تۆپی پێ لە ئەرجەنتین

تۆپی پێ لە ئەرجەنتین

لە جیهانی تۆپی پێدا، شۆڕشێکی بێدەنگ لە ئارادایە کە سیحر و بەهرەی سروشتیی ئەفسانەکانی وەک مێسی و مارادۆنای خستۆتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەختەوە لەگەڵ ژمارە و لۆجیکی ساردی داتا و ژیریی دەستکرد. ئەم گۆڕانکارییە پرسیارێکی بنەڕەتی دروست دەکات: ئایا "یارییە جوانەکە" لەسەر لێواری لەدەستدانی رۆحی خۆیەتی؟، ئەمە مژاری ئەمجارەی بەرنامەی نێکست بوو، کە نامۆ عەبدوڵڵا لە وڵاتی ئەرجەنتین ئامادەی کردبوو.

گەشتەکە لە ئەرجەنتینەوە دەست پێ دەکات، وڵاتێک کە تۆپی پێ تێیدا تەنیا وەرزش نییە، بەڵکو میراتێکی کولتووری و هەستێکی شێتانەیە. خۆرخێ گاسپاری، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و هاوڕێی مارادۆنا، باس لە جەوهەری تۆپی پێی وڵاتەکەی دەکات کە لە "پۆترێرۆ"وە سەرچاوەی گرتووە؛ ئەو یاریگا خۆڵ و کۆڵانانەی کە بەهرە خاو و داهێنەرەکان تێیدا گەشەیان کردووە. ئەو دەڵێت: "لێرە یەکەم دیاری کە بە منداڵێک دەدرێت تۆپە،" ئەمەش نیشانەی ئەو حەز و سۆزە قووڵەیە کە لە خوێنی ئەرجەنتینییەکاندایە. ئەم جۆش و خرۆشە ئەوەندە بەهێزە کە بۆ چەندین ساڵە رێگە بە ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی میوان لە یاریگەکاندا نادرێت، تاوەکو رێگری لە پێکدادان بکرێت.

بەڵام ئەم وێنە کلاسیکییە وردە وردە دەگۆڕێت. لە ئەکادیمیایەکی پێشکەوتووی وەک یانەی "هوراکان" لە بۆینس ئایرس، دیمەنەکە تەواو جیاوازە. لێرە منداڵان وەک سەربازی راهێنراو، کاژێر  7:30ی بەیانی بە ئێلەگی  GPSەوە دەست بە مەشق دەکەن. هەموو جووڵەیەکیان بە وردی دەپێورێت؛ لە کۆی مەودای بڕدراو و راکردن بە خێرایی بەرز (HSR)ەوە بگرە، تا دەگاتە تاودان و خاوبوونەوەکان. مارینۆ ساڵیناس، راهێنەری جەستەیی ئەکادیمیاکە، دان بەوەدا دەنێت کە ئامانجی سەرەکییان ئامادەکردنی یاریزانانە بۆ فرۆشتن بە یانە ئەوروپییەکان، کە زۆرترین گرنگی بەم داتا و پێوەرانە دەدەن. ئەو دەڵێت: "تۆپی پێی ئەمریکای باشوور بەشێک لە جەوهەر و رۆحی خۆی لەدەستداوە."

شۆڕشی داتا لە تۆپی پێدا شتێکی نوێ نییە. رەنگە دیارترین نموونە، سەرکەوتنە مێژووییەکەی یانەی لیستەر سیتی بێت لە وەرزی 2015-2016 کاتێک بە ئەگەری 1 لە 5000 نازناوی پرێمیەرلیگی ئینگلیزیی بردەوە. لیستەر لەبری خەرجکردنی پارەی زەبەلاح، پشتی بە شیکردنەوەی داتا بەست بۆ دۆزینەوەی یاریزانی بەهرەمەندی هەرزان کە لەلایەن یانە گەورەکانەوە فەرامۆش کرابوون، وەک جەیمی ڤاردی و ریاز مەحرەز. ئەم سەرکەوتنە سەلماندی کە زیرەکی و داتا دەتوانن لە سەروەت و سامان ببەنەوە و تۆپی پێیان بەرەو سەردەمێکی نوێ برد. ئەمڕۆ، هەموو یانە گەورەکانی جیهان بەشی شیکردنەوەی داتایان هەیە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی زانایانی بواری داتا هیچی کەمتر نییە لە کێبڕکێی کڕینی یاریزانە ئەستێرەکان.

بەڵام ئەم پشتبەستنە زیاد لە پێویستە بە داتا، نیگەرانیی زۆری لێکەوتۆتەوە. ماتیاس ڤارگاس، یاریزانی پیشەگەری ئەرجەنتینی، رەخنەی توند دەگرێت و دەڵێت: "ئێستا ئەوەی دەیکەین تۆپی پێ نییە، وەرزشێکی دیکەیە... یاریزانەکان دەبنە رۆبۆت و بەو شێوەیە یاری دەکەن کە ڕاهێنەر و داتاکان دەیانەوێت." ئەو نموونەی مێسی دێنێتەوە کە زۆرجار کەمترین مەودا لە یاریگادا دەبڕێت، بەڵام هەمیشە کاریگەرترین یاریزانە، ئەمەش دەریدەخات کە داتا ناتوانێت بلیمەتی و داهێنان بپێوێت.

تەنانەت لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێنا، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "خەریکە جەوهەری تۆپی پێ لەدەست دەدەین." یەکێک لە نیشانە بەرچاوەکانی ئەم گۆڕانکارییە، کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لێدانەکانە لە دوورەوە لە خولەکانی ئەوروپادا، چونکە داتاکان دەڵێن ئەگەری گۆڵکردن لەم لێدانانەدا کەمە. بەمەش، ساتە چاوەڕواننەکراو و سیحراوییەکان قوربانیی کارایی و ئەنجام دەکرێن.