لە ناو جەرگەی بازیانەوە بۆ ڕووپۆشکردنی تەلارە بەرزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
لەگەڵ گۆڕانی شێوازی تەلارسازی لە هەرێمی کوردستان، ئێستا شووشە و جام خەریکە دەبنە جێگرەوەی سەرەکی بۆ کەرستە تەقلیدییەکانی وەک خشت، بلۆک و ئاسن، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لەڕووی جوانکارییەوە نییە، بەڵکو پیشەسازییەکی گەورەی لە پشتە کە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەخاتە گەڕ و هەزاران هەلی کاری رەخساندووە.
تەکنەلۆژیا لە خزمەت بیناسازیدا
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، باڵەخانە چەند نهۆمییەکان بە جامی تایبەت رووپۆش دەکرێن، ئەم جامانە تەنیا بۆ دیمەن نین، بەڵکو بە جۆرێک دروست دەکرێن کە رەچاوی گەرمی، ساردی، دەنگ و تەنانەت لایەنی ئەمنیی وەک گولـلەنەبڕیش دەکەن، خێرایی لە جێبەجێکردن و تێچووی گونجاو وایکردووە خواستی کڕیاران لەسەر جامی نێوخۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، چونکە لەڕووی کوالێتییەوە شانبەشانی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش دەڕوات.
ئابووریی شووشە و گرفتی ماددەی خاو
هەرچەندە شووشە لە لمێکی تایبەت بەرهەم دەهێندرێت کە لە ناوچەکانی گەرمیان و روومادی بە زۆری دەست دەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کارگەی گۆڕینی لم بۆ خامی شووشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، هۆکاری ئەمەش بۆ تێچووی زەبەلاحی بنیادنانی کارگەی لەو شێوەیە دەگەڕێتەوە کە پێویستی بە زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار هەیە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە مانگانە نزیکەی 5 هەزار تۆن ماددەی خامی شووشە بە بڕی ملیۆنێک و 750 هەزار دۆلار لە وڵاتانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکاوە هاوردە بکرێت، دوای ئەوەی ئەم ماددە خامە لە کارگەکانی ناوخۆدا دەکرێتە پیشەسازی، نرخی هەر تۆنێکی دەگاتە نزیکەی 7 سەد دۆلار، ئەمەش واتای ئەوەیە کە قەبارەی بازرگانیی جام لە هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.
کارگەی بازیان چیرۆکی سەرکەوتنی مەید ئین کوردستان
لە نێو دە کارگەی گەورەی شووشە لە باشووری کوردستان، کارگەی بازیان وەک یەکێک لە ستوونییە سەرەکییەکان دەردەکەوێت، ئەم کارگەیە کە لە ساڵی 2011 لەسەر رووبەری 11 هەزار مەتر دووجا دامەزراوە، رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 50 تۆن جامی جۆراوجۆری هەیە.
یوسف حەمەساڵح، خاوەنی کارگەی جامی بازیان، باس لە سەرەتای کارەکەی دەکات و دەڵێت "بیرۆکەی ئەم کارگەیەم لە گەشتێکدا بۆ وڵاتی چین بۆ هات، هەر لەوێ ئامێرەکانم کڕی و چینییەکان کارگەکەیان بۆ دامەزراندین، سەرەتا کارمەندی بیانیمان هێنا بۆ ئەوەی راهێنان بە گەنجانی خۆمان بکەن، ئێستا خۆشبەختانە 100 گەنجی ناوچەکە لێرە کار دەکەن و بوونەتە وەستای وا کە بەرهەمەکانمان بۆ هەموو شارەکانی عێراق لە کەرکووکەوە تاوەکو بەسرە دەنێرین".
پرۆسەی ئاڵۆزی بەرهەمهێنان
پرۆسەی دروستکردنی جام لەم کارگەیەدا چەندین قۆناخی زانستی و تەکنیکی دەبڕێت:
1- دیزاین و بڕین: هەموو فەرمانەکان بە کۆمپیوتەر و ئامێری CNC دەدرێن، جامەکان بەپێی قیاسی وردی مشتەری دەبڕدرێن.
2- تاشین و سافکردن: بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڕینی دەست، چواردەوری جامەکە بە ئامێری سمارتەن و ئاو دەتاشرێت تاوەکو دەبێتە شێوەیەکی نیوەخڕ.
3- کونکردن و شۆردن: بە ئامێری هایدرۆلیکی پێشکەوتوو، شوێنی دەسکی دەرگا و پێویستییەکان کون دەکرێن و دواتر لە غەسالەی تایبەتدا پاکدەکرێنەوە.
4- قۆناخی فڕن (سکوێرێت): جامەکان دەخرێنە نێو کورەیەک کە پلەی گەرمییەکەی لە نێوان 220 تاوەکو 700 پلەی سیلیزی دایە، ئەمەش هێزێکی لەڕادەبەدەر بە جامەکە دەبەخشێت.
تایبەتمەندییە دەگمەنەکان، جامی قەوس و گولـلەنەبڕ
ئەوەی کارگەی بازیان لە کارگەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بەرهەمهێنانی جامی کەوانەیی یان قەوسە کە پێشتر تەنیا لە دەرەوە دەهێنرا، هەروەها بەرهەمهێنانی جامی لامینات و گولـلەنەبڕ کە لە رێگەی نایلۆنی پی ڤی بی (PVB) و ئۆتۆکلاڤی گەورەوە دروست دەکرێن.
لە تاقیکردنەوەیەکی مەیدانیدا، جامی گولـلەنەبڕی بەرهەمی ئەم کارگەیە کە ئەستوورییەکەی دەگاتە 40 ملیمەتر، توانرا بەرگری لە بەرامبەر چەندین فیشەکی راستەوخۆ بکات بەبێ ئەوەی بیبڕێت، ئەم جۆرە جامانە کە نرخی هەر مەترێکیان لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 450 دۆلار، ئێستا بۆ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و باڵەخانە هەستیارەکان بەکاردێن.
داواکاریی پیشەسازان لە حکومەت
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە گەورەیە، پیشەسازی نێوخۆیی گ گلەیی لە کەمیی پاڵپشتی هەیە، بە گوتەی خاوەنی کارگەکە، ئەوان دەتوانن هەموو پێداویستییەکانی بازاڕ پڕ بکەنەوە، بەڵام پێویستە حکومەت باج و گومرک بخاتە سەر ئەو بەرهەمە هاوردەکراوانەی کە هاوشێوەیان لە ناوخۆدا هەیە، تاوەکو کارگەکان بتوانن بەردەوام بن لە کێبڕکێ و ڕەخساندنی هەلیکار.
لە هەرێمی کوردستان، ئێستا شووشە تەنیا کەرستەیەکی شەفاف نییە، بەڵکو نیشانەی گۆڕانێکی گەورەی پیشەسازییە، کارگەی بازیان و 10 کارگەکەی دیکەی کوردستان، سەلماندیان کە مەید ئین کوردستان تەنیا دروشم نییە، بەڵکو کوالیتییەکە دەتوانێت بەرگەی فیشەک و گەرمای تاقەتپڕوکێنی ناوچەکە بگرێت.
بەرنامەی مەید ئین کوردستان شەوانی سێشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.

بهشی بكه لە