پەتای کۆرۆنا و شۆڕشی تەکنەلۆژیا لە کەرتی پەروەردە: لە بۆردی زیرەکەوە بۆ ژیریی دەستکرد
کەرتی پەروەردە لە جیهاندا بەهۆی پەتای کۆڤید-19 و دەرکەوتنی ژیریی دەستکردەوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە، تەکنەلۆژیای فێرکردن، کە پێشتر تەنیا لە قوتابخانە پێشکەوتووەکاندا بەردەست بوو، ئێستا بووەتە پێویستییەکی سەرەکی، لە بۆردی زیرەک و فێرکردنی ئۆنلاینەوە تاوەکو بەکارهێنانی چات جی پی تی (ChatGPT) لە پۆلدا، پسپۆڕان باس لە داهاتوویەکی جیاواز بۆ خوێندن دەکەن، هاوکات هۆشداریش دەدەن لە "جیاوازیی دیجیتاڵی" لە نێوان وڵاتاندا.
کۆرۆنا بووە هۆکاری دوو هێندەبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە چین
پەتای کۆرۆنا خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ سیستەمی پەروەردە لە چین. بینگ چێنگلی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای KNX، دەڵێت، "لە سەرەتادا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر ترساین، بۆیە قوتابخانەکان داخران، بەڵام دواتر تێگەیشتین کە ناتوانین بەو شێوەیە بەردەوام بین."
بە گوتەی چێنگلی، لە ماوەی شەش مانگدا قوتابخانەکان دەستیان بە بەکارهێنانی شاشەی زیرەکی فرەدەستلێدان (Multitouch) کرد، مامۆستایان لە پۆلەوە وانەکانیان تۆمار دەکرد و خوێندکارانیش لە ماڵەوە سەیریان دەکرد. ئەو ئاشکرای کرد کە پێش کۆرۆنا تەنیا 30%ی قوتابخانەکانی چین ئەم تەکنەلۆژیایەیان بەکاردەهێنا، بەڵام "دوای پەتاکە رێژەکە دوو هێندە بووە و ئێستا زیاتر لە 60%ی هەموو قوتابخانەکانی چین، چ سەرەتایی و چ زانکۆ، شاشەی زیرەک بەکاردەهێنن."
شاشەی زیرەک؛ لە خوێندنەوەی کۆدەوە تاوەکو هاوئاهەنگیی لە دوورەوە
کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا رکابەری لەسەر پێشکەشکردنی باشترین چارەسەر بۆ پۆلی زیرەک دەکەن، دانی سانتیانۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای MultiTaction، روونیکردەوە کە شاشەکانیان تەنیا بۆ نووسین نین، بەڵکو دەتوانن کۆدی تایبەت بە ناوی "Codice" بخوێننەوە. گوتی: "خوێندکاران دەتوانن کارتی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بۆ نموونە کاتێک کارتی وانەی بیرکاری یان ئابووری دەخەنە سەر شاشەکە، راستەوخۆ زانیارییەکانی ئەو وانەیە دەردەکەون."
ئەم تەکنەلۆژیایە رێگە دەدات ژمارەیەکی بێسنوور لە خوێندکاران لە یەک کاتدا لەسەر یەک شاشە کاربکەن. سانتیانۆ دەڵێت، "کۆمپانیاکەمان لە ساڵی 2007 دامەزرا، بەڵام لە ساڵانی 2016 بۆ 2018 گەشەسەندنێکی بەرچاومان بەخۆمانەوە بینی، بەتایبەتی دوای دەرکردنی نەرمەکاڵای Canvas کە رێگە بە خوێندکاران دەدات لە ماڵەوە یان لە ویلایەتێکی دیکەوە بەشداری وانەکان بکەن."
کۆمپانیاکانی دیکەش وەک گووگڵ (Google)، لوسید (Lucid Software) و ئێکس تو ئۆ میدیا (X2O Media) کار لەسەر پلاتفۆرمی هاوبەش دەکەن کە رێگە بە خوێندکار و مامۆستا دەدات لە دوورەوە پێکەوە کاربکەن، ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی کەمیی مامۆستا لە هەندێک ناوچەدا سەیر دەکرێت.
جیاوازیی دیجیتاڵی؛ گەورەترین ئاستەنگ
لەکاتێکدا وڵاتانی پێشکەوتوو سوود لە نوێترین تەکنەلۆژیا وەردەگرن، ملیۆنان خوێندکار لە جیهاندا لەم دەرفەتە بێبریشن. ئەلێکساندرا چمیلیڤسکا، لێکۆڵەر لە رێکخراوی یونسێف (UNICEF GIGA)، دەڵێت: "ئەمە ئاستەنگێکی زۆر گەورەیە. هێشتا 2.6 ملیار کەس بە ئینتەرنێتەوە نەبەستراونەتەوە و 1.3 ملیۆن منداڵ دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات. تەنیا بیربکەرەوە ئینتەرنێت چۆن ژیانی تۆی گۆڕیوە، ئینجا تێدەگەیت ئەو منداڵانە چەندە بێبەشن."
رێکخراوی GIGA، کە هەوڵی گەیاندنی ئینتەرنێت بە هەموو قوتابخانەکانی جیهان دەدات، ساڵی 2030ی وەک وادەی کۆتایی دیاریکردووە. چمیلیڤسکا دەڵێت کۆرۆنا وایکرد خەڵک زیاتر لە کاریگەریی "جیاوازیی دیجیتاڵی" تێبگات و ئێستا هەوڵەکان چڕتر کراونەتەوە، "بەڵام پێویستمان بە هاوکاریی زیاتری کەرتی تایبەت و حکومەتەکانە."
ژیریی دەستکرد؛ هەڕەشە یان دەرفەت؟
دەرکەوتنی ژیریی دەستکرد، بەتایبەتی ChatGPT، مشتومڕێکی گەورەی لەبارەی شێوازی هەڵسەنگاندن و ئەرکی خوێندکارانەوە دروستکردووە. ماری سکۆت، لێکۆڵەری بواری پەروەردە، پێیوایە قەدەخەکردنی تەواوەتیی ژیریی دەستکرد هەڵەیە. ئەو دەڵێت: "پێویستە قبووڵی بکەین کە ژیریی دەستکرد ئامرازێکە خوێندکاران لە داهاتوودا لە شوێنی کار بەکاریدەهێنن. گرنگە فێرببن چۆن بە بەرپرسیارانە بەکاریبهێنن و سنوورەکانی بزانن."
سکۆت پێشنیازی شێوازێکی نوێی ئەرکی پۆل دەکات: "مامۆستا دەتوانێت داوا لە خوێندکاران بکات کە داوا لە ChatGPT بکەن گوتارێکیان بۆ بنووسێت، پاشان ئەرکی خوێندکاران ئەوەبێت کە رەخنە لە گوتارەکە بگرن و باشتری بکەن. ئەمە توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە بەهێز دەکات، کە ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێی بگرێتەوە."
هاوکات، تۆنی چان، بەڕێوەبەری باڵا لە کۆمپانیای Hitevision، ئاشکرای دەکات کە ئەوان ChatGPTیان خستووەتە ناو نەرمەکاڵای بۆردە زیرەکەکانیانەوە تاوەکو "یارمەتیی خوێندکاران بدات بیرۆکەیان بۆ دروست بێت و بەخێرایی وەڵامی پرسیارەکان بدۆزنەوە."
بهشی بكه لە