کارگەی نوێبوونەوە: نهێنیی "گوشینی سارد" و خەونی براندێکی جیهانی
نوێبوونەوە، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتە لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە ناوێکی دیار لە بازاڕی خۆماڵیدا. ئەم کارگەیە، بە پشت بەستن بە تەکنیکی "گوشینی سارد” و، بەکارهێنانی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، زیاتر لە 100 جۆر زەیتی سرووشتی، بە کوالێتیی بەرز بەرهەم دەهێنێت. چیرۆکی "نوێبوونەوە" تەنیا چیرۆکی پڕۆژەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی خەونی گەیشتنی بەرهەمی کوردستانە بە ستاندارد و بازاڕە جیهانییەکان.
کارگەی نوێبوونەوە، لە ساڵی 2020 لەسەر رووبەری 750 مەتر دووجا دامەزراوە و بە توانای بەرهەمهێنانی هەفتانەی 10 تۆن، زیاتر لە 15 جۆر زەیتی چێشتلێنان، 100 جۆر زەیتی جوانکاری و تەندروستی، لەگەڵ 15 جۆر کەرەی چەرەزات و راشی (تەحین) بەرهەم دەهێنێت. بنەمای سەرەکیی کارگەکە، بەکارهێنانی تەکنیکی "گوشینی سارد" (Cold Press)ە، کە بەهۆیەوە هیچ گەرمییەک لە پرۆسەکەدا بەکارناهێنرێت و، هەموو ڤیتامین و پێکهاتە بەسوودەکانی ناوک و تۆوەکە وەکو خۆی دەمێننەوە.
محەممەد ڕۆستەم زەنگەنە، خاوەنی کارگەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە دامەزراندنی کارگەیەکی لەم شێوەیە ئاسان نەبووە و پێویستی بە ئامێری پێشکەوتوو هەبووە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتێکی 100% سرووشتی. کارگەکە بۆ کارپێکردنی ئامێرەکانی، پشت بە زیاتر لە 100 ئەمپێر کارەبای وزەی خۆر دەبەستێت و تاکە کارگەیە کە رێگە بە هاونیشتمانییان دەدات سەردانی بکەن و لە نزیکەوە چۆنیەتیی بەرهەمهێنان ببینن.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی "نوێبوونەوە"، پشت بەستنە بە بەرهەمی جووتیارانی کوردستان. هێمن عەلی، لە بەشی هاوردەکردن، دەڵێت: "زۆربەی ماددەکانمان خۆماڵین، وەکو ناوکی هەناری هەڵەبجە، گوێزی هەورامان، قەزوانی شارباژێڕ، زەیتوونی دهۆک و ئاکرێ، کونجی و ڕەشکە." لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ دڵنیابوون لە بەرزترین کوالێتی، هەندێک ماددەی تایبەت وەکو ناوکی گوڵەبەڕۆژەی پڕ زەیت لە مۆڵدۆڤیاوە هاوردە دەکەن.
کوالێتی، وشەی نهێنیی سەرکەوتنی کارگەکەیە. سانا نەجات، بەڕێوەبەری تاقیگە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو بەرهەمێک پێش گەیشتن بە بازاڕ، بە چەندین قۆناخی تاقیکردنەوەی فیزیایی (رەنگ، بۆن، تام) و، کیمیایی (رێژەی ترشی و پیرۆکساید)دا تێدەپەڕێت. ئەم پابەندبوونە بە ستانداردەکان، وایکردووە کارگەکە خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ئایزۆ (ISO) و حەڵاڵ و مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی بێت.
جگە لە زەیتەکان، بەشێکی دیکەی کارگەکە تایبەتە بە دروستکردنی کەرەی چەرەزاتی سرووشتی. لانە دلاوەر، لە بەشی کەرەی چەرەزات روونی دەکاتەوە کە ئەم بەرهەمانە جگە لە تامە خۆشەکەیان، کانگەی ڤیتامین و پڕۆتینن و، سوودی تەندروستیی زۆریان هەیە، بەتایبەت بۆ وەرزشکاران و منداڵان و بەساڵاچووان.
کارگەی نوێبوونەوە، تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانی نییە، بەڵکو بووەتە ناوەندێک بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و ناساندنی بەرهەمی کوردستان بە جیهان. چیا عەلی کەریم، بەڕێوەبەری کارگە، دەڵێت کە پلانیان هەیە بەرهەمەکانیان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکەن و لە ئێستاوە چەند وڵاتێک، وەکو یۆنان، بەریتانیا و ئەڵمانیا، داوای بەرهەمەکانیان کردووە.
خاوەنی کارگەکە هیواخوازە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیان بێت بۆ گەورەکردنی پڕۆژەکە، چونکە ئامانجیان ئەوەیە ناوی کوردستان لە رێگەی بەرهەمێکی کوالێتی بەرزەوە بە جیهان بناسێنن. گەشتی "نوێبوونەوە" چیرۆکی تێکەڵاوبوونی سرووشتی کوردستان، ماندووبوونی جووتیاران و خەونی گەنجانە لەنێو هەر دڵۆپێکدا؛ چیرۆکێک کە تازە دەستی پێکردووە و چاوی لە ئاسۆیەکی جیهانییە.