشتیوانی پێویست گرت و گوتی: "چاوەڕوانین حكومەت زیاتر هاوكارمان ‏بێت". بە بڕوای ئەو، كاتێك خودی سەرۆكوەزیران سەرپەرشتی پرۆسەكەی ‏دەكرد، هەناردەكردن زۆر باشتر بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئێستا پێویستە ‏پاڵپشتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ ئەم كەرتە بگەڕێتەوە‎.‎
یەكێك لە گەورەترین ئاستەنگەكان لەبەردەم هەناردەكردندا، نەبوونی ‏ژێرخانی پێویستە. نامدار جەختی لەسەر پێویستی دامەزراندنی ‏‏"فڕۆكەخانەیەكی كشتوكاڵی" كردەوە و گوتی "بە 14 ملیۆن دۆلار ‏دەتوانین فڕۆكەخانەیەكی كشتوكاڵی بونیاد بنێین." هەروەها، ئاماژەی ‏بەوەدا كە تاوەكو ئێستا كۆمپانیایەكی نیشتمانیی تایبەتمەند بۆ ‏هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بوونی نییە، ئەمەش بۆشاییەكی ‏گەورەیە كە پێویستە پڕ بكرێتەوە‎.‎


خاكەكەی بێ‌ هاوتایە ‌و دەبێت هەفتانە دووجار ئاو بدرێن ‏
بۆ ئەوەی هەناری كوردستان بتوانێت كێبڕكێی بازاڕە جیهانییەكان بكات، ‏تەنها خواست بەس نییە، بەڵكو دەبێت خاوەنی كوالێتییەكی بەرز و ‏ستاندارد بێت. د. سدیق عەزیز، مامۆستای زانكۆ، جەختی لەسەر گرنگی ‏بەكارهێنانی ڕێگای زانستی كردەوە و گوتی: "بۆ دەستكەوتنی بەرهەمێكی ‏باش دەبێت هەنگاوی دروست بنرێت".‏
بە بڕوای د. سدیق، خاكی شارەزوور بۆ باخداری "بێ هاوتایە" و لە خاكی ‏زۆرینەی وڵاتان بە پیتترە، بەڵام دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت. ئەو رێنمایی ‏جووتیارانی كرد كە لە كاتی لێكردنەوەی بەرهەمدا، كە پێویستی بە ‏شارەزایی هەیە، هەناری ساخ و شكاو تێكەڵ نەكەن. هەروەها، پێش ئەوەی ‏بەرهەمەكە لە ساردخانە هەڵبگیرێت، پێویستە پاك بكرێتەوە و بە شێوازێكی ‏زانستی هەڵبگیرێت. ئەو گوتیشی "خراپی ئاودان یەكێكە لە هۆكارەكانی ‏تێكچوونی بەرهەمەكە" و پێشنیازی كرد كە هەفتانە دووجار باخەكانی هەنار ‏ئاو بدرێن بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی قڵیشانی هەنار‎.‎

ئەگەر پلانی تۆكمە بۆ وشكەساڵی دانەنرێت، كارەسات روودەدات

یەكێك لە گەورەترین هەڕەشەكان لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی ‏كوردستان، دیاردەی وشكەساڵییە. د. سدیق عەزیز هۆشدارییەكی توندی دا ‏و دەڵێت "پێویستە پلانێكی چڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دابنرێت، ‏ئەگەرنا كارەسات دروست دەبێت". ئەم مەترسییە تەنها قسەی تیۆری ‏نییە، بەڵكو لە قسەی باخەوانەكاندا رەنگدانەوەی هەبوو‎.‎
یەكێك لە باخەوانەكان بە نیگەرانییەوە گوتی: "بێئاوی كێشەی بۆ ‏دروستكردووین، رەزەكانمان وشكبوون و لەنێوچوون." باخەوانێكی دیكەش ‏گوتی "وشكەساڵی كاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمەكانمان هەبووە." ‏ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەگەر چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كێشەی ئاو و ‏لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا نەدۆزرێتەوە، ئەوا نەك هەر هەناردەكردن، ‏بەڵكو ئاسایشی خۆراكی ناوخۆش دەكەوێتە مەترسییەوە‎.‎

‏"باشترین جۆری هەنارمان لە مەترسیدایە"‏
لە بەشێكی بەرنامەكەدا راپۆرتێكی مەیدانی پیشاندرا لەو راپۆرتەدا ‏جووتیاران و بەرهەمهێنەران، كە پاڵەوانی سەرەكیی ئەم پرۆسەیەن، ‏كۆمەڵێك نیگەرانی و داواكارییان هەبوو. جووتیارێك ئاماژەی بەوەدا كە ‏‏"هەناری ساڵەخانی لە باشترین جۆرەكانی هەنارە"، بەڵام لە هەمان كاتدا ‏جووتیارێكی دیكە هۆشداریدا كە "باشترین جۆری هەنارمان مەترسی ‏لەناوچوونی لەسەرە". ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی تۆوی ‏رەسەنی ناوچەكە دەكاتەوە‎.‎
لەلایەكی دیكەوە، خاتوونێكی خاوەنكار بەناوی هەڵاڵە كەمال كە رووبەهەنار ‏بە كوالێتییەكی بەرز بەرهەم دەهێنێت، باس لەوە دەكات كە "بە ‏زەحمەتییەكی زۆر" كارەكەی دەكات و دەڵێت "ئەگەر پاڵپشتی بكرێم، ‏رووبەهەنار هەناردەی دەرەوە دەكەم". ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە كە ‏دەرفەتی گەورە لە پیشەسازیی كشتوكاڵی و بەرهەمە لاوەكییەكانیشدا ‏هەیە. لە كۆتاییدا، داواكاری سەرەكی هەموو جووتیاران یەك شت بوو ‏‏"داواكارین حكومەت هاوكارمان بێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانمان".‏

ئەم بەرنامەیە لە شەوی 19-10-2025 پێشكەش كرا و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە‎:‎
د. سدیق عەزیز، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی‎.‎
فەرەیدوون نامدار، وەبەرهێنەر و بازرگانی كشتوكاڵی.‏