بەڕێوەبەری گشتیی باج: داهاتی باج زیاتر لە 700 ملیار دینارە
د. كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان لەم بەرنامەیەدا بۆ یەكەمین جار داهاتی 11مانگی 2021 باج ئاشكرا دەكات و دەڵێت، "زیاتر لە 700 ملیار دینارە". عەلی حەمەساڵحیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە كوردستان نادادییەكی زۆر لە كۆكردنەوەی باج هەیە بە نموونەش دەڵێت، "كۆمپانیای بۆڕیی نەوت باج نادات، بەڵام لەحیمچییەك لە لاكۆڵانێكدا دەبێت باج بدات".
د. كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی بەرنامەكە دانی بەوەدانا لەو 11 خاڵەی لە 10-01-2021دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی كەرتی باج لە هەرێمی كوردستان دەریكرد، بەشی هەرە زۆری جێبەجێ نەكراوە هۆكارەكەشی بۆ چەندین خاڵ گەڕاندەوە وەك نەبوونی یاسای تایبەتمەند و ناكۆكییان لەگەڵ حكومەتی ناوەند، ئەوەشی نەشاردەوە كە راستە ئەوان پلانیان هەبوو داهاتی باج ساڵانە بگەیێننە 1 ترلیۆن دینار، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەكردنی تەواوی ئەو 11 خاڵەوە كێشەیان بۆ دروست بووە، لەبارەی داهاتی 11 مانگی 2021ی گوتی، "زیاتر لە 700 ملیار دینارە بووە، ئەوەش كەم نییە، چونكە لە ساڵی 2012دا تەنیا 150 ملیار دینار داهات باج هەبووە".
د.كەمال تەیب باسی لەوەش كرد لە 30 هەزار كۆمپانیا نزیكەی 10 هەزاری باج دەدا ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە كە ئەوانی دیكەی چالاكییان نییە، نەك خۆیان لە باج بدزنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، "هەر بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆرەوە، ئەمساڵ 150كۆمپانیا دراوەتە دادگا و 1000 كۆمپانیاش غەرامە كراون". هەر بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی باج "95%ـی مووچەخۆرانی كوردستان باج نادەن، بەڵام لە بەغدا 95% مووچەخۆران باج دەدەن".
*هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد نەبوونی سیستەمێكی بانكی لە كوردستان واهای كردوە باج بەشێوەی دادپەروەرانە كۆنەكرێتەوەو گوتیشی "لە دنیادا 80% داهاتی باج لە كۆمپانیا گەورەكانەوەیە 20% هی خەڵكی ئاساییە، بەڵام لە كوردستاندا تەواو پێچەوانەی ئەوەیە". جەختی لەوەش كردەوە كە لە سلێمانی داهاتی باج كەمترە گوتیشی "ئەمساڵ 175ملیار دینار بۆ پرۆژە لە سلێمانی تەرخان كراوە تەنها 50ملیار دیناری بووەتە پرۆژە ئەوەی دیكە كەس نازانێ چی لێهاتووە".
ئەو رەخنەی زۆریشی لە سیستەمی كۆكردنەوەی باج گرت و لەو بڕوایەدایە بەوهۆیەوە بێ كاری زۆر زیادی كردوە و خەڵكی ناچار كردوە لەبەر زۆری باج واز لە هەندی كار بهێنن و گوتیشی "ناكرێت دوو سەرتاش وەك یەك باج بدەن، هەر لە هەولێر سەرتاش هەیە بە 30 دۆلار سەرچاك دەكات، هەشە بە 3 هەزار دینار ئەوە ئەگەر وەك یەك باج بدەن نادادپەروەرییە ".
هێڤیدار ئەحمەد، جەختی لەوە كردوە بەڕێوەبەرایەتی باج تاكە دامودەزگای حكومەتە كە كەس نازانێ لە كوێ سكاڵایان لەسەر تۆمار بكات، لە كاتێكدا ئەوان دەتوانن سكاڵا لەسەر هەموو كەسێك تۆمار بكەن، بەڵام د.كەمال تەیب ئەوەی رەتكردەوە گوتی "هەموو كەس دەتوانێ سكاڵامان لەسەر تۆمار بكات". هێڤیداریش جەختی لەسەر ئەو بۆچوونەی كردوە.
*عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە وسامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو لە دەستپێكی قسەكانی ئاماژەی بەوەدا خراپترین سیستەمی باج لە كوردستاندا هەیە، چونكە باج دەبێت لە قەزاج بدرێت، بەڵام لە كوردستان بەپێچەوانەوەیە. گوتیشی، "هەندێ كۆمپانیا كە خەڵكی خاوەن دەسەڵاتیان لەپشتە باج هەر نادەن بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باج 22 هەزارو 624 كۆمپانیا لە كوردستاندا هەیە، بەڵام 7 هەزار و 507یان باج یان داوە، بەنزیخانە باج دەدا، بەڵام پاڵاوگەی نەوت نایدات، كۆمپانیای بۆری نەوت باج نادات، بەڵام لەحیمچییەك لە لاكۆڵانێكدا دەبێت باج بدات ئەوەیە كە دەڵێن نادادپەروەری هەیە". بەشێكی ئەوانەی باج نادەن پاساوەكەیان ئەوەیە پرۆژەكەیان لە بواری وەبەرهێنانە ئەو پەرلەمانتارەش ئەوە دەخاتەڕوو بواری وەبەرهێنان دەرفەتی زۆری رەخساندوە تاوەكو بەشێك لە كۆمپانیاكان خۆیان لە باجدان بدزنەوە گوتیشی "چەندین جار هەوڵمان داوە یاسای وەبەرهێنان هەموار بكەینەوە بەداخەوە حكومەت هاوكارمان نییە رێگرن لەبەر ئەوەی یاساكە لە بەرژەوەندی كۆمپانیا گەورەكانە".
لەبارەی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و گەڕانەوەی داهاتەكە بۆ حكومەت عەلی حەمەساڵح گوتی، "لە سنووری ئیدارەی پێشوو سلێمانییەوە مانگانە 70 ملیار دینار كە دەكاتە 43% داهات و لە ئیدارەی پێشووی هەولێر و دهۆكیش مانگانە 93 ملیار دینار كە دەكاتە 57% داهات دەدرێت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیتر داهاتەكانی دیكە چەند زۆر بێت كەس نازانێ بۆ كوێ دەچێت واتە بەو جۆرە نییە داهاتی هەولێرو دهۆك بۆ سلێمانی خەرج بكرێت، بەپێچەوانەشەوە پارەی سلێمانی بۆ هەولێرو دهۆك خەرج ناكرێت ئیتر حكومەتی یەكگرتوو مانای چییە؟ هەر دوو ئیدارەیەكەی جارانە تاوەكو ئێستا شەقامی 100 مەتری سلێمانی12ملیار و200ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە كە دەكاتە 3% كارەكە".
كازم مەغدید، بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتیمانییەكان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو داخستنی بەشێك لە كۆمپانیاكان پەیوەندی بە زۆری باجەوە هەیە گوتیشی "لەماوەی دوو ساڵدا 1407 كۆمپانیا داخراون، تەنها ئەمساڵ 713كۆمپانیا داخروان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردووش 2هەزار و757 كۆمپانیا داخراون".
لەبارەی ژمارەی كۆمپانیاكانیش، بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتیمانییەكان گوتی "30هەزارو798كۆمپانیا لە كوردستان تۆماركراوە 27هەزارو513 نیشتیمانییە و3هەزارو285بیانییە".
بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتیمانییەكان ئەوەشی خستەڕوو لە ساڵی 2021دا 1450 كۆمپانیای نوێ تۆمار كراون گوتیشی "جگەلە ساڵی 2019، ئەوە زۆرترین ژمارەی كۆمپانیایە كە لە ساڵێكدا تۆمار بكرێت".
شێخ مستەفا شێخ عەبدلڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە كە لە ستودیۆی سلێمانییەوە بەشدار بوو ئەوەی خستەڕوو زۆر باج زۆربەی كۆمپانیاكانی تووشی زیانی گەورە كردوە گوتی "بەتایبەت كۆمپانیا مامناوەند و بچووكەكان كێشەی زۆر گەورەیان بۆ دروست دەكرێت". بەپێچەوانەی زۆربەی بەرپرسەكانی سلێمانی، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لەم بەرنامەیەدا ئاماژەی بەوەدا جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی كەم نەكردوە گوتیشی "داهاتیش زیادی كردوە".
ئەم بەرنامەیە شەوی 05-12-2021 بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش كراو میوانەكانیش پێكهاتبوون لە
*هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان
*عەلی حمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە وسامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی .
* كازم مەغدید، بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتیمانییەكان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان
*د. كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان
* شێخ مستەفا شێخ عەبدلڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان.
بهشی بكه لە