پۆلیتەر

پۆلیتەر
گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکاندا، لەم چوارچێوەیەدا، داهێنانێکی فەرەنسی بە ناوی "پۆلیتەر" وەک چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانە دەردەکەوێت کە هیوا بە جووتیاران دەبەخشێت و رێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دەکاتەوە.
فیلیپ واکی دی گیۆرۆنۆ، داهێنەری پۆلیتەر، ئەم بەرهەمە وەک "چەکێک بۆ چاکە" وەسف دەکات و دەڵێت، "ئەمە یارمەتیدەرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشەکانی ئاسایشی خۆراک".
پۆلیتەر لە بنەڕەتدا دەنکۆڵەیەکی سەوزی بچووکە کە لە تێکەڵەی سیلۆلۆزی ئۆرگانیک و پۆلیئەکریلات پێکهاتووە، ئەم دەنکۆڵەیە، کە بە پێکهاتەی خۆراکیی پێویست بۆ رووەک دەوڵەمەند کراوە، خاوەن تایبەتمەندییەکی سەرسوڕهێنەرە؛ کاتێک بەر ئاو دەکەوێت، دەتوانێت تاوەکو 300 هێندەی قەبارەی خۆی ئاو هەڵبمژێت و وەک تەنێکی ژەلاتینیی رەق بیپارێزێت، بەم شێوەیە، ئاو لەنێو خاکدا بەفیڕۆ ناچێت و راستەوخۆ بۆ رەگی رووەکەکە خەزن دەکرێت.
لە تونس، یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەدەست کاریگەرییەکانی کەمبارانییەوە دەناڵێنێت، جووتیاران دەستیان بە بەکارهێنانی پۆلیتەر کردووە و ئەنجامی بەرچاویان بەدەستهێناوە، روبەیع ئەلعەوادی، جووتیارێکی زەیتوونە و باس لەوە دەکات کە چۆن کەمبارانی ساڵ بە ساڵ بەرهەمی کەم دەکردەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی پۆلیتەرەوە گۆڕانکارییەکی گەورە روویداوە، ئەو دەڵێت: "ئەم دار زەیتوونە تەمەنی تەنیا ساڵێک و پێنج مانگە، بەڵام گەشەکەی وەک دارێکی پێنج بۆ شەش ساڵە وایە، ئەمە بەبێ پۆلیتەر مەحاڵ بوو".
ئەو جەخت لەسەر قەیرانی جیهانیی ئاسایشی خۆراک دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە تا ساڵی 2050 پێویستە بەرهەمهێنان دوو هێندە بکرێت، لە کاتێکدا رووبەری زەویی کشتوکاڵی بەهۆی وشکەساڵییەوە لە کەمبوونەوەدایە، بۆ ئەو، پۆلیتەر "موعجیزە" و تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە.
کاریگەرییەکانی پۆلیتەر لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکانیشەوە پشتڕاست کراوەتەوە، د، وەلید حەمادە، مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵ لە تونسی پایتەخت، رایگەیاند کە دوای دوو ساڵ لە تاقیکردنەوەی پۆلیتەر لەسەر بەروبوومە جیاوازەکان، بۆیان دەرکەوتووە کە "کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی فشاری وشکەساڵی و سوێری لەسەر رووەک هەیە،" گرنگترین دەرەنجامی توێژینەوەکەیان ئەوە بووە کە "تەنیا بە پێدانی 50٪ی پێویستیی ئاوی رووەکەکە و زیادکردنی پۆلیتەر، دەتوانرێت هەمان ئەنجامی رووەکێک بەدەستبهێنرێت کە 100٪ ئاوی پێدراوە".
بەکارهێنانی پۆلیتەر ئاسانە، یامین ئەلجەلولی، نوێنەری کۆمپانیاکە لە تونس، روونیدەکاتەوە کە چاڵێک لە نزیک رەگی دارەکان هەڵدەکەندرێت و بڕێکی دیاریکراو لە پۆلیتەری تێدەکرێت، کە وەک تانکییەکی ئاوی ژێرزەوی بۆ ماوەی سێ ساڵ کار دەکات.