کارگەی تێراپاک کارتۆنی 50 کارگەی کوردستان و عێراق دابیندەکات

04 January 2022
کارگەی تێراپاک کارتۆنی 50 کارگەی کوردستان و عێراق دابیندەکات

کارگەی کارتۆنی تێراپاک لە هەولێر گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنان و چاپکردنی کارتۆنە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رۆژێکدا زیاتر لە 700 هەزار کارتۆن بە چوار رەنگی جیاواز و بە قەبارەی جیاواز بەرهەمدەهێنێت و دواتر رەوانەی کارگەکانی کوردستان و عێراق دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خۆیان لەناو دابنێن و بینێرنە بازاڕ، زیاتر لە 50 کارگە لە تەواوی کوردستان و عێراق پشت بە بەرهەمی کارتۆنی ئەو کارگەیە دەبەستن.

کارگەکە بەشێوەی بەردەوام شەو و رۆژ کاردەکات و تێیدا 50 کرێکار و پسپۆری کورد و بیانی بە شەفتی جیاواز کاری تێدا دەکەن و لە 24 کاژێردا 150 هەزار تۆن کارتۆن بەرهەمدەهێنن.

بەهۆی زۆربوونی کارگەکان لە کوردستان و هەروەها زیادبوونی کاری دلیڤەری بازاڕی کارتۆن گەرمبووە و ئەمەش وایکردووە کارگەکە بەرهەمی زیادبکات.

بەڕێوەبەرانی کارگەکە دەڵێن، سەرەڕای بەرهەمی 150 هەزار تۆن لە رۆژێکدا، بەڵام هێشتا ناتوانن پێداویستییەکانی بازاڕ بەتەواوی دابین بکەن، بۆیە پلانیان هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا دوو هێڵی دیکەی بەرهەمهێنان زیادبکەن و بەمەش بتوانن بەرهەمی رۆژانەیان بۆ یەک ملیۆن بۆکس زیادبکەن.