پەرلەمانتارێکی پارتی: بەهۆی قاچاخچێتیی سنوورەكان، مانگانە 150 ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەڕوات
لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی ئەمجارەی تۆڕی میدیایی رووداو باس لە پرسی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان کرا، پەرلەمانتارێکی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو بەهۆی قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان "مانگانە 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەڕوات"؛ بەڵام عەلی حەمەساڵح لەو بڕوایەدایە ژمارەكە لەوە زیاتر و دەڵێت "بە هەموو دەروازەكان، مانگانە 170 ملیار دینار بەهەدەر دەڕوات، چونكە دەروازە هەیە یەك سەنتی پارەی بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە"، لە بەرنامەكەشدا ناوی ئەو دەروازەیە ئاشكرا دەكات.
لە سەرەتای بەرنامەكەدا لیزا فەلەكەدین، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی باسی لەوە كرد، لە دەروازەكان بە تەنیا كێشەی قاچاخچێتی نییە، بەڵكو كۆمەڵێك كەموكوڕیی ئیداریش هەن، ئەو قسانەشی پشتبەستوو بوو بەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەندامانی لیژنەكەیان سەردانی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دانی بەوەشدا نا کە لەو سەردانانەدا پەرلەمانتارانی یەكێتی چوونەتە دەروازەكانی سنووری پارتی و پەرلەمانتارانی پارتییش چوونەتە دەروازەكانی سنووری یەكێتی، لەوكاتەدا عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان گوتی "منیش چوومەتە دەروازەكانی هەردوو سنوورەكە".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، لە هەندێک دەروازە، كاری قاچاخچێتی گەیشتووەتە لووتكە و گوتیشی "بەشێوەیەكی گشتی لە سەرجەم دەروازەكان مانگانە 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەڕوات كە 15 بۆ 25 ملیۆن دۆلاری بەهۆی كاری قاچاخچێتییەوەیە". كاتێك هاتە سەر باسی باشترین دەروازەی سنوورییش ئاماژەی بەوە کرد "بە دانپێدانانی ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، باشترین دەروازەی هەرێمی كوردستانە، تەنانەت مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش كە سەردانی ئیبراهیم خەلیلی كرد، دەستخۆشیی بۆ ناردبوونەوە، بەڵام بەداخەوە لە باشماخ قاچاخچێتی لە لووتكەدایە".
لەبارەی ئەو دەروازانەی سنووری سووریاش، كە عەلی حەمەساڵح دەڵێت "داهاتیان بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە"، لیزا گوتی "دەروازەی وەلید و سێمالكا، دەروازەی فەرمی نین بۆیە ئێمە كارمان لەسەر نەكردوون".
نەبوونی ئامێری پشكنین (سۆنەر) لە بەشێك لە خاڵە سنوورییەكان بە گوتەی لیزا فەلەكەدین گرفتێكی گەورەیە، لەوبارەیەوە گوتی "لە پەروێزخان ئامێری پشكنین بۆ رۆیشتن هەیە، بەڵام بۆ هاتن نییە" كاتێك رەنج سەنگاوی پێشكێشكاری بەرنامەكە پرسیاری لەبارەی دەروازەی حاجی ئۆمەران كرد کە ئایا لەو دەروازەیە ئامێری پشكنین هەیە؟ لیزا فەلەكەدین گوتی "نییە، بەڵام بڕیارە بۆی دابنێن".
وەرگرتنی 60 هەزار دینار بەناوی پشكنینی كۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەكاندا بۆ بەشێك لە خەڵك بووەتە گرفت، بەڵام لیزا فەلەكەدین ئەوەی خستەڕوو، بە هەوڵی ئەو و بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە بۆ ئەوە نێردراوە، وەرگرتنی ئەو پارەیە نەماوە، بەڵام عەلی حەمەساڵح جەختی لەوە كردەوە کە وەرگرتنی ئەو پارەیە بەردەوامە، هەر لە بەرنامەكەشدا تەلەفۆنی بۆ شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ كرد و شاخەوانیش گوتی "بەڵێ وەرگرتنی ئەو پارەیە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە".
پەرلەمانتارەكەی فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو گرفتە بە پەرلەمان چارەسەر ناكرێت، بەڵكو وەكو ئەو دەڵێت "پێویستی بە رێككەوتنی سیاسیی هەر سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەتە".
ئەبوبەكر حەسەن، بەڕێوەبەری كاروباری گومرگی لە هەرێمی كوردستان ئەوەی رەتكردەوە كە لە دەروازە فەرمی و نێودەوڵەتییەكاندا و لەناو حەرەمی دەروازەكەدا كاری قاچاخچێتی بكرێت، گوتیشی "لە 17-2-2019وە لەگەڵ عێراق كار بە یەك پێناسی گومرگی دەكەین، هەر چوار دەروازە نێودەوڵەتییەكەشمان بە سیستەمێك بەیەكەوە بەستراونەتەوە و سەرجەمیشیان كار بە پێناسی گومرگی عێراقی دەكەن".
لەبارەی ئەو قسانەش كە عەلی حەمەساڵح لە بەرنامەكەدا كردی، گوتی "قسەكانی كاك عەلی بەڵگەی لەگەڵ نییە و هەر قسەی رووتن".
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان جەختی لەوە كردەوە کە قاچاخچێتی لە سنوورەكاندا شتێك نییە بشاردرێتەوە و باسی لەوە کرد "بەهۆی قاچاخچێتی لە هێلكە مانگانە 36 ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەڕوات، جگە لەوەش 95% جگەرە بە قاچاخ دێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە، بە تەنها لە بەرامبەر هێنانی یەك تۆن دووگدا قاچاخچییەكان 30 هەزار دۆلار وەردەگرن".
پرسێكی دیكە كە ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان قسەی لەبارەوە كرد، هێنانی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل 2018 بوو كە ئێستا هێنانی بۆ كوردستان قەدەخەیە و دەڵێت "10 هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل 2018یان هێناوەتە هەرێمی كوردستانەوە، بۆ هەر دانەیەكی قاچاخچییەكان پێنج هەزار دۆلاریان وەرگرتووە".
عەلی حەمەساڵح ئەوەی نەشاردەوە كە بەهۆی فشارەكانی ئەوانەوە لە دەروازەی پەروێزخان قاچاخچێتی كەمیكردووە، وەك ئاماژەی بۆ کرد "داهاتی مانگێكی پەروێزخان ئێستا بۆ 30 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام دەروازە هەیە لەگەڵ سووریا، یەك سەنتی پارەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناگەڕێتەوە، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش 13 كۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش دا كێشەی سەرەكیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ترانزێتە كە بەو هۆیەوە كاری نایاسایی زۆر دەكرێت "بەم جۆرە بە كۆی گشتی لە دەروازەكان مانگانە 170 ملیار دینار بەهەدەر دەڕوات"؛ جەختی لەوەش كردەوە "سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری داراییش ئاگاداری ئەو قاچاخچێتیەن".
عەلی حەمەساڵح گوتیشی "بەپێی قسەی قایمقامی قەڵادزێ لە دەروازەكانەوە ماددەی هۆشبەریش دێتە هەرێمی كوردستانەوە"، ئەوەشی نەشاردەوە کە كەسی یەكەمی گومرگ لە كوردستان ساماڵ عەبدولڕەحمان لە دیدارێكدا بەوانی گوتووە "لەسەر سنوورەكان بە هێزە ئەمنییەكان دەڵێن، چاو بنوقێنن با قاچاخەكە تێپەڕێ".
هەر لەمیانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان باسی لەوەش کرد، لە مانگی 12ی 2019 كەموكوڕی و قاچاخچێتی سەرجەم سنوورەكانی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە بە هەوڵی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەمووشی لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران خوێندراوەتەوە، سەرەنجام لە 22-3-2019دا بڕیاری 706 و 707 و 708 پێ دەركراوە، كە قاچاخچێتی نەهێڵن، بەڵام دواتر كاری پێنەكراوە، گوتیشی "كەس هەیە گوتوویەتی نەك عەلی، هەموو كورد قسە بكات ئەو قاچاخە راناگرم".
لە بەرنامەكەدا عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی كاری قاچاخچێتی لە سنوورەكانەوە، ئەوەی مەڕوماڵات و حەوزی بەخێوكردنی ماسیی هەبووە ،لەگەڵ ئەوەی پەتاتەی كردووە، تووشی زیان بووە "ئەم كارە بە هاوسەرۆكانی یەكێتی چارەسەر دەكرێت نەك بە هەفتەیەك با بە مانگێك چارەسەری بكەن، لەو بڕوایەدام هەموو ئەو گرفتانە بە دوو تەلەفۆنی بەرپرسە هەرە باڵاكان چارەسەر دەبێت".
ناسر هەركی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق كە زیاتر لەسەر كەموكوڕیی دەروازەكانی سنووری حكومەتی عێراق قسەیكرد، ئەوەی خستەڕوو کە لە عێراق 21 دەروازەی فەرمی هەن كە 11یان وشكانی و شەشیان دەریایی و چواریشیان دەروازەی ئاسمانین، "پێش هاتنە سەر كاری مستەفا كازمی 20% بۆ 25%ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی بەهۆی هەندێک گۆڕانكاری، ئێستا نزیكەی 60%ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، واتە 40%ی داهاتی خاڵە سنوورییەكانی عێراق ونە".
بهشی بكه لە