رۆڵ و داهاتووی ماڵە زیرەکەکانلە ئاسانکردن و کۆنترۆڵکردنی ژیان

رۆڵ و داهاتووی ماڵە زیرەکەکانلە ئاسانکردن و کۆنترۆڵکردنی ژیان

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، ژیریی دەستکرد وردە وردە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانە و ماڵەکان دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی زیرەک و کارلێککار، پسپۆڕان و کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەم بوارە لە بەرنامەی نێکست دا تیشکیان خستەسەر داهاتووی ماڵە زیرەکەکان و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد بۆ ئاسانکردنی ژیان، لە کاتێکدا نیگەرانییەکانی تایبەت بە پاراستنی تایبەتمەندی و مانەوەی کۆنترۆڵ لە دەستی مرۆڤدا.
کۆمپانیای جۆش ئەی ئای نموونەیەکی بەرچاوی چۆنیەتیی کارکردنی ماڵە زیرەکەکان نیشان دەدات، کە تێیدا بە فەرمانێکی دەنگیی سادە دەتوانرێت پەردەکان بکرێنەوە، رووناکییەکان رێکبخرێن و میوزیک لێبدرێت، بە گوتەی ئالێکس کاپەسێلاترۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە "ژیریی دەستکرد فێری خووەکانی مرۆڤ ببێت و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارە گونجاوەکان ئەنجام بدات". ئەمەش وا دەکات ماڵەکە زیاتر تایبەت و کەسی بێت.
سیستەمەکانی وەک جۆش چات جی پیتی تەنانەت دەتوانن وەک یاریدەدەرێکی زیرەک کاربکەن، وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، یارمەتیی چێشتلێنان بدەن یان چیرۆکی پێش خەوتن بۆ منداڵان بگێڕنەوە.
ریچ گرین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ریچ گرین دیزاین، پێیوایە "ژیریی دەستکرد قۆناخی دوای پەرەسەندنی مرۆڤە" و دەبێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی مرۆڤ بەکاربهێنرێت، نەک ئاڵۆزکردنی. ئەو دەڵێت"حەز دەکەم ماڵی زیرەکی داهاتوو بەجۆرێک بێت کە تێیدا تەکنەلۆژیا بە تەواوی نادیار بێت و سەرنجمان بۆ لای خۆی رانەکێشێت."
بۆ گەیشتن بەم ئاستە، جەی بی فاوڵەر، بەڕێوەبەری بەرهەم لە کۆمپانیای دۆمۆتز، جەخت لەسەر گرنگیی هەستەوەرەکان دەکاتەوە، ئەو روونیدەکاتەوە کە ماڵە زیرەکەکانی داهاتوو تەنیا پشت بە فەرمانی راستەوخۆ نابەستن، بەڵکو بە سوودوەرگرتن لە داتای هەستەوەرەکانی وەک رووناکی، پلەی گەرما و تەنانەت کەشوهەوای دەرەوە، بڕیاری زیرەکانە دەدەن. بۆ نموونە، سیستەمەکە خۆی بڕیار دەدات کەی پەردەکان دابخات بۆ رێگریکردن لە گەرمای زۆر یان کەی رووناکییەکان دابگیرسێنێت.
لە ریزی نوێترین بەرهەمەکاندا، کۆمپانیای بەساڵت زەنگێکی دەرگای زیرەکی بە ناوی تەلەفۆنی دەرگا نمایشکردووە، ئەم زەنگە شاشەیەکی روونی هەیە کە وێنەی کەسی بەردەم دەرگاکە نیشان دەدات، ئەمەش وا دەکات خاوەن ماڵ و میوان بە روونی یەکدی ببینن، ئەم زەنگە زیرەکە دوو کامێرای هەیە: یەکێکیان بۆ ناسینەوەی رووخسار و ئەوی دیکەیان گۆشەفراوانە بۆ بینینی دەوروبەر، هەروەها بە خوێنەرەوەی پەنجەمۆر و کارتی زیرەک کاردەکات و دەتوانرێت کاتی دیاریکراو بۆ چوونەژوورەوەی کەسانی وەک باخەوان یان تیمی پاککەرەوە دیاری بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کریستینا زامۆرا لە کۆمپانیای لوترۆن تیشکی خستە سەر گرنگیی کۆنترۆڵکردنی رووناکی، ئەو گوتی"رووناکی تەنیا شتێک نییە کە دەیبینیت، بەڵکو هەستی پێ دەکەیت"، سیستەمی کۆمپانیاکەیان بە تێکەڵکردنی رووناکی سروشتی لەرێگەی پەردەی زیرەکەوە و رووناکی دەستکرد لەرێگەی گڵۆپی زیرەک و دیمەرەوە، کەشێکی گونجاو بۆ هەر چالاکییەک دروست دەکات، وەک فیلم سەیرکردن، کارکردن یان پشوودان.
یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئایا ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵی ژیان لە مرۆڤ دەسەنێتەوە؟ پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە باشترین رێگە ئەوەیە سیستەمەکە لەبری بڕیاردانی ئۆتۆماتیکی، پێشنیاز پێشکەش بکات، ئالێکس کاپەسێلاترۆ دەڵێت"ژیریی دەستکرد هەمیشە هەموو زانیارییەکی نییە، لەوانەیە میوانت هەبێت یان منداڵەکەت نەخۆش بێت و لە ماڵەوە مابێتەوە"، بۆیە لەبری ئەوەی سیستەمەکە خۆی گڵۆپەکان بکوژێنێتەوە کاتێک ماڵ بەجێدەهێڵیت، باشترە پرسیار بکات"وا دیارە دەڕۆیتە دەرەوە، ئایا دەتەوێت گڵۆپەکانت بۆ بکوژێنمەوە؟"
نیگەرانییەکی دیکەی گەورە پاراستنی تایبەتمەندییە، ریچ گرین هۆشداری دەدات لە "سەرمایەداریی چاودێری" کە تێیدا کۆمپانیا گەورەکانی وەک گووگڵ و ئەمازۆن داتاکانمان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاردەهێنن، لە بەرامبەردا کۆمپانیای وەک جۆش ئەی ئای جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمەکانیان بە شێوەی ناوخۆیی کاردەکەن و داتاکان نانێرن بۆ ئینتەرنێت (کڵاود) بۆ پاراستنی زانیاریی بەکارهێنەران.
پسپۆڕان پێیان وایە داهاتووی ماڵە زیرەکەکان تەنیا پشت بە کۆنترۆڵی دەنگی نابەستێت، بەڵکو فرەڕێگا دەبێت؛ واتە بەکارهێنانی دەنگ، ئەپ، ریمۆت و جووڵەی ئۆتۆماتیکی پێکەوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، ژیریی دەستکرد تەنانەت یارمەتیدەر بێت لە چاودێریکردنی تەندروستی و پێشنیازکردنی سەردانی پزیشک لە کاتی بوونی نیشانەی نائاساییدا.

نێکست شەوانی شەممە کاژێر 21:30 پێشکێشدەکرێت.