تەحینی ئامێدی؛ ئاشێکی ئاوی 31 ساڵە تەحین بەرهەم دەهێنێت و بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری

تەحینی ئامێدی؛ ئاشێکی ئاوی 31 ساڵە تەحین بەرهەم دەهێنێت و بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری
لە چوارچێوەی بەرنامەی (مەید ئین کوردستان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخەینە سەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی تەحینی بەناوبانگی ئامێدی. لەم شارۆچکەیەدا ئاشێکی ئاوی هەیە کە ماوەی 31 ساڵە کار دەکات و جگە لە بەرهەمهێنان، بووەتە ناوەندێکی کولتووری و گەشتیاران بۆ بینینی چۆنیەتی کارکردن تێیدا، سەردانی دەکەن.
تەحین، کە لە کونجیی هاڕدراو دروست دەکرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا. لە بابل و میسری کۆن، ئەوکات کونجی تەنیا وەک خۆراک سەیر نەدەکرا، بەڵکو وەک دەرمان و کەرەستەی جوانکاریش بەکارهاتووە. ئەمڕۆش تەحین بووەتە خۆراکێکی جیهانی و پێکهاتەیەکی سەرەکییە لەسەر سفرەی بەشێکی  خێزانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لەگەڵ حوومس، بابە غەنووج، فەلافل و شیرینییەکاندا دەخۆرێت و سەرچاوەیەکی باشی پرۆتین و چەورییە بەسوودەکانە.
لە ناوچەی ئامێدی، بەهۆی هەبوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و ڕووبارەکانەوە، لە دێرزەمانەوە ئاشە ئاوییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە ژیانی دانیشتوواندا هەبووە. ئەم ئاشانە کە بە هێزی ئاو کاریان کردووە، بۆ هاڕینی گەنم، جۆ و کونجی بەکارهاتوون و سەرچاوەی دابینکردنی ئار و خۆراکی خەڵک بوون. جگە لە لایەنە ئابوورییەکە، ئەم ئاشانە وەک سەنتەرێکی کۆمەڵایەتیش بوون بۆ کۆبوونەوەی خەڵکی گوندەکان. جاران زۆربەی کات تەحین بەشێوەی دەستی و وەک نەریتێکی خێزانی لە ماڵەکاندا دروست دەکرا.
بە دەیان دۆنم زەوی لە دەوروبەری ئامێدی بۆ چاندنی کونجی تەرخان کراوە، ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی باران و ئاوی سەر زەوی، چاندنی کونجی ڕووی لە کەمی کردووە. ئەو کونجییەی دەچێنرێت دەدرێتە ئاشەکانی درووستکردنی تەحین لە ئامێدی وەک کارگەی "قوبەهان" کە یەکێکە لەو کارگانەی یان ئەو ئاشانەی کە لەناوچەکە بەناوبانگە کە لەو بەرنامەیەدا بەتایبەتی باسی ئەو کارگەیە دەکەین. تەحینی ئامێدی ناوبانگێکی زۆری هەیە و لە ڕابردوودا دانیشتووانی ناوچەکە وەک دەرمانیش بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی و ئازار بەکاریان هێناوە.
ئێستا ئەم ئاشە ئاوییە بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش. گروپێکی گەشتیاری کە لە شاری سلێمانییەوە سەردانی ئامێدییان کردووە، بەشدارییان لە پرۆسەی دروستکردنی تەحینەکەدا کردووە و لە نزیکەوە تامی بەرهەمەکەیان کردووە. 
لە ئامێدی نزیکەی 17 کارگە هەن کە تەحین بەرهەم دەهێنن، بەڵام بەهۆی بەرزیی کوالێتییەکەیەوە، بەرهەمەکانیان بەشی خواستی بازاڕ ناکات. ئەو گەنجانەشی لەم کارگانەدا کار دەکەن، بە شانازییەوە دەڵێن کە درێژە بە ڕێچکە و کولتووری باوباپیرانیان دەدەن و بەرهەمێک پێشکەش دەکەن کە ناوی "مەید ئین ئامێدی"ـیە.