کێڵگەی گوڵ لە هەولێر
بەرهەمهێنانی باشترین جۆری گوڵ لە شاری هەولێر، گۆلە باخ یاخود رۆزی باشوری کوردستان رکابەریەکی زۆر باشی گوڵی هۆلەندی و ئیکوادۆری و هەر جۆرە گوڵێکی باش و نایابەکانی دونیا دەکات لە رووی کوالیتیەوە، بازرگانێکی کورد لە رێگەی پرۆژەی بەرهەمهێنانی گوڵ باخی سروشتیەوە رێگری دەکات لە چوونە دەرەوەی پارەی باشوری کوردستان بۆ کرینی گوڵ و گوڵەکانیشی لە وڵاتانی دیکە داوا دەکرێن لەبەر جوانی و کوالیتییە بەرزەکانیان .
گوڵەباخ ، تەنیا وەکو گوڵێکی ئاسایی تەماشا ناکرێت ، بەڵکو گوڵێکی زۆر بەهادارە و بۆ زۆر مەبەست سودی لێوەردەگیرێت ، لەبەر بەهاداری و گرنگی گوڵەباخدا بەهەمان شێوەی کاڵا و بەرهەمی تایبەت و دراو بۆرسەی تایبەتی خۆی هەیە و نرخی لە رێگەی بورسەکانەوە دیاری دەکرێت .
هۆلەندا و ئیکوادۆر و کینیا بە ناوبانگن بە بەرهەمهێنانی گوڵ لەبەر گونجاوی سروشت و خاکیان ، بەرهەمهێنانی گوڵ بۆتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆیان ، گوڵ لەو سێ وڵاتانەوە بەرێگەی وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەوە دەرواتە تەواوی دونیا و لە تەواوی دونیاشدا خەڵکی دەیکڕن بۆ دەربڕینی خۆشەویستی، هەروەها گۆڵ بۆ رازاندنەوەی هۆڵ و ژووری ئاسایی و ژوری کۆبونەوە و پرۆتۆکۆلیەکان بەکاردەهێنرێت و زۆر گرنگی پێدەدرێت و خۆێندنەوەی تایبەت و گرنگی بۆ دەکرێت .
بازرگانێکی کورد ١٩ ساڵ لەمەوبەر ئاشنای لەگەڵ گوڵ هەبووە و گرنگی داوە بەگوڵ ، سەرەتا گوڵی هۆلەندی و ئیکوادۆری لە وڵاتانی تورکیا و لوبنانەوە هێناوە ، داوتر هێواش هێواش بزنسەکەی گەورە کردووە و دواتر سەردانی وڵاتانی دیکەی کردووە بۆ هاوردەکردنی گوڵ، پاشانیش چۆتە هۆلەندا و کینیا و زیاتر چۆتە نێو بزنسەکەوە، زۆر جاریش بە هۆی خراپی رێگە و دورە دەستی ئەو وڵاتانە گوڵەکانی درەنگ گەیشتون و خراپ بوون، یان گوڵی باشی بۆ نەهاتووە.
چەند ساڵێک لەمەو بەر بڕیاریدا لە باشوری کوردستان خۆی گوڵ بەرهەم بهێنێت و گوڵی خۆی بفرۆشێت. سەرەتا نزیکەی ٤٠٠٠ مەتر چوارگۆشەی لە سنووری شاری هەولێر بە کرێ گرت و دەستی کرد بە تاقیکرنەوە ، لە دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکەی ئێستا زەوییەکی کڕیوەو پرۆژەیەکی زۆر گەورەی تێدا بونیاد دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی گوڵی سروشتی
بۆ پڕۆژەکەی سەرەتایی و تاقێکردنەوەی یەکەمی بۆ گوڵ لە خاکی باشوری کوردستاندا ، ١٥٠٠٠ قەلەمی گوڵی لە هۆڵەنداوە هێنا بۆ باشوری کوردستان .
قەڵەمەکانی لە ناو کێڵگەکەی چاندوە و ئێستا لە تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بووە و گوڵی زۆر باش و نایابی لێ بەرهەم هاتووە .
باشوری کوردستان و عێراق ئێستا رۆژانە پێویستی بە نزیکەی ٥٠ هەزار گۆڵی سروشتیە و رۆژانە داخوازیش لەسەری زیاد دەبێت ، لە ساڵێکیشدا نزیکەی ٧ تاوەکو ٨ ملیۆن دۆلار لە باشوری کوردستانەوە دەڕواتە دەرەوە بۆ کڕینی گوڵ، کە لە وڵاتانی هۆلەندا و ئیکوادۆر و کینیا و ئێران هاوردە دەکرێن .
هەرچی گوڵی بەرهەم هاتووی باشوری کوردستانە و هی ئەم پڕۆژەیەیە قەدی زۆر درێژەو پەرەکانیان دەگاتە نزیکەی ٨٠ پەڕ و کاسەی گوڵەکەش نزیکەی ٨ و ٩ سانتیمەترە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ تاوەکو ١٥ رۆژیش دەمێنێتەوە لە دوای بڕینان، بۆیە پڕۆژەکەی لە دوای تێپەڕ بوونی ماوەی دوو ساڵ سەرکەوتوو بوو بە هۆی بەپیتی و بەهێزی خاک . ئێستا گوڵی باخچەکەی لە وڵآتی لوبنان داواکراوە و دەیانەوێت، بەڵام لەبەر رێژەی کەمی بەرهەمهێنانی ناتوانێت هەناردەی بکات.
ئەو بازرگانە ئیستا خەریکی دروستکردنی پرۆژەیەکی نوێیە و لە سەرەتای بەرهەمهێنانیدا نزیکەی ١٢٠هەزار گوڵ بەرهەمدەهێنێت لە مانگێکدا و لە دوای ماوەیەکیش رێژەی بەرهەمهێنان لە مانگێکدا دەگەیەنێتە ٢٤٠ هەزار گوڵ ، بەو رێژەیەش نزیک دەبێتەوە لە تەواوی داخوازییەکانی باشوری کوردستان و عێراق .