ئەل ئەحسەن، شارە پیشەسازییەکەی بناری پیرەمەگرون خەریکە خەونی خۆبژێوی دەهێنێتە دی

ئەل ئەحسەن، شارە پیشەسازییەکەی بناری پیرەمەگرون خەریکە خەونی خۆبژێوی دەهێنێتە دی

لە بناری چیای پیرەمەگرون لە پارێزگای سلێمانی، یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی پیشەسازی و خۆراک لەسەر رووبەری 585 دۆنم بونیاد نراوە. کارگەی ئەل ئەحسەن کە بە گوژمەی 128 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023 کەوتووەتە گەڕ، ئێستا نەک تەنیا کارگەیەک، بەڵکو وەک شارێکی پیشەسازیی لێهاتووە کە رۆژانە زیاتر لە 2380 تۆن بەرهەمی خۆراکی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێت.

لە هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار تۆن ماددەی خۆراکی هەیە، هێشتا بازاڕەکان لە ژێر سایەی کاڵای هاوردەدان.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە زۆریی کاڵای دەرەکی دەردەبڕێت و دەڵێت"ئەگەر تێبینی بکەین، 90٪ی کاڵاکانی نێو مارکێتەکان هاوردەن. کارگەی باشمان هەیە، بەڵام پێویستیان بە پاڵپشتییە، بەتایبەت لە دابینکردنی ماددەی سەرەتایی بە نرخێکی کەم یان بێ گومرگ، تاوەکو بتوانن رکابەری کاڵای دەرەکی بکەن."

کارگەی ئەل ئەحسەن تەنیا لە بەرهەمهێناندا نەوەستاوە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ 500 گەنجی ناوچەکە و مانگانە 65 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران دەکڕێتەوە. لێرە تەکنەلۆژیا و ژینگەدۆستی یەکتریان گرتووە؛ کارگەکە بە وزەی خۆر (سۆلار) کار دەکات و سیستەمی ریسایکڵینی ئاوی هەیە.

داستان سەعید، بەڕێوەبەری کارگەکە، باس لە وردەکاریی بەرهەمەکان و کوالیتییەکەی دەکات و دەڵێت "ئێمە نوێترین تەکنەلۆژیای ساڵی 2025مان هێناوە کە لە زۆر کارگەی دەرەکیشدا نییە. رۆژانە 1500 تۆن ئارد، 120 تۆن ساوەر و بڕوێش، لەگەڵ 760 تۆن ئالیکی ئاژەڵ بەرهەم دەهێنین. ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمێکی پاک و بێگەرد بگاتە دەستی هاووڵاتییان."


پەیوەندیی کارگەکە و جووتیارانی ناوچەکە، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵە. کارگەکە بنەتۆی پلە یەک بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە جووتیاران و دواتر بەرهەمەکانیان لێ دەکڕێتەوە.
کەریم عەبدولڵا، کە یەکێکە لە جووتیارانی ناوچەکە، دەڵێت "ئەم کارگەیە کارێکی زۆر باشی کردووە، سیحرەکەی لەوەدایە کە پاڵپشتیی جووتیار دەکات. بنەتۆمان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە بازاڕ دەداتێ، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بێ خەم بین لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان."
ئەم شارە پیشەسازییە پلانی گەورەتری هەیە. لە داهاتوویەکی نزیکدا هێڵەکانی بەرهەمهێنانی پاستا، ماکەرۆنی، پسکیت و کێکیش دەستبەکار دەبن. ئەمە تەنیا پڕۆژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو هەنگاوێکی کردەییە بۆ هێشتنەوەی دراوی قورس لە ناوخۆ و زامنکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێستا ساوەری ئەل ئەحسەن و ئاردی سلێمانی نەک هەر لە بازاڕەکانی کوردستان، بەڵکو لە شارەکانی دیکەی عێراقیشدا کڕیاری خۆیان هەیە و دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە "مەید ئین کوردستان" دەتوانێت نەک هەر پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، بەڵکو ببێتە نیشانەیەکی بازرگانیی جیهانیش.

مەید ئین کوردستان شەوانی سیشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.