لیسیۆم (زێڕی سپی)

لیسیۆم (زێڕی سپی)
لەکاتێکدا حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهاندا، ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەک چارەسەرێکی ژینگەدۆستانە و هەنگاوێکی گرنگ بەرەو داهاتوویەکی پاکتر دەخەنەڕوو، راستییەکی تاڵ و ئاڵۆز لە پشت بەرهەمهێنانی پاترییەکانیانەوە خۆی حەشارداوە، پرۆسەی دەرهێنانی کانزای لیسیۆم، کە بە "زێڕی سپی" ناسراوە و پێکهاتەی سەرەکیی پاترییەکانە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی و ژینگەیی لە ناوچەی ناسراو بە "سێگۆشەی لیسیۆم" لە نێوان ئەرجەنتین، بۆلیڤیا و چیلی.
ئەم ناوچە بەرز و وشکە، کە ماڵی سەدان ساڵەی کۆمەڵگە رەسەنەکانە و بە شێوازێکی هاوسەنگ لەگەڵ سروشتدا ژیاون، ئێستا رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بووەتەوە، دەرهێنانی لیسیۆم پێویستی بە بڕێکی یەکجار زۆر ئاو هەیە؛ بۆ بەرهەمهێنانی تەنیا یەک تۆن لیسیۆم، نزیکەی دوو ملیۆن لیتر ئاو بەهەڵم دەبرێت، ئەمەش بووەتە هۆی وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و تێکدانی سیستەمی ژینگەیی ناوچەکە.
کۆمەڵگە رەسەنەکان، کە ژیانیان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بەندە، زەنگی مەترسی لێدەدەن، یەکێک لە دانیشتووان دەڵێت: "ئەگەر ئاومان نەمێنێت، واتای کۆچکردنە، کە ئەمە شتێکە ئێمە نامانەوێت، دەمانەوێت لە خاکی خۆماندا بژیین کە باپیرانمان بۆی جەنگاون،" ترسەکانیان بێ بنەما نییە؛ راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات کە کانزاکاریی لیسیۆم بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەی 65٪ لە یەکێک لە ناوچەکانی چیلی، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە فرەچەشنیی بایۆلۆجی گەیاندووە و هەڕەشە لە ژیانی باڵندەی فلامینگۆ و زیندەوەرانی دیکە دەکات.
هەرچەندە لایەنگرانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی جەخت لەسەر پاکژیی بەکارهێنانی دەکەنەوە، بەڵام پرۆسەی بەرهەمهێنانی پاترییەکان وێنەیەکی جیاواز پیشان دەدات، چین، کە زیاتر لە 70٪ی بازاڕی پاتریی جیهانی کۆنترۆڵ کردووە، پشت بە وزەی خەڵووز دەبەستێت کە یەکێکە لە پیسکەرترین سەرچاوەکانی وزە، ئەمە بەو مانایەیە کە بەشێکی زۆری ئەو پاتریانەی وەک "پاک" ناوزەد دەکرێن، لە بنەڕەتدا بە وزەیەکی پیسکەر بەرهەم دەهێنرێن.
ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خۆجێی لە ئەرجەنتین رووبەڕووی سەرکوتی تووند بووەتەوە و ئەمەش کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، لەگەڵ ئەوەی داواکاریی جیهانی بۆ لیسیۆم بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان داوا دەکەن جیهان رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە کە هاوسەنگی لەنێوان پێداویستیی وزە و پاراستنی ژیان و ژینگەی ئەواندا رابگرێت، تەکنەلۆجیای نوێ وەک "دەرهێنانی راستەوخۆی لیسیۆم" (DLE) و پاتریی جێگرەوەی وەک سۆدیۆم-ئایۆن، وەک هیوایەک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان سەیر دەکرێن، بەڵام هێشتا کات پێویستە تا بزانرێت ئایا ئەم چارەسەرانە دەتوانن ئەو زیانە گەورەیە رابگرن کە بەر ژیان و خاکی ئەم کۆمەڵگەیانە کەوتووە.