مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستاندا و لە رووی شەرعەوە
بەختیار مەحموود مەلا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی لەم بەرنامەیەدا ئاشكرای دەكات كە لە سلێمانییەوە پارە بۆ كڕینی ئامێرێكی دروستكردنی پارەی ئەلیكترۆنی حەواڵە دەكرێت و دەشڵێت: "هەفتانە 100 هەزار دۆلار بۆ كەسێك حەواڵە دەكرێت."
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان كە مامەڵەكردن بە دراوە ئەلیكترۆنییەكانەوە بە حەرام دەزانێت، بە دراوە ژمارەییەكان ناویان دەبات و دەڵێت: "700 ملیۆن دۆلاری عێراق لە مامەڵەی دراوە ئەلیكترۆنییەكاندایە."
د. نەرمین مەعرووف، راگری كۆلێژی بازرگانی لە زانكۆی سلێمانی لە سەرەتای بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد دراوی ئەلیكترۆنی یان دراوە ژەمارەییەكان پرسێكی نوێیە و بەدواداچوون لەسەری كەمە، بۆیە خەڵكی زانیارییەكی كەمیان لە بارەوە هەیە، بە پێچەوانەی دراوی ئاسایی مامەڵەكردن پێوەی ئاسان نییە و مەترسیی زۆر تێدایە بۆیە هیچ كاتێك ئامادەنیم هانی خەڵك بدەم مامەڵە بەو جۆرە دراوانە بكات و خۆیشم نایكەم.
لە بارەی ئەوەشەوە بۆچی دراوێكی ئەلیكترۆنی وەك بیت كۆین هێندە نرخەكەی بەرزە، بە جۆرێك لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی 2010 نرخی هەر دانەیەكی چەند سەنتێك بووە، بەڵام ئێستا هەر دانەیەكی زیاتر لە 27 هەزار دۆلارە، د. نەرمین پێی وایە ئەوە دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە: "یەك، تێچووی دراوێكی ئەلیكترۆنی زۆر زۆرە و بە ئاسانی دروست ناكرێت. دوو، خستەڕووی زۆر كەمە. ئەوە وای كردووە بەو جۆرە نرخەكەی بەرز ببێتەوە، بەڵام گرفتی ئەو جۆرە دراوانە ئەوەیە بۆ قازانج دروست كراون، بە پێچەوانەی دراوی ئاساییەوە كە بۆ كارئاسانیی مامەڵەكردن دروست دەكرێن".
لەبارەی ئەوەشەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان یاخود عێراق دراوێكی ئەلیكترۆنی بكاتە دراوی دووەمی خۆی، كارێكی گونجاوە، د. نەرمین گوتی: "بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش هێشتا زووە بیر لە كارێكی وەها بكرێتەوە، چونكە هێشتا سیستەمی بانكی رێكنەخراوە.".
بەختیار مەحموود مەلا ئەمین، كە وەك ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی بەشداریی بەرنامەكەی كرد، باسی لەوە كرد لە دنیای ئەمڕۆدا دراوە ئەلیكترۆنییەكان شۆڕشی پیشەسازیی چوارمە ئەگەر دوای نەكەوین، دوادەكەوین و ئایندەش هەر بۆ ئەو جۆرە دراوانەیە و دەشڵێت: "بەڵام مامەڵەكردن بەو جۆرە دراوانەوە بێ مەترسی نییە، چونكە دەزگایەك نییە پشتیوانییان بكات، دەكرێت بڵێن جۆرێكە لە قوماركردن، بەتایبەت بۆ وڵاتێكی وەكو ئێمە كە تاوەكو ئێستا سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوومان نییە.".
لەبارەی ئەوەشەوە کە مامەڵەكردن بەو جۆرە دراوە لە كوردستان تاوەكو چ رادەیەكە، بەختیار مەحموود گوتی: "نووسینگەیەكی دراو هەیە لە سلێمانی پێیان گوتم هەفتانە 100 هەزار دۆلار بۆ كەسێك حەواڵە دەكەین بۆ كڕینی ئامێرێكی دروستكردنی پارەی ئەلیكترۆنی كە ئامێرەكە ناوی 'ماینەرە.' جگە لەوە ئێستا سەرمایەی دراوە ئەلیكترۆنییەكان زیاتر لە 700 ملیار دۆلار كە 68%ـی دراوی ئەلیكترۆنی بیت كۆینە.".
كاردۆ كەمال، شارەزای بازاڕە داراییەكان، لە سەرەتای قسەكانیدا باسێكی میژوویی دروستبوونی دراوە ئەلیكترۆنییەكانی كرد كە بۆ ساڵی 2010 دەگەڕێتەوە. ئەوەشی خستەڕوو گرنگیی ئەو دراوە لەوەدایە كە هیچ وڵاتێك پشتیوانیی نییە و گوتیشی: "ئەگەر وڵاتێك ببێتە خاوەنی دراوە ئەلیكترۆنییەكان، ئەو گرنگییەی نامێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی ئێران و رووسیا و ڤێنزوێلا هەوڵیان دا دراوی ئەلیتكرۆنی دروست بكەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون."
شارەزاكەی بازاڕە داراییەكان روونی دەكاتەوە ئەو دراوە ئەلیكترۆنییەی كۆمپانیایەك بەرهەمی دەهێنێت، هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە قەتەرەوە بەشداریی بەرنامەكەی كرد. باسی لەوە كرد ئەوە ناوی دراوی ژمارەییە، نەك ئەلیكترۆنی و لە بنچینەدا دراو نییە، "بەڵام بە داخەوە كاری دراو دەكات".
د. عەلی قەرەداخی گوتیشی: "دروستكردنی دراوەكە تەكنەلۆجیایەكی زۆر پێشكەوتووە و جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە هیچ كەس خۆی بە خاوەنی نازانێت و پشتیوانێكی یاسایی نییە. تەنانەت لە ساڵی 2019دا هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و یابان و كەنەدا و ئیتاڵیا و بەریتانیا و فەرنسا كۆبوونەوە و ئەو جۆرە دراوانەیان بە مەترسی ناو برد."
د. عەلی قەرەداخی جەختی لەوە كردەوە ئایندە بۆ ئەو جۆرە دراوانەیە و گوتیشی: "دواجار دەبێت خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، بەڵام بەم جۆرەی ئێستا نا، چونكە ئێستا هیچ پشتیوانێكی یاساییان نییە؛ هیچ وڵاتێكیش وەكو دراوی خۆی نایانناسێنێت.، ئەگەر وڵاتێك پشتیوانیی بكات و وەك جۆرە دراوێكی خۆی بیناسێنێت، ئەو كاتە كێشەی نییە، وەك وەڵاتی چین كە 'واین كۆین'ـی هەیە یاخود بەرازیل كە 'پترۆ كۆینی' هەیە. ئێستا لە قەتەر ئێمە سەرقاڵی ئەوەین كە 'گۆڵدن كۆین' دروست بكەین."
د.عەلی قەرەداخی ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا 700 ملیۆن دۆلاری عێراق لە مامەڵەی دراوە ئەلیكترۆنییەكاندایە. ئەو پێیوایە کە زاراوەی دراوی ئەلیكترۆنی راست نییە، بەڵكو دەبێت پێی بگوترێت دراوی ژمارەیی، ئەوە دروستترە.
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان گوتیشی: "ئێستا بە هەموو شێوەیەك مامەڵەكردن بەو جۆرە دراوانەوە لە رووی ئایینی ئیسلامەوە دروست نییە و حەرامە، بەڵام بۆ ئایندە ئەگەر وڵاتێك بە فەرمی خۆی بكاتە خاوەنی و پشتیوانێكی یاسایی هەبێت، ئەو كاتە مامەڵەكردن پێوەی دروستە."
د.عەلی قەرەداخی بە ئاسایی دەبینێت ئەگەر هەرێمی كوردستان دراوێكی ئەلیكترۆنی بكاتە دراوی دوومی خۆی ئەوەش بە پاڵپشتیی غاز یان نەوتی كوردستان، "بەڵام بەم جۆرەی ئێستا دراوە ئەلیكترۆنییەكان هیچ سوودێكی بۆ خەڵكی كوردستان نابێت. ئەگەر هەر كەسێك مامەڵەكەی بكات، یاخود هانی خەڵكی بدات ئەو جۆرە مامەڵەیە بكات، ئەوا گوناهبار دەبێت.".
ئەم بەرنامەیە شەوی 2020/12/28 بە شێوەیەكی راستەوخۆ پێشكەش كرا و میوانەكانیش پێكهاتبوون لە:
*د. نەرمین مەعرووف، راگری كۆلێژی بازرگانی لە زانكۆی سلێمانی
*بەختیار مەحموود مەلا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژووری بازرگانیی سلێمانی
*د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان
* كاردۆ كەمال، شارەزای بازاڕە داراییەكان