بەرهەمهێنانی رۆن لە پارێزگای هەولێر

01 November 2022
بەرهەمهێنانی رۆن لە پارێزگای هەولێر
 

بەرهەمهێنانی رۆن لە پارێزگای هەولێر

 

ئەمە مەزنترین گرووپی کارگەییە لە هەولێر. لە ناوچەی پیشەسازیی تیمارە. گرووپی کارگەکانی زێڕ کە لە حەوت کارگەی جۆراوجۆر پێکهاتووە، بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات و بەرهەم دەهێنێت. زیاتر لە 300 جۆر ماددەی هەیە و لە سەرانسەری عێراقدا بڵاویاندەکاتەوە.

 

ئەم کارگەیە چوار جۆر رۆنی خواردن دروست دەکات. ئەو کارگەیە پێنج هێڵی بەرهەمهێنانی هەیە، هەریەک لەوان حەوت-هەشت کەس بەڕێوەی دەبەن. رۆنی خواردن، رۆنی پاقلاوە، رۆنی کێک و رۆنی سوورکردنەوە کە دەکرێنە تەنەکە و دەبەوە. ئەم کارگەیە دەتوانێت رۆژانە 300 تۆن رۆنی خواردن بەرهەم بهێنێت.

 

کارگەکە چوار هێڵی دروستکردنی تەنەکەی رۆنی خواردنی تێدایە کە یەکێکیان تەواو خۆکارە و دەبێتە یەکەمین هێڵی بەرهەمهێنانی خۆکاری تەنەکەی رۆنی خواردن لە عێراقدا. سێ هێڵەکەی دیکەیش پێویستیان بە کاری دەستییە کە هەریەکێکیان هەشت کارمەندی تێدایە.

 

یەکەم هێڵ تەنەکەی بازنەیی 10 کیلۆگرامی دروست دەکات و دەتوانێت لە کاژێرێکدا 700 دانە دروست بکات. هێڵی دووەم و سێیەمیش بە هەمان شێوە تەنەکەی 10 و 11 کیلۆگرامی دروست دەکەن.

 

هێڵە خۆکارەکە تەنەکە بە قەبارەی 5، 6 و 10 کیلۆگرامی دروست دەکات و شەش کارمەندی هەیە و دەتوانێت لە کاژێرێکدا 2500 تەنەکە دروست بکات.

 

هەروەک خاوی رۆنی شلی گوڵەبەڕۆژە، خاوی رۆنی خواردنیش کە لە خورما دروست دەکرێت، لە ئۆکرایناوە دەهێنرێت.

 

هێڵی یەکەمی کارگەکە دەبەی  یەک لیتری تاوەکو چوار لیتری دەرست دەکات و دەتوانیت لە یەک کاتدا هەشت دەبە پڕ بکات و لە کاژێرێکدا 1300 دەبەی یەکلیتری بەرهەم بهێنێت.

 

رۆبۆتێک هەموو تەنەکە رۆنەکان لەسەر یەکدی ریز دەکات و دەیانکاتە سەر پالێت کە هەر پالێتێک 168 تەنەکە رۆنە و دەینێرێتە بەردەستی کارمەندانی کۆگە.

 

ئەم کارگەیە رۆژانە 300 تۆن رۆنی خورما دەکاتە چوار جۆر رۆنی خواردن و بە زیاتر لە 17 قەبارەی جودا لە دەبە و تەنەکەدا دەیانخاتە بازاڕەکانەوە.

 

90 کارمەندی کورد کە زۆربەیان خەڵکی هەولێرن لەم کارگەیەدا کار دەکەن و کارگەکە 24 کاژێر کاری تێدا دەکرێت.