مەید ئین کوردستان - ئێل پی جی

15 April 2025
مەید ئین کوردستان - ئێل پی جی
 مەید ئین کوردستان ئەمجارە کارگەی باوان بۆ دروستکردنی تانکی گازی ئێل پی چی بە بینەرانی دەناسێنێت.
کارگەی باوان لە سلێمانی، لەسەر رێگای سەرەکیی عەربەت، یەکەمین کارگەیە لە کوردستان و عێراق کە تانکی هەڵگرتنی گازی ئێڵ پی جی دروست دەکات. کارگەکە لە ساڵی 2000 دامەزراوە و لە 2018 دەستی کردووە بە دروستکردنی تانکی تایبەت بە گازی ئێڵ پی جی..
کارگەی باوان زیاتر لە 5,000 تانکی دروست کردووە کە قەبارەیان لە 1,000 لیترەوە تاوەکو 200,000 لیتر دەگۆڕدرێت. کارگەکە بە دوو شەفت کار دەکات و رۆژانە دەتوانێت 80 تانکی 2,500 لیتری بەرهەم بهێنێت. ئەم تانکیانە بە چەندین قۆناغی پشکنین و تاقیکردنەوە تێدەپەڕن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و توانای بەرگەگرتنی فشاری بەرز.
تانکییەکان بە پلێتی ئەی 516 گرێد 70 دروست دەکرێن، کە ئاسنێکی بەهێزە و دەتوانێت بەرگەی فشاری بەرز بگرێت. تانکییەکان تێستی هایدرۆستاتیک لەژێر 33 بار فشار دەکرێن و سیستەمی پارێزگاری هەیە کە ناهێڵێت فشاری ناوەوە لە 17.2 بار زیاتر بێت، کە ئەمەش بۆ سەلامەتی بەکارهێنەرانە.
بازاڕی بەرهەمەکانی کارگەی باوان بریتییە لە کوردستان و عێراق، و تانکییەکان بۆ سێکتەری گشتی و تایبەت دەفرۆشرێن. تانکییەکان بۆ بەکارهێنان لە ماڵان، کارگەکان، کارگە مەزنەکانی تواندنەوەی ئاسن و ئەلەمنیۆم، سیتییەکان و زۆر شوێنی دیکە بەکاردێن. گازی ئێڵ پی جی دۆستی ژینگەیە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوویەکی کەمتری هەیە بەراورد بە سووتەمەنییەکانی دیکە.