زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین پێنج مانگە مووچەیان ‏وەرنەگرتووە

18 May 2025
زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین پێنج مانگە مووچەیان ‏وەرنەگرتووە
زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین پێنج مانگە مووچەیان ‏وەرنەگرتووە
گرفتی دواكەوتنی مووچە‌و مامەڵەی خانەنشینان چارەسەر ‏دەبێت؟


كورتەیەك لە بەرنامەكە

خۆت بخەرە شوینی ژنێكی تەمەن سەروو حەفتا ساڵ، ئەو ژنە ‏نەخۆشییەكانی شەكرە ‌و فشاری خوێن ‌و فەقەرات ‌و خودە‌و چەندین  ‏نەخۆشی دیكەشی هەیە  ‌و كرێچیە نیوەی پارەی خانەنشینەكەی بۆ كڕین ‏دەرمان ‌و چارەسەری تەندروستی دەڕوات رۆژانە 16دەنك حەب بۆ ‏چارەسەر نەخۆشییەكانی دەخوات، سەباری ئەوە مووچەی خانەنشینەكەی ‏زۆر كەم ‌و ئەگەر لەكاتی خۆشییدا بدرێت، هێشتا وەك خۆی باسی دەكات ‏بەشی خەرجی مانگاكەی ناكەت، ئەوە نموونەیەكە لە‌و خانەنشینانەی كە ‏مانگانە مووچەكانیان دوادەكەوێت ئەوان لەم بەرنامەیەدا باس لە كێشە‌و ‏گرفتی رۆژانەیان دەكەن، ئەو ژنە پێشنیاز دەكات سەرجەم خانەنشینان ‏ناسنامەیەكیان بۆ دروست بكرێت ‌و لە رێگای ئەو ناسنامەیەوە لە ماركێت ‌و ‏بازاڕەكاندا داشكاندنی تایبەتیان بۆ بكرێت.‏
لەسەرەتای ئەمساڵ سێ‌ تەمەن بەیەكەوە خانەنشین كران ژمارەكەیان ‏گەیشتە سەروو  26هەزار كەس بەشێك لەوانە بەهۆی تەواو نەكردنی ‏مامەڵەكانیان پێنج مانگە مووچەیان پێنەدراوە ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ ‏دروست كردوون هەرچەندە نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی ‏هەرێمی كوردستان  لە بەشێكی بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد لەو ژمارە زۆری ‏ئەمساڵ خانەنشین بوون مامەڵەی سەروو 10هەزاریان تەواو كراوە، بەڵام ‏گوتەبێژی یەكێتی خانەنشینان گومانی لە دروست ژمارەكە هەبوو، هەر لە ‏بەرنامەكەدا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان ئەوەی ‏خستەڕوو سەروو 1000 پێشمەرگەی دێرینیان خانەنشین نەكراون بە ‏مەرجێك لە ساڵی 2013وە مامەڵەكانیان یەكلایی كراوەتەوە.‏

بە 500 خانەنشین یەك دەستشۆریان هەیە
گرفتی خانەنشینان هەر دواكەوتنی مووچە‌و مامەڵەكانیان نییە، بەڵكو ‏چەندین گرفتی دیكەشیان هەی خانەنشینێك لەبەشێكی بەرنامەكەدا باسی ‏لەوە كرد لەسەنتەری خانەنشینی (لەنێو باخی شار)ی هەولێر بە 500كەس ‏یەك دەستشۆریان هەیە ئەو گوتی "بە سەنتەری خانەنشینی دڵخۆشین، ‏بەڵام كەم‌وكوڕی زۆرمان هەیە یەكێك لەوانە نەبوونی دەستشۆری پێویستە، ‏جگەلەوە مەكتەبە ‌و كۆمپیوتەر ‌و تەنانەت هۆڵێكمان بۆ كۆڕ‌و سیمنار ‏نییە".‏
خانەنشینێكی ئافرەت كە خۆی دەرونناسە جەختی لەوە كردەوە "كەسی ‏خانەنشین پڕە لە زانست ‌و زانیاری نابێت كۆمەڵگا دەستبەرداری بێت"‏
ئەو دەرونناسە باس لەوەش دەكات، كەسێك كە خانەنشین دەبێت كۆمەڵێك ‏كێشەی دەرونی بۆ دروست دەبێت ئەو دەشڵێت "داواكەوتنی مووچەی ‏خانەنشینی خۆی لە خۆیدا نەخۆشی دەروونی دروست دەكات".‏
بەشێكی دیكە لەو خانەنشینانەی لەم بەرنامەیەدا ئامادبوون خانەنشینی ‏پێشمەرگە بوون یەكێك لەوانە دەڵێت "پێشمەرگەی دێرین زۆر ماندووەن ‌و ‏زۆرینەشیان نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵە بۆیە پێویستە نەخۆشخانەیەكی ‏تایبەت بە پێشمەرگەی دێرین هەبێت".‏
خانەنشینێكی دیكە داواكارە هاوشێوەی گوندە نیشتەجێەكان، گوندێكی ‏نیشتەجێبوونیش بۆ پێشمەرگە دروست بكرێت ئەو دەڵێت "ناڵێم با ‏بێبەرامبەر بێت، بەڵكو  هەر لە مووچەكەی خۆمان پارەمان لێببڕنەوە".‏
خانەنشینێكی هێزەكانی ناوخۆ لەنێو ئامادەبوانی بەرنامەكەدا ئەوەی ‏خستەڕوو  وەك هێزەكانی ناوخۆ كە خانەنشیتن دەكرێن، دەرماڵەكانی ‏مەترسی ‌و خواردن ‌و بڕوانامە ‌و خێزان مان لێدەبڕێ‌ ئەو ‏
خانەنشینە گوتی "بە 31ساڵ خزمەت لە 1515هەزار دینار مووچەوە ‏ئێستا خانەنشینەیەكەم بووەتە 316هەزار دینار، بەراستی هەموو كێشەكە ‏یاسای ژمارە 9ی2014یە كە بەتەواوەتی لە زیانی هێزەكانی ناوخۆیە".‏
لە كۆتاییەكانی بەرنامەكەدا خانەنشینێك تەواو بە چارەسەر كێشەكانیان  ‏رەشبینبوو بۆیە گوتی "بڕواناكەم ساڵێكی دیكەش ئەم كێشەیەی ‏خانەنشینان چارەسەر بێت"‏


‏1300 پێشمەرگەی دێرین هێشتا خانەنشین نەكراون
بەپێی لێدوانەكانی حەمەڕەشید قەرەداخی، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ‏پێشمەرگە دێرینەكان، كۆمەڵەكەیان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە شەش حیزب ‏دروست بووە و چەندین كێشە و گرفتیان هەیە یەكێك لەوانە لە ساڵی ‏‏٢٠١٣ـەوە ٣٠٠ پێشمەرگە خانەنشین كراون، "بەڵام تاوەكو ئێستا ‏مووچەیان پێنەدراوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ٧٥٦ پێشمەرگەی ‏دێرین رەزامەندی خانەنشینبوونیان وەرگرتووە، بەڵام تاكو ئێستا جێبەجێ ‏نەكراوە".‏
حەمەڕەشید قەرەداخی ئاماژە بەوەش دەكات كە بەگشتی نزیكەی ١٣٠٠ ‏كەس لە پێشمەرگە دێرینەكان شایستەی خانەنشینین، بەڵام پرۆسەكەیان بۆ ‏تەواو نەكراوە. ئەو گوتی "هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە فەرمانی سەرۆك ‏بارزانی هەیە بۆ خانەنشینكردنی ئەو پێشمەرگانە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ‏دوو كابینەی حكومەت هێشتا جێبەجێ نەكراوە". قەرەداخی ئەوەشی ‏روونكردەوە بەشێك لەو پێشمەرگانەی كە شایستەی خانەنشینبوون بوون، ‏بەو ئاواتەوە كۆچی دواییان كردووە "بێ ئەوەی مافەكانیان وەربگرن".‏

گوتیان خانووتان بۆ دروست دەكەین، كەچی زەویش نەبوو
حەمەڕەشید قەرەداخی، ئاماژە بەوە دەكات كە رەزامەندی دابەشكردنی ‏‏٥٧٦٠ پارچە زەوی بۆ پێشمەرگەكان هەیە، بەڵام تاكو ئێستا ئەوەشیان بۆ ‏جێبەجێ‌ نەكراوە ئەو گوتیشی "سەرەتا بەڵێنی دابینكردنی خانوو درابوو لە ‏جیاتی زەوی، بەڵام نە زەوی درا نە خانووش دروستكرا". قسەی ئەو ‏بەرپرسەی پێشمەرگە دێرینەكان لەكاتێكدایە كە پێشمەرگەیەكی خانەنشین ‏داوای دەكرد هاوشێوەی گوندە نیشتەجێیەكان، گوندێكی هاوچەرخیش ‏بەناوی پێشمەرگە دروست بكرێت.‏
قەرەداخی ئاماژە بە گرفتێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەكات كە ‏پێشمەرگەكان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا كەسانێك دەبینن كە پێشتر ‏لەگەڵ رژێمی پێشوو بوون، "ئەمە ئازاری دەروونی بۆ ئەوان دروست دەكات" ‏هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە كە "خانەنشینی پێشمەرگە دێرینەكان، ‏زۆربەیان بەبێ گەندەڵی و پاكن".‏
سەبارەت بە هاوتاكردنی خانەنشینی پێشمەرگەكان حەمەڕەشید قەرەداخی ‏ئەوەی روونكردەوە كە ئەگەر خانەنشینی پێشمەرگە هاوتا بكرێت لەگەڵ ‏عێراق ئەوا "بۆ پلە نزمەكان لە قازانجە، بەڵام بۆ پلە بەرزەكان نا".‏

هەموو دەسەڵاتەكان بۆ بەرێوەبەراتییەكان شۆرنەكراوەتەوە
بەپێی لێدوانەكانی سادق عوسمان، گوتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی ‏كوردستان گرفتی گەوروەی خانەنشینان دواكەوتنی مامەڵەی ‏خانەنشینیەكەیانە ئەو باس لەوە دەكات لە سلێمانی مانگی سێ نزیكەی ‏‏١٢٠ كەس ناویان چووە لیستی مووچەوە و لە مانگی چواردا نزیكەی ٢٠٠ ‏خانەنشین ناوی چووەتە لیستی مووچەوە. ئەو روونیدەكاتەوە كە  لەكۆی ‏سێ موالیدەكەی كە ئەمساڵ خانەنشین بوون كە ژمارەیان نزیكەی 26هەزار ‏كەسە، نزیكەی 16 هەزار كەسیان لە سلێمانی بوون خانەنشین بوون. سادق ‏عوسمان جەختلەوە دەكاتەوە بەرێوەبەرایەتی شارەكان دەستكراوە نین ‏هەموو مامەڵەی خانەنشینان بكەن، چونكە وەك ئەو دەڵێت "هەموو ‏دەسەڵاتەكان بۆ شارەكان شۆڕنەكراوەتەوە". ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە كە ‏بەشێك لە فەرمانگەكانیش بە كەموكوڕی مامەڵەی خانەنشینان دەنێرن‎.‎
سادق عوسمان ئاماژە بە كێشەیەكی دیكە دەكات كە خانەنشینان وا دەزانن ‏هەموو وەڵامێك لەلای ئەوان هەیە، بەڵام هەروەك خۆی دەڵێت "لەكاتێكدا ‏بەڕێوبەرایەتییەكان زانیاریان پێنادەن و تەنانەت كارمەندانی خانەنشینی ‏لێدوانیشیان لێ قەدەخە كراوە".‏


پارەی شەش مانگی مۆڵەت و پاداشتی كۆتایی خزمەت
پارەی شەش مانگی كۆكراوەی مۆڵەت لەسەر وەزارەتەكانە بیدەن، هەروەها ‏پاداشتی كۆتایی هێنانی خزمەتیش كە مووچەی ١٢ مانگە حكومەتی عێراق ‏دەیدات. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەم بەرنامەیەدا خرایەڕوو لە هەولێر پارەی ‏شەش مانگەكە نەدراوە، بەڵام لە سلێمانی دەستی پێ كردووە. سادق ‏عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە بەغداش خانەنشین بوونی سێ‌ تەمەن ‏بەیەكەوە كێشەی هەبوو، بەڵام وەك ئەو گوتی "ئەوان كارەكانیان بەش ‏بەش كرد، نەك وەك هەرێمی كوردستان هەموو كارەكەیان پێكەوە كردوە ‏دیارە سەركەوتوو نابێت".‏
سادق عوسمان، ئەوەش ناشارێتەوە كە پێش ئەم گرفتەش، مامەڵەی ‏خانەنشینی هەبووە چوار مانگی پێچووە. ئەو گوتی "بەشێوەیەكی گشتیی ‏مامەڵەی خانەنشینی پێشتریش هەر دوادەكەوت، ئێستا كە ئەم سێ‌ ‏تەمەنەش پێكەوە خانەنشین بوون گرفتی دواكەوتنەكە زیاتر بووە".‏
بەشێك لە خانەنشینی ئامادەبووی بەرنامەكە لەوانەبوون كە لە رابردوودا ‏خانەنشین بوون خزمەتیان لە 40ساڵەوە بۆ 35 كەمكراوەتەوە سادق ‏عوسمان گوتی "دەبێت ئەو كێشەیە لە بەغدا چارەسەر بكرێت".‏


رۆژانە نزیكەی 500 مامەڵەی خانەنشینی تەواو دەكەن ‏
بەپێی قسەكانی  رووناك عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە ‏خانەنشینی گشتیی هەرێمی كوردستان، ئێستا رۆژانە نزیكەی 500 ‏مامەڵەی خانەنشینی تەواو دەكەن و ئەوەش بەهۆی ئەوەی گۆڕانكاریان لە ‏ستافی كار كردووە ئەو دەڵێت "بۆ ئەوەی كاری خانەنشینان باشتر بڕوات ‏رۆژانە تاوەكو كاژێر ٤ و ٣٠ خولەك لە كاردا دەمێنینەوە". ئەو گلەیی لە ‏وەزارەت ‌و فەرمانگەكانیش هەیە ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی ‏وەزارەتەكان مامەڵەی خانەنشینی بە كەموكوڕی دەنێرنە لایان‎.‎
رووناك عەبدولخالق جەختلەوە دەكاتەوە ئەو خانەنشینانەی مامەڵەیان تەواو ‏كرابێت یەكسەر مووچەیان بۆ دەبەسترێ و بەیەكەوە هەموو ئەو مووچانەی ‏وەریان نەگرتووە وەریدەگرن هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە بۆ پارەی ١٢ ‏مانگەكەی خانەنشینان نوسراویان بۆ بەغدا كردووە، بەڵام پارەی شەش ‏مانگی مووچەی كۆكراوەی مۆڵەتی كەسی خانەنشینكراو پەیوەندی بە ‏ئەوانەوە نییە "ئەوە پەیوەندی بە وەزارتەكانەوە هەیە نەك بەڕێوەبەرایەتی ‏گشتیی خانەنشینی".‏
رووناك عەبدولخالق ئەوە ناشارێتەوە كە مامەڵەی خانەنشینی كاتی دەوێت و ‏ئەو دەڵێت "مامەڵەیەكی خانەنشینی بەیەك و دوو رۆژ ناكرێت مامەڵەی ‏لەدایكبووانی چوار ساڵ بەیەكەوە كاتی زۆری دەوێت".‏

لە سێ‌ مانگدا مامەڵەی زیاتر لە 10هەزار خانەنشین تەواو بووە ‏
هەروەك ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی ئاماژەی پێدا لە ‏سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ مامەڵەی زیاتر لە 10هەزار‌و 228 كەسیان ‏تەواو كردووە. هەروەها رووناك عەبدولخالق دەشڵێت "سێ تەمەنی جیاواز  ‏بەیەكەوە خانەنشین بوون و ئێستا بووەتە چواریش، ئێ‌ ئەوە كاتی دەێت".‏
رووناك عەبدولخالق ئاماژە بەوەش دەكات كە لە جێبەجێ كردنی یاسا ‏ژمارەی ٩ی ٢٠١٤ لە سلێمانی كێشەیەك هەبوو، بەڵام چارەسەر كرا. ‏هەروەها ئەوانەی بە یاسای ٢٧ی ٢٠٠٦ خانەنشین كرابوون كێشەیان ‏هەیە. جگە لەوە، ئەگەر خانەنشینێك لەدوای ٩٠ رۆژ لە خانەنشینبوونی ‏سكاڵای نەبوو، هیچ بۆ ناكرێت. ناوبراو ئەوەش رووندەكاتەوە لە بەغداوە ‏ئەوەیان پێی گووتوون "هەر كەسێك بە چ یاسایەك خانەنشین بووە هەر ‏ئەوەیە ‌و نابێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت". بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی ‏ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا بەپێی رێنماییەك هەژماركردنی خزمەتی ‏سەربازی راوەستاوە.‏

بیمەی تەندروستی بۆ خانەنشینان ‏
بەپێی لێدوانەكانی د.سەردار رواندزی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی ‏خانەنشینی كوردستان، لە وەرگرتنی پارەی شەش مانگەی مۆڵەتی كۆكراوە ‏هەموو كوردستان وەك یەكە. د.سەردار بەوەش دڵخۆشە كە یەكەمجارە ‏نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لەگەڵیان دادەنیشێت‎.‎
د.سەردار رواندزی پێی وایە بیمەی تەندروستی بۆ خانەنشینان زۆر پێویستە ‏و پێویستە چەندین بنكەی تەندروستی تایبەت بە خانەنشینان هەبێت. ‏هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە خانەنشینی زۆر هەیە زەویان وەرنەگرتووە و ‏سوودمەند نەبوون‎.‎
د.سەردار رواندزی ئەوەش ئاشكرا دەكات كە "نەسرەیە بۆ یەكێتی ‏خانەنشینان لە سلێمانی هەیە، بەڵام لە هەولێر نییە". هەروەها باس لەوە ‏دەكات كە لقی هەولێریان كابینەیەكیان لەنێو باخی شار هەیە كە جێگای ‏چوار كەس دەبێتەوە. سادق عوسمان هیوای خواستووە كە هاوشێوەی باخی ‏شار لە شارەكانی دیكەش هەبێت و ئەو دەڵێت "دەبێت هەموو شارەكان ‏شوێنی شایستە بە خانەنشینان هەبێت".‏
‏ئەم بەرنامەیە شەوی 18-05-2025 پێشكێشكراو میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏- سادق عوسمان، گوتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی ‏كوردستان ‏‏
‏- د.سەردار رواندزی، سەرۆكی لقی هەولێر یەكێتی خانەنشینی ‏كوردستان ‏‏‏
‏-‏‎ ‎حەمەڕەشید قەرەداخی، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە ‏دێرینەكان ‏‏
‏- رووناك عەبدولخالق، بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە خانەنشینی گشتیی ‏هەرێمی كوردستان