کارگەی گەورەی کۆمپانیای هایسنس

کارگەی گەورەی کۆمپانیای هایسنس
دلێر تێلی، گەشتێکی تایبەت بۆ نێو دڵی پیشەسازیی ئەلیکترۆنی لە چین ئەنجام دەدات و بۆ یەکەمجار دەرگای چوار کارگەی گەورەی کۆمپانیای هایسنس (Hisense) لە شاری چینگداو بەڕووی بینەرانی کوردستان دەکاتەوە. بەرنامەکە تیشک دەخاتە سەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ و نهێنییەکانی پشت کوالێتی و توانای بەرهەمهێنانی بەرفراوانی ئەم مارکە جیهانییە ئاشکرا دەکات.

بەرنامەکە  لەبارەی چۆنیەتیی کارکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بەتایبەتی زیرەکیی دەستکرد (AI) و ڕۆبۆت، لە کارگەکانی هایسنس بۆ دروستکردنی تەلەڤیزیۆن، بەفرگر و سەلاجە، جلشۆر و سپلێت. هەروەها نوێترین تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکە لە بواری شاشەدا نمایش دەکات.


بەرنامەکە نیشانی دەدات کە هایسنس چۆن پشتی بە هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆماتیکی و ڕۆبۆتی زیرەک بەستووە. بۆ نموونە، کارگەی تەلەڤیزیۆن دەتوانێت ڕۆژانە 50,000 ئامێر بەرهەمبهێنێت و هەر ئامێرێک بە زیاتر لە 100 قۆناغی وردی پشکنیندا تێدەپەڕێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتیی بەرز، کە بەرهەمەکانی بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەنێویاندا کوردستان و عێراق، دەنێردرێن.




تێکستی تەواوی بەرنامەکە:


نوێترین تەکنەلۆژیای ئەم  براندە لەنێو کارگەکانیدا دەبینین، بۆ یەکەمجارە لە رووداودا پیشانی ئێوەی دەدەین.
چوار کارگەی هایسنس لە چینگداو لە چین، لە رووداوەوە بیبینن.
شاری چینگداو، دەکەوێتە سەر کەناری دەریای زەرد لە پارێزگای شاندۆنگی چین. نەک تەنیا شوێنێکی جوان و گەشتیارییە، بەڵکو وەکو ناوەندێکی ستراتیژیی ئابووری و پیشەسازی لە چین ناسراوە.
لە کەرتی پیشەسازیی چیندا، چینگداو! رۆڵێکی بەرچاوی هەیە، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازیی بەندەر، ئۆتۆمبێل، پترۆکیمیایی، بەتایبەتیش لە ئەلیکترۆنیاتدا. بەدرێژایی ساڵان، حکومەتی چین وەبەرهێنانێکی گەورەی لە ژێرخانی ئەم شارەدا کردووە، ئەمەش رێخۆشکەر بووە بۆ راکێشانی کۆمپانیا گەورەکان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ.

جگە لە پیشەسازیی بەهێز، چینگداو ناوەندێکی گەشتیاریی بەناوبانگە، کە بە کەنارە دەریاییە جوانەکانی، باڵەخانە بەرزەکان و پارەکە گەورەکانی، هەروەها بە مێژووە کولتوورییەکەی، گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
لەنێو ئەم شارە گەشاوەیەدا، کۆمپانیای هایسنس، بە مێژووی نزیکەی 55 ساڵەی خۆیەوە، وەکو یەکێک لە بەناوبانگترین مارکەکانی ئەلیکترۆنیات لە سەرتاسەری جیهاندا سەریهەڵداوە و رۆڵێکی ئابووریی گرنگ لە چینگداو دەگێڕێت.

ئەمە باڵەخانەی سەرەکیی کۆمپانیای هایسنسە لە چین لە شاری چینگداو. ئەم براندە خاوەنی گەورەترین کارگەکانیەتی لەنێو ئەم شارەدا؛ کارگەی (AC Factory) یان دروستکردنی سەدان جۆر سپلیت، کارگەی دروستکردنی جلشۆر، هەروەها کارگەی بەفرگر و سەلاجە. هەروەها، ئەم براندە خاوەنی گەورەترین کارگەی تەلەڤیزیۆنە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، کە لەم شارەدا دەتوانێت بە هەزاران تەلەڤیزیۆن لە دەیان جۆری جیاواز دروست بکات و بۆ هەموو وڵاتانی جیهانی بنێرێت، لەوانەش کوردستان و عێراق.

لە رێگەی ئەم بەرنامە تایبەتەوە لەسەر ئەم براندە، لە وڵاتی چین و لە چینگداو، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو جیهان و بۆ یەکەمجاریش میدیایەکی کوردی و جیهانی دەچینە نێو ئەم کارگانەوە.
من، دلێر تێلیم لەگەڵتان دەبم، بەرنامەیەکی تایبەتتان نیشان دەدەم، نیشانتان دەدەم ئەم براندە چۆن تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) و ئەو رۆبۆتە زیرەک و پێشکەوتووانە لەنێو هێڵەکانی بەرهەمهێنانیدا، کە درێژییەکەیان یەک کیلۆمەترە، بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی بەرهەم و ئامێرەکانی.

هایسنس، کە لە ساڵی 1969 وەکو کارگەیەکی بچووکی رادیۆ لە چینگداو دەستی بەکارەکانی کردووە، بە پشتبەستن بە پەرەپێدانی بەردەوام و نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیا، گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لە بواری بەرهەمهێنانی شاشە و تەلەڤیزیۆن و ئامێرە ناوماڵییەکان و تەکنەلۆژیاکانی دیکەدا.
کارگەی هایسنس بۆ بەرهەمهێنانی شاشە و تەلەڤیزیۆن لە چینگداو، بە دروستی گەورەترین کارگەی هایسنسە لە جیهاندا لەنێو حەوت کارگەکەیدا کە لە چین، مەکسیک، سلۆڤینیا، باشووری ئەفریقا و ڤێتنام بەرهەمهێنان دەکەن. کارگەکەی هایسنس لە چینگداو بە یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی لەسەر ئاستی هەموو جیهان و لەسەر ئاستی چین دادەنرێت، ئەم کارگەیە دەتوانێت رۆژانە 50 هەزار تەلەڤیزیۆن بە قەبارەی 32 بۆ 163 ئینج دروست بکات.

لێرە، 5 هەزار کارمەند پێکەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی رۆژانەی 50 هەزار شاشە و تەلەڤیزیۆن و ساڵانەش 14 ملیۆن دانە لەنێو ئەم کارگەیەدا بەرهەمدەهێندرێن. بە گشتی لە هەر حەوت کارگەکەی هایسنسدا ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن شاشە و تەلەڤیزیۆن بە هەموو جۆر و قەبارەیەک دروست و دابەش دەکرێن.

ئەم هێڵە، یەکێکە لە پێشکەوتووترین هێڵەکانی دروستکردنی تەلەڤیزیۆن، بەتایبەتی لە جیهانی کارگەکانی دروستکردنی شاشە و تەلەڤیزیۆندا. ئەم هێڵە 180 مەتر درێژە، تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی رۆبۆت و زیرەکیی دەستکردی لەسەرە. هێڵەکە بە زیرەکیی دەستکرد بەڕێوەدەبرێت و دەتوانێت لە سێ خولەکدا یەک تەلەڤیزیۆنی 85 یان 75 ئینج تەواو بکات. ئەم هێڵە دەتوانێت لە یەک کاژێردا نزیکەی 5 هەزار تەلەڤیزیۆن دروست بکات.

ئەم کارگەیە 27 هێڵی بەرهەمهێنانی هەیە کە هەر یەکێکیان 180 مەتر درێژە. بەهۆی زۆریی ژمارەی کارمەندان و ئەم هێڵانە و رۆبۆتەکان و سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکردەوە، لە هەر سێ خولەکدا شاشەیەک یان تەلەڤیزیۆنێک بە 100 قۆناخدا تەواو دەبێت. بۆ دابینکردنی باشترین کوالێتی، لە هەر هێڵێکی بەرهەمهێناندا 20 تێستی زیرەکیی دەستکرد ئەنجام دەدرێن.

هانس ئو- بەڕێوەبەری کارگەی تیڤی هایسنس لە چینداو:
ئێمە ئێستا لە کارگەی هایسێنس ڤیژواڵ تێکنەلۆجیین لە چینگداو، وەکو ناوەندێکی سەرەکی بۆ تۆڕی بەرهەمهێنانی جیهانی کار دەکات. ئەم کارگەیە خاوەنی 21 هێڵی بەرهەمهێنانە و توانای دروستکردنی بەرهەمی شاشەی قەبارە 32 ئینچ تاوەکو 163 ئینچی هەیە. ئێستا ئێمە لەسەر یەکێک لەو هێڵانەین کە بە شێوەیەکی سەرەکی، مۆدێلی قەبارە 75 بۆ 85 ئینچ بەرهەم دەهێنێت. ئەم هێڵە لە رووی ئۆتۆماتیکی و بەرهەمهێنانی زیرەکەوە یەکێکە لە پێشکەوتووترینەکان لەسەر ئاستی پیشەسازییەکە، توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی یەک هێڵ دەگاتە 160 یەکە بۆ تەلەڤیزیۆنی 75 ئینچ و 150 یەکە بۆ تەلەڤیزیۆنی 85 ئینچ. ئەم هێڵە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بێ کارمەندە بۆ پشکنینی ئۆتۆماتیکی کە هەموو قۆناخەکان دەگرێتەوە، لە پشکنینی ناوەی ئامێرەکە تاوەکو پشکنینی رووکەش. ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالیتیی ئەو بەرهەمانەی کە هەناردەی سەرتاسەری جیهانیان دەکەین. ئەم سیستەمە کاراییەکی بەرزی بەرهەمهێنان مسۆگەر دەکات، هاوکات لەگەڵ پاراستنی بەرزیی کوالیتی کە دەبێتە هۆی گەیاندنی خێرا و متمانەپێکراو بۆ کڕیارەکانمان لە هەموو جیهان.


کۆمپانیای هایسنس، وەکو یەکێک لە پێشەنگەکانی جیهان لە بواری ئەلیکترۆنیات و ئامێرەکانی ناوماڵدا، بنکەیەکی سەرەکیی بەرهەمهێنان و توێژینەوەی لە شاری ستراتیژیی چینگداو لە چین بە گەرموگوڕییەوە دامەزراندووە. لەگەڵ ئەمەشدا چوار کارگەی گەورە و چەندین سەنتەری پێشکەوتووی توێژینەوە و پەرەپێدان R&D هەن کە بە نوێترین تەکنەلۆژیا و سیستمی زیرەکی دەستکرد AI کاردەکەن. ئەمەش رۆڵێکی بنەڕەتی لە دابینکردنی بەرهەمەکانی هایسێنس بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگێڕێت و هەلی کاری بۆ هەزاران کەس لە چین و چینگداو دابینکردووە.



زانگیو جی- بەشی بەرهەمهێنان لە لێکۆڵینەوەو داهێنان:
ئاشناتان دەکەم بە پێشکەوتووترین داهێنانی ئەمساڵی هایسنس، کە بریتییە لە ئاڕ جی بی مینی ئێڵ ئی دی. ئەم تەکنۆلۆژیایە زۆر پێشکەوتوو گەیشتووەتە لوتکەی پیشەسازییەکەمان. سەرەتا ئەم تەکنۆلۆژیایە دەتوانێت 100%ی مەودای رەنگی بی تی 2020 دابپۆشێت. هەروەها دەتوانێت بگاتە لوتکەی رووناکی 8 هەزار نیتس. جگە لەم دوو خاڵە زۆر باشە، دوو لە پێشکەوتووترین داهێنانەکانی هایسنسی تێدایە کە شانازییان پێوە دەکەین، یەکەمیان بریتییە لە چیپی رووناکی ئاڕ جی بی واتە خۆڕووناککەرەوە، کە شۆڕشێکی لە شێوازی کۆنی رووناکی باکگراوند کردووە. بەهۆیەوە رووناکی باکگراوندەکە لە یەک رەنگەوە گۆڕاوە بۆ سێ رەنگ، سوور، سەوز و شین. ئەمەش دەبێتە هۆی دەربڕینی رەنگی زۆر پوخت و هەروەها رووناکییەکی بێ خەوش. جگە لەوەش، لە کرۆکێکدا بزوێنەری های ڤیوو ئەی ئای ئینجن هەیە کە وەکو بزوێنەری دووەم کار دەکات. ئەم بزوێنەرە ئاڕ جی بییە پشتگیری لە کەمکردنەوەی ناوچەیی ئاڕ جی بی دەکات. ئەمەش وا دەکات ئەم جۆرە رووناکییە وردە دروست ببێت. پێم وایە ئەمە ئەو زانیارییە کورتە بوو کە دەمویست دەربارەی ئەم تەلەڤیزیۆنەوە پێتان بڵێم.



بەشێکی دیکەی کارگەی هایسنس کە کارگەی دروستکردنی سەلاجە و بەفرگرە. ئەم کارگەیە یەکێکە لە گەورەترین کارگەکان لەسەر ئاستی وڵاتی چین، دەتوانێت لە ماوەی 10 کاژێردا 13 هەزار و 330 سەلاجە و بەفرگر دروست بکات. لە بواری ساردکەرەوەکاندا، کارگەی بەفرگر و سەلاجەکان 70 هێڵی بەرهەمهێنانی پێشکەوتuوی هەیە کە هەر یەکێکیان زیاتر لە 20 مۆدێلی جیاوازی سەلاجە دروست دەکات.
ئەم کارگەیە دەتوانێت لە کاژێرێکدا هەزار و ک، 330 دانە لەو سەلاجە و بەفرگرانە دروست بکات، ساڵانەش 7 ملیۆن سەلاجە و بەفرگر. بە دەستی 2 هەزار کارمەند دروست دەکرێن و تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) لەم پرۆsەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێندرێت.



وانگ هایبۆ – بەڕێوەبەری گشتی کارگەی ساردکەرەوەو بەفرگرەکان:
کارگەی بەفرگری پینگۆی کۆمپانیای هایسنس ، لە دوو وۆرکشۆپی سەرەکی و کۆی گشتیی حەوت هێڵی بەرهەمهێنان پێکدێت. ئێمە نوێترین ئامێری کۆمی ئیتاڵی بۆ قاڵبکردنی گەرمی و تەکنەلۆژیای پرژاندنی کافی ئەڵمانی بەکاردەهێنین، بەرهەمەکانیشمان بریتین لە بەفرگری قەبارە مامناوەند و گەورە. بە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی زیاتر لە 7 ملیۆن یەکە، بەرهەمەکانمان هەناردەی ژاپۆن، ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و چەندین بازاڕی دیکە دەکرێن. بەهۆی ئۆتۆماتیکیی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەردەمیانە، پابەندین بە پێشکێشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزاریی کوالێتی بەرز بە کڕیاران لە سەرانسەری جیهاندا. لە سەرانسەری پرۆسەی بەرهەمهێناندا، ئێمە کەرەستەی خاوی نایاب، ئامێر و پرۆسەی پێشکەوتوو بەکاردەهێنین، هەروەها ستاندارد و پێداویستیی کوالێتیی جیهانیی یەکگرتووی لەسەر ئاستی ئاسیا، ئەوروپا، کیشوەرەکانی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا و عێراق جێبەجێ دەکەین.

 

ئەم هێڵە، دەتوانێت لە ماوەی 10 کاژێردا دوو هەزار ساردکەرەوەی لەم شێوەیە بەرهەمبهێنێت، 270 کرێکاری چینی لەنێو ئەم کارگەیەدا کار دەکەن. هەموو ئەو پارچانەی لە دروستکردنی ئەم ساردکەرەوانەدا بەکاردەهێندرێن، لە شوێنێکی دیکە دروستدەکرێن و بەهۆی بارھەڵگری بچووک یان بەرزکەرەوە دەهێندرێنە ئێرە، زۆربەی کرێکارەکان ئەو پارچانە هەڵدەگرن و دەیخەنە ناو ساردکەرەوەکانەوە، بەم جۆرە پرۆسەکە لێرە بەردەوام دەبێت. ئەم هێڵە یەک کیلۆمەتر درێژە، هەر کەسێک کارێک ئەنجام دەدات و نابێت کاتێک هێڵی بەرهەمهێنانەکە کار دەکات هیچ پارچەیەک تێپەڕ ببێت، ئەگەریش تێپەڕی، ئەوا تەواوی هێڵەکە رادەوەستێندرێت و دووبارە ئەو پارچەیە دروستدەکرێتەوە و جارێکی دیکە دەست بە بەرهەمهێنان دەکرێتەوە. بەم شێوەیە لەنێو ئەم کارگەیەدا دەتوانن لە یەک کاژێردا 200 ساردکەرەوەی ئاوا تەواو بکەن.


لینگزینگ گیانگ- بەڕێوەبەری هێڵی بەرهەمهێنان:
ئەمە هێڵی Aـیە لە کارگەی پینگدو، کە توانای بەرهەمهێنانی 200 یەکەی لە کاژێرێکدا هەیە، ئەوەی ئێستا دەیبینن تیمی ئێمەیە کە دەرگاکان لەسەر چوارچێوەکان دادەنێن. دەرگاکان لە قۆناخی پێشووترەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە رێگەی ئامێرێکی گوازەرەوەی بنمیچی دەگوازرێنەوە بۆ هەر وێستگەیەکی کارکردن و رێک لەو شوێنەدا دادەنیشن کە کارمەندەکان پێویستییانە، دوای تەواوبوونی قۆناخی بە پاکەتکردن یەکەکان دەچنە قۆناخی کۆکردنەوەی کۆتایی، مۆدێلی جیاواز لەسەر ئەم هێڵانە دروست دەکرێن و بەبێ گوێدانە شوێنی مەبەست جا ناوچە یان وڵاتێکی جیاواز بێت، هەمان ستاندارد و پشکنین جێبەجێ دەکەین.



ئەم کارگەیەی هایسنس بۆ دروستکردنی جلشۆر، ساڵانە دەتوانێت شەش ملیۆن جلشۆر بەرهەمبهێنێت، رۆژانەش لە ماوەی 10 کاژێردا، ئەم کارگە رۆبۆتیک و ئۆتۆماتیکییە دەتوانێت تاوەکو 6 هەزار جلشۆر بەرهەمبهێنێت، ئەمەش یەکێکە لە مۆدێرنترین کارگەکانی هایسنس لە شاری چینگداوی چین. لەم کارگەیەدا 15 رۆبۆت بۆ گواستنەوەی ماددەی خاو لەنێو ئەم هێڵەدا کاردەکەن، کە هەریەکەیان توانای هەڵگرتنی 1200 کیلۆگرامیان هەیە، ئەمەش نیشانەی ئۆتۆماتیکیکردن و بەکارهێنانی رۆبۆت و زیرەکیی دەستکردە لەنێو ئەم کارگەیەدا.
لەنێو ئەم کارگەیەدا 130 کارمەندی چینی لە چینگداو کاردەکەن، تەنیا لە مانگی 10ـی رابردوودا، کارمەندانی کارگەکە توانیویانە 1800 جۆر و قەبارەی جیاوازی جلشۆر لەنێو ئەم کارگەیەدا دروست بکەن.



یۆنگهوی لیوو – بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان لە کارگەی جلشۆرەکان:
بەخێربێن بۆ کارگەی جلشۆری هایسنس ، ئێمە لە هێڵی بەرهەمهێنانی ژمارە 6ـی کارگەی هایسنس لە شاری چینگداو. بنکەی بەرهەمهێنانمان لە چین و دەرەوەی چین هەیە. بنکەی چینگداو توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی نزیکەی 6 ملیۆن جلشۆری هەیە و ئەم هێڵە بەتایبەتی دەتوانێت تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار جلشۆر لە ساڵێکدا بەرهەمبهێنێت. ئەم هێڵە چەند جۆرێک جلشۆر بەرهەمدەهێنێت: جلشۆری دەرگا لە پێشەوە، جلشۆری دەرگا لە سەرەوە، وشککەرەوە و جلشۆری تێکەڵاو لەگەڵ وشککەرەوەی پەمپی گەرمی. ئەو مۆدێلەی ئێستا لەژێر بەرهەمهێناندایە، جلشۆرێکی دەرگا لە پێشەوەیە. ئەم بەرهەمانە هەناردەی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و بازاڕەکانی ئاسیا دەکرێن.



ئەم هێڵە لەنێو ئەم کارگەی دروستکردنی جلشۆرانەدا 260 مەتر درێژە. هەر جلشۆرێک لەنێو ئەم کارگەیەدا لەسەر ئەم هێڵە، بە 111 قۆناخدا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە بەشی پاکەتکردن.
کارگەی دروستکردنی سپلێت یان ئەی سی، کە هەموو جۆرەکانی سپلێت دروست دەکات، لە بەشی بەستندا 400 کارمەندی شارەزای هەیە و چوار هێڵی بەرهەمهێنانیشی بەشێوەیەکی چالاک کار دەکەن. ئەم کارگەیە لە ماوەی 10 کاژێردا 6 هەزار پارچەی سپلێتی کاسێت و دەکت دروست دەکات. هەر سپلێتێکی جۆری دەکت بە 140 قۆناخدا تێدەپەڕێت، لە کاتێکدا سپلێتەکانی کاسێت بە 110 قۆناخدا تەواو دەبن.
بە گشتی، ئەم کارگەیە زیاتر لە هەزار جۆر سپلێت بەرهەم دەهێنێت و بەتایبەتیش پێنج جۆر سپلێتی دەکت، کە لە بازاڕی عێراق و کوردستان خواستیان لەسەرە، لێرە دروست دەکرێن.


سوو جیان – بەڕیوەبەری بەشی کۆتایی بەرهەمهێنان:
بەخێربێن بۆ کارگەی سپلێتی پینگدۆی گرووپی هایسنس، من لە بەشی بەرهەمهێنانی یەکە نێوخۆییەکانی سپلێتی بازرگانی وەستاوم، لێرە چوار هێڵی بەرهەمهێنانمان هەیە. بە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 6000 یەکە، لەسەر ئەم هێڵانە زیاتر لە 400 کارمەند زیاتر لە دەیان جۆر بەرهەم دروست دەکەن، کە زیاتر لە 1000 مۆدێل لەخۆدەگرێت. کارگەی پینگدوو دەتوانێت تەواوی جۆرەکانی سپلێتی ماڵان و بازرگانی بەرهەم بهێنێت. بە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی تێکڕای 50,000 یەکە، ئێمە خۆمان تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی بەکاربەران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە تەکنەلۆژیای باشتر، کوالیتیی بەرزتر و بەرهەمی نایابتر.



کارگەکانی هایسنس لە شاری چینگداو، نەک تەنیا شوێنی بەرهەمهێنانن، بەڵکو سەنتەری پێشخستن و نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیان. بە پشت بەستن بە رۆبۆت و زیرەکیی دەستکردی AI و زیرەکیی ئۆتۆماتیکی، هایسنس بەردەوامە لە نوێکردنەوەی بەرهەمەکانی. بە دابینکردنی ئامێری کوالێتیی بەرز بۆ خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا، هایسنس رۆڵێکی بەرچاو لە پێشخستنی پیشەسازیی ئەلیکترۆنیاتدا دەبینێت. ئەمەش لە چین دروست دەکرێت و لەنێو کارگەکانی هایسنس لە شاری چینگداو بەرهەم دەهێندرێن.