وێستگەی بازیان؛ بەرهەمهێنانی 1250 مێگاوات کارەبا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو

وێستگەی بازیان؛ بەرهەمهێنانی 1250 مێگاوات کارەبا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو
لە نزیک شاری سلێمانی و لە ناوچەی پیشەسازیی بازیان، یەکێک لە 15 وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان لەسەر رووبەری 400 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە. ئەم وێستگەیە کە بە "وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بازیان" ناسراوە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 1250 مێگاوات کارەبای هەیە و بڕیارە لە داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانەکەی بۆ 1500 مێگاوات بەرزبکرێتەوە.
وێستگەکە پشت بە گازی سرووشتی دەبەستێت و ڕۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن پێ سێجا لە گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی یەکەکانی بەکاردەهێنێت. بەپێی داتا هونەرییەکان، ئەو بڕە کارەبایەی ئێستا لە وێستگەکەوە بەرهەم دەهێنرێت، توانای دابینکردنی کارەبای بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار هاووڵاتی هەیە، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 87 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.
لە رووی تەکنیکییەوە، وێستگەکە لە سێ بەشی سەرەکیی بەرهەمهێنان پێکهاتووە و بە سیستەم و تەکنەلۆژیای مۆدێرنی جیهانی کار دەکات. خاڵی جێی سەرنج لەم وێستگەیەدا بەکارهێنانی سیستەمی (Combined Cycle)ـە لە یەکێک لە بەشەکاندا؛ ئەم بەشە بەبێ بەکارهێنانی سووتەمەنیی زیادە و تەنیا لە رێگەی ئەو گەرمی و هەڵمی ئاوەی لە یەکەکانی دیکەوە دەردەچێت، کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە.
نزیکەی 200 ئەندازیار، پسپۆڕ و کارمەند بەشێوەی 24 کاژێری لە وێستگەکەدا کار دەکەن و پابەندی تەواوی ڕێنماییەکانی سەلامەتی و پاراستنی ژینگەن. هاوکات لەگەڵ پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری (پروژەی ڕۆناکی)، وێستگەی بازیان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و بەشێوەیەکی بەردەوام 1250 مێگاوات کارەبا دەخاتە نێو تۆڕی نیشتمانییەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.