مەترسییەكانی بووتڵی ئاو و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ

11 July 2021
مەترسییەكانی بووتڵی ئاو و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ
 
 
لە مژاری یەكەمی ئەم بەرنامەیەدا  د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، مامۆستا لە ‏زانكۆی ‏سلێمانی ‌و نووسەری ‏كتێبی ‏‏(كوشتنی ‏‏‏ژنان بە بیانووی ‏شەرەف) ‏باسی چیرۆكی كوشتنی پێنج ژنی كرد كە بە بیانووی پاراستنی شەرەفەوە لە ‏كوردستاندا كوژراون ‌و ئاماژەی بەوەشدا كوشتنی یەكێكە لەو كچانە بەناوی ‏نازەنین زۆر كاریگەری لەسەری دروستكردووە كە لایەنە برایەكی خۆیەوە ‏كوژراوە.
 
لە مژاری دووەمیشدا باس لە رادەی تەندروستی ئاوی جام ‌و دەبەكان ‏كرا ئایا چی چاودێرییەك لەسەر كارگەكان هەیە؟
 
‏د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، مامۆستا لە زانكۆی ‏سلێمانی ‌و نووسەری ‏‏كتێبی ‏‏(كوشتنی ‏‏‏ژنان بە بیانووی ‏شەرف)  لە باسی كتێبەكەیدا ‏ئەوەی ‏خستەڕوو ئەو ‏كتێبە ‏‏گێڕانەوەی چیرۆكی ‏‏راستەقینەی پێنج ژنی كوژراوە، ‏بەڵام ‏بە ‏‏زمانێكی ‏ئەدەبی ‌چیرۆكەكان داڕێژراون ‌و ناوەكانیش خوازراون. ‏جەختی لەوەش كردەوە، ئایین هۆكاری سەرەكی نییە بۆ كوشتنی ئەو ژنانە، ‏بەڵكو هەڵە تێگەیشتن لە ئایین بەتایبەت لەلای خێڵ هۆكارێكی سەرەكییە. ‏كوشتنی ئەو ژنانەش بەناوی شەرەفەوە بە بڕوای ئەو تەنیا بیانوویێكە ‏زۆرینەیان لەسەر گومانی هەڵە كوژراون.
لەبارەی كاریگەرترین چیرۆكیش ‏د. نەوزاد ئاماژەی بەوەدا چیرۆكی نازەنین زۆر كاریگەری لەسەر دروستكردووە، گوتی "نازەنین لە ساتی كوشتنیدا لەلایەن ئەو برایەی كە لە ‏دەرەوەی وڵاتەوە هاتووەتەوە زۆر هاوار دەكات ‌و هاوار لە دایكی دەكات كە ‏بێتاوانە، بەڵام براكەی بێ‌ گوێدانە ئەو قسانە، خەڵتانی خوێنی دەكات." ‏
مژاری دووەمی بەرنامەكە كە باسی ئاوی جام ‌و دەبەكان بوو، دەربارەی ‏ئەوەی  چەند تەندروستن بۆ خواردنەوە. ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ‏وەك میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو لەسەر پرسی تەندروستی ئاوی ‏جام ‌و دەبەكان لە 04-08-2021 ئەوان وەك قایمقامیەتی سلێمانی ‏لیژنەیەكی تایبەتیان دروستكردووە لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا  2252 ‏سەردانیان كردووە كە 324 سەردانیان بۆهەشت كارگەی ئاو بووە، گوتیشی ‏‏"بەشێك لە كارگەكان راستە تاقیگەیان هەبووە، بەڵام كاریان پێی نەكردووە، ‏هەر بۆیە من وەكو خۆم متمانەم بە ئاوی بە لوعە زیاترە لە كارگەكان." ‏
قایمقامی سلێمانی بەپێویستی دەزانێ‌ لەسەر ئاستێكی بەرزتر چاودێری ‏كاری كارگەكان بكرێت ‌و دووبارە پێداچوونەوە بەو مۆڵەتانەدا بكرێن كە ‏پێیان دراوە، ئەو دەڵێت "ئێمە كاری خۆمان كردووە ‌و چاودێریی تەواومان ‏كردووە لەماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا لە هەشت كارگەی ئاو، چوارمان سزاداوە، ‏بەڵام هەست دەكەم دەبێت تیمێكی گەورەتر چاودێری كاری كارگەكانی ئاو ‏بكات، بەجۆرێك دووبارە پێداچوونەوە بە‌و مۆڵەتانەدا بكرێن كە پێیان ‏دراون."
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر‏ وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏باسی لەوە كرد زیاتر لە 20 لیژنەیان هەیە ئەو لیژنانە لەكاتی گەرمادا ‏چاودێرییەكانیان چڕتر دەكەنەوە بەتایبەت بۆ كۆگاكانی ئاو ‌و خۆراك ‌و ‏گوتیشی "هەر ئەمڕۆ سەردانی 15 شوێنمان كردووە ‌و دوو فرۆشیار لەبەر‏ئەوەی شوێنی هەڵگرتنی ئاوەكانیان شیاو نەبوون سزاماندان بۆیە داوا ‏لە خەڵكی دەكەین ئەو ئاوانە نەكڕن كە لەسەر شەقامەكان دانراون ‌و بەبڕوا ‏منیش ئاوی بەلوعە هیچ گرفتێكی نییە بۆ خواردنەوە."‏
قایمقامی هەولێر باسی لەوەش كرد لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ‏‏354 تۆن خۆراك ‌و كاڵا خراپ بوویان لەنێوبردووە
 
‏د. هیوا عوسمان، مامۆستای زانكۆ ‌و پسپۆڕی كیمیایی پۆلیمەر، لە ‏دەستپێكی قسەكانی ئەوەی روونكردەوە ئاوی دەبە لە كوردستان بەپێی ‏ستانداری جیهانی نییە، بۆ پشتگیری ئەو بۆچوونەشی ئاماژەی بەوەدا ئەو ‏ئاوەی دەكرێتە دەبەوە "لە بەشێكی گاركەكان هەر بە گەرمی تێدەكرێت ‏ئەوەش گەورەترین هەڵە دەبێت لانی كەم 24 كاژێر ئاوەكە بمێنێتەوە ‏بە تەواوەتی سارد بێتەوە ئەوجا بكرێتە دەبەوە، ئەگەر بەو جۆرە نەبێت ‏ئاوەكە لەگەڵ دەبەكە كارلێك دەكات و دەبێتە هۆی دروستكردنی چەندین ‏كێشەی تەندروستی بۆ ئەو كەسەی دەیخواتەوە".‏
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی روونكردەوە وەك خۆی سێ‌ جۆر ئاوی بۆ پشكنین ‏بردووەتە دەرەوە ‌و سەرئەنجام ئاوی بەلوعەكە لە دوو جۆرەكەی دیكەی كوالێتی ‏بەرزتر بووە ‌و گوتیشی "ئاوەكان ئاوی دەبە‌و ئاوی كانی ‌و ئاوی بەلوعەی ‏ماڵان بوو، لە ئەڵمانیا پشكنینم  بۆ كرد سەرنجام ئاوی بەلوعە لە دووانەكەی ‏دیكەی كوالیتی باشتر بوو."
 
‏ئازاد محەممەد كە وەك بەڕێوەبەری  كارگەیەكی ‏ئاو بەشداری ‏بەرنامەكەی كرد سەرباری رەتكردنەوەی ئەو بۆچوونانەی كە لەسەر خراپی ‏كوالێتیی ئاوی جام ‌و دەبەكان خرایەڕوو، ئەوەشی روونكردەوە  لە كوردستان ‏ئامێری پێشكەوتوو لەبەردەست نییە بۆ هەموو جۆرە پشكنینێكی ئاو ‌و ‏گوتیشی "راستە لە زانكۆكانی سلێمانی ‌و سەلاحەدین ئامێری پشكنین ‏هەیە، بەڵام كاری لەسەر ناكرێت ئامێرەكان كەم ‌وكوڕییان هەیە". 
ئازاد محەممەد، ئەوەی نەشاردەوە هەرچەندە لەسەر سنوورەكان پارەی ‏پشكنینی ئەو موادە پلاستیكیانەیان لێوەردەگرێ‌ كە بۆ كارەكانیان بەكاری ‏دەهێنن، بەڵام ئەنجامەكەیان نادانەوە گوتیشی "دیارە ئەو پشكنینانە تەنیا ‏بۆ وەرگرتنی پارەیە نەك شتێكی دیكە".‏
ئەم بەرنامەیە شەوی 12-07-2021 بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش ‏كرا