خانەنشینێك 13منداڵی هەیە و مووچەكەی 220 هەزار دینارە
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان لەم بەرنامەیەدا ئاشكرای دەكات، مانگانە بۆ مووچەی 250هەزار خانەنشین نزیكەی 115ملیار دیناریان پێویستە، ئەو داوا دەكات بۆ مووچەی خانەنشینی پشت بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی عێراق ببسترێ، چونكە پێوایە دادپەروەری زیاتر تێدایە.
لەبەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی بەپێی یاساكەی عێراق 500هەزار دینارە، بەڵام لە كوردستان كەمترین مووچەی خانەنشینی 220هەزار دینارە. ئەوەش بۆ ئەو كە بەڕێوبەری گشتیی خانەنشینیە مایەی بێزارییە ئەو دەڵێت "كەسێك خانەنشین بوو 13منداڵی هەبوو لەگەڵ خێزانەكەی ژمارەیان دەیكردە 15كەس، كەچی مووچەی خانەنشینیەكەی 220هەزار دینار بوو، بەڕاستی هەستم بەشەرمكرد كە دۆخیم زانی".
"كاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی لەرزم لێدێت"
كە دامەزرام مووچەكەم 30 دینار بوو، ئەو كاتە 30 مسقاڵ زێڕی پێدەهات، لەپاش زیاتر لە 50ساڵ خزمەتكردن ئێستا مووچەكەم 600هەزار دینارە كە دەكاتە 2مسقاڵ زێڕ، مامۆستا شوكریە محەممەد خانەنشین لە راپۆرتی سەرەتای بەرنامەكە لە شاری هەولێر وەهای گووت. مامۆستایەكی خانەنشین لە سلێمانی بەناوی حەسەن نووری، داوا دەكات سیستەمی وەرگرتنی مووچە بكرێتە ئەلیكترۆنی و دەڵێت "بۆچی سیستەمی دانانی كامێرەی چاودێری تیژڕەوی كە پارەی لێوەردەگرن ئەلیكترۆنییە، كەچی وەرگرتنی مووچەی ئێمە ناكرێتە ئەلیكترۆنی؟".
لەسەر پاڵ پاڵێن لە كاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی بەهۆی قەرەباڵخییەوە یەكێكی دیكەیە لە كێشەكانی خانەنشینان واحید ئەمین خانەنشین لە سلێمانی بەجۆرێك بێزارە لەو قەرەباڵغیەی كاتی وەرگرتنی مووچە دەڵێت "كاتێك دەڵێن مووچەی خانەنشینی دێت لەجیاتی دڵخۆشی، وەڵا لەرزم لێدێت".
پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچەی خانەنشینان تەواو بووە
هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری وەك میوانێكی سەرەكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو لە مانگی 7ی 2021وە پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچەی خانەنشینیان تەواوكردووە و گوتیشی "دەبێت وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانكێكی كەرتی تایبەت گرێبەست بكات بۆ ئەو كارە، چونكە پڕۆسەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە رێگای ئەلیكترۆنی بە بانكی حكومی ناكرێت".
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری باسی لەوەشكرد بانكی ناوەندی عێراق لەجیاتی هاوكاری، كێشە بۆ بانكی ناوەندی كوردستان دروستدەكات گوتیشی "ئێمە پێناسی دیجیتاڵی هاونیشتمانیانمان تەواوكردووە كە بۆ زۆر بوار سوودی دەبێت"
لەبارەی سەرنجی ئەو مامۆستا خانەنشینانەش كە گوتی "بۆچی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارە وەرگرتن سیستەمەكەی ئەلیكترۆنییە و باشترین نمونەش كامێرەی چاودێری تیژڕەوییە، كەچی بۆ دابەشكردنی مووچە، سیستەمەكەی بەدەستییە؟".
هیوا ئەفەندی گوتی "بۆ سیستمی دیجیتاڵی وەزارەتی ناوخۆ، چالاكترە لە وەزارەتی دارایی".
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین: هۆكاری داواكەوتنی مووچەی خانەنشینی لە سلێمانی نازانم
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان كە بەتەلەفوون بەشداری بەرنامەكەی كرد باسی لەوەكرد ئێستا سەرقاڵی ئەوەن سیستەمێكی یەكگرتووی ئەلیكترۆنی بۆ خانەنشینان دروستبكەن گوتی "لە 12ی مانگی 9 2022، دەست بە كاركردن بەو سیستەمە دەكەین هەر 14بنكەكەی خانەنشینی كوردستان بەیەكەوە دەبەستینەوە و مەبەستمانە دەمانەوێت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ سیستمی ئەلیكترۆنی خانەنشینان جێبەجێبكەین".
حازم گۆران، دەخوازێ یاسای خانەنشینیی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی عێراق لە كوردستانیش جێبەجێبكرێت، چونكە"یاسای خانەنشینیی عێراق تارادەیەك دادپەروەرانەیە".
لەبارەی داواكەوتنی مووچەی خانەنشینان بەتایبەت لەسنووری سلێمانی حازم گۆران گوتی "زۆر هەوڵمداوە هۆكاری دواكەوتنی مووچەی خانەنشینی لە سلێمانی بزانم، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامێكمی روونم دەستنەكەوتووە". بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی ئاشكرای دەكات مانگانە بۆ مووچەی 250هەزار خانەنشین نزیكەی 115ملیار دیناریان پێویستە". حازم گۆران جەخت لەوە دەكاتەوە كەمترین مووچەی خانەنشینی لە كوردستان كە 220هەزار دینارە زۆر كەمە هەست بە شەرم دەكات، كاتێك كەسێك دەبینی ئەو مووچەی هەیە بۆ ئەوەش باس لە چیرۆكێكە دەكات و دەڵێت "كەسێك خانەنشین بوو 13منداڵی هەبوو لەگەڵ خێزانەكەی ژمارەیان دەیكردە 15كەس، كەچی مووچەی خانەنشینیەكەی 220هەزار دینار بوو، بەڕاستی هەستم بەشەرمكرد كە دۆخیم زانی، بەڵام ئێمە هیچمان پێناكرێت، چونكە یاساكە بەوجۆریە، بۆیە دەخوازم پێش خانەنشین بوونم ئەوە ببینم كار بە یاسای خانەنشینی عێراقی بكرێت".
داوای بینینی وەزیری دارایی دەكەن
دكتۆر سەردار حوسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی خانەنشینانی كوردستان لە دەستپێكی قسەكانی سوپاسی رەنج سەنگاوی كرد گوتی "وەك پارێزەرێك زیاتر لە ئێمە بەرگری لە خانەنشینان دەكەیت، ئەوە مایەی دەستخۆشییە". سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی خانەنشینانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێبكرێت "یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی عێراق باشە ئەگەر ئەوە جێبەجێبكرێت، سوودی زۆر بۆ خانەنشینان دەبێت هەر بۆیە بەردەوام داوای جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەكەین".
سەردار حوسێن، ئەوەش دەخاتەڕوو دووجار داوای بینینی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستانیان كردوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
دەبێت وەبەرهێنان لە سندوقی خانەنشینیدا بكرێت
د.ئەرشەد تەها كە وەك راێژكاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەبەرنامەكەدا بەشدار بوو، ئەوەی خستەڕوو دەتوانن لەماوەی مانگێكدا یاسای خانەنشینی عێراق بەركار بكەن، بەڵام وەها دەبینێ ئەوە بەتەنها چارەسەری گرفتی خانەنشینان ناكات، بەڵكو پێش ئەوە دەبێت سندوقی خانەنشینی دروست بكەن و پارەش بۆ سندوقەكە پەیدابكەن، دەڵێت. "لە وڵاتان سندوقی خانەنشینی هەیە وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت، سندووقی خانەنشینی كاتێك گرنگە كە وەبەرهێنان تێدابكرێت، نەك بەتەنها سندوقەكە دروستبكرێت".
ئەو نمونە بە چەند وڵاتێكی پێشكەوتووە دەهێنێتەوە كە سندوقی خانەنشینیەكەیان نەك تەنها بۆ مووچە، بەڵكو وەبەرهێنانیشی تێدا دەكرێت و دەڵێت "سندوقی خانەنشینیەكەی وڵاتی ژاپۆن 1ترلیۆن و 300ملیار دۆلاری تێدایە، ئەوەی وڵاتی نەرویج 1ترلیۆن 100ملیار دۆلاری تێدایە، ئەو پارەیە بەجۆرێك زۆرە ئەگەر حكومەتی نەرویج هیچ داهاتێكیشی نەبێت بۆ ماوەی 50ساڵ دەتوانێ مانگانە 600دۆلار بداتە هاوڵاتییەكانی. ئەوە هی ئەوەیە سندوقەكە وەبەرهێنانی تێدادەكرێت".
بەپێی زانیارییەكانی د.ئەرشەد تەها وڵاتی سعودیاش لە پلانیدا هەیە، تاوەكو 2030 داهاتی سندوقی خانەنشینیەكەی بگەیەنێتە دوو ترلیۆن دۆلار كە دەكاتە 30% داهاتی وڵاتەكەی.
لە 28ساڵی رابردوو هێندەی ئەم سێ ساڵە كێشەمان نەبووە
سادق محەممەد، گوتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو ئەو باسی لەوەكرد، لەماوەی 28 ساڵی رابردوودا هێندەی ئەم سێ ساڵە كێشەیان نەبووە ئەو گوتی "كێشەمان زۆرە، بەڵام كێشەی هەر سەرەكیمان خراپی دۆخی مووچەیە".
كێشەیەكی دیكەیان وەك سادق محەممەد ئاماژە پێدەكات، هاوتانەكردنی مووچەكانیان لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی بەغدا ئەو گوتی "كێشەی سەرەكی خانەنشینان هاوتانەكردنی موچەكانیانە لەگەڵ خانەنشینی عێراق، چونكە جیاوازییەكی زۆر هەیە".
ئەم بەرنامەیە شەوی 28-08-2022 بەشێوەیەكى راستەوخۆ پێشكەشكرا
* هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری
* حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان
* دكتۆر سەردار حوسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی خانەنشینانی كوردستان
* د.ئەرشەد تەها، راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان
* سادق محەممەد، گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان