پەنجەمۆر - ئاوات قارەمانی - بەشی یەکەم

18 November 2023
پەنجەمۆر - ئاوات قارەمانی - بەشی یەکەم

لەگەڵ ئەوەی زۆر لەسەر مێژووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان نووسراوە، بەڵام هێشتا هەندێک پرسیار هەن تینووی وەڵامن، هەندێک بابەتی گرنگ هەن بە تەمومژاوی ماونەتەوە، بۆیە گرنگە ئەوانەی کە خۆیان لەناو رووداوەکاندا بوون قسەی لەسەر بکەن. ئاوات قارەمانی خۆی یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵە، لە رێکخستنەکانی نێو شار و شاخ بەشداریی کاریگەری هەبووە، بەتایبەتی ئەو یەکێک بووە لەوانەی تاوەکو دواڕۆژی شەهیدبوونی ئارام لەگەڵیدا بووە، هەندێک لە نهێنییەکانی ژیانی شەهیدی ئارام لای ئەون.
 
لە بەشی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆر دا، باسی گۆرانکارییە سیاسییەکانی دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی لە عێراق و رۆڵی حیزبی شیوعی دەکات کە خۆی لە مێردمنداڵییەوە لەگەڵیاندا بووە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول دەبێت بە پێشمەرگە لەناو پارتیدا.  
 
لەسەر ناکۆکییەکانی حیزب و مەلا مستەفا بارزانی قسە دەکات و دەڵێت "نەدەبوو مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد دژی گفتوگۆی نێوان مەلا مستەفای بارزانی و حکومەت بوونایە، دەبوو دانیان بەخۆیاندا بگرتایە تاوەکو ئەنجامی گفتوگۆکە دەردەچوو". 
گرنگی رێکەوتننامەی یازدەی ئازار، دروستبوونی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤ و گەلێک بابەتی دیکەی مێژوویی قسەیان لەسەر دەکرێت. 
 
ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی مێژوویی لە پەنجەمۆردا شایەتیان لەسەر دەدرێت!