دکتۆر حوسێن خەلیقی - بەشی چوارەم

دکتۆر حوسێن خەلیقی - بەشی چوارەم

لە بەشی چوارەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، دکتۆر حوسێن خەلیقی، نووسەر و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پەردە لەسەر چەندین رووداوی مێژوویی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لادەبات و وردەکاریی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و حکومەتی ئەو کاتەی تاران دەخاتە ڕوو.

رەتکردنەوەی پۆستی پارێزگار

دکتۆر حوسێن خەلیقی ئاشکرای دەکات کە لە سەردەمی حکومەتەکەی مەهدی بازرگان، لە رێگەی دکتۆر فروهەر، وەزیری کار، پێشنیاری پۆستی پارێزگاری سنەی بۆ کراوە. خەلیقی دەڵێت "من ئامادەبووم وەک گسکدەرێک لە شەقامەکانی کوردستان خزمەت بکەم، بەڵام مەرجم هەبوو، داوامکرد حکومەت مافی خۆبەڕێوەبەری (خودموختاری) و خوێندن بە زمانی کوردی قبووڵ بکات، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون ئەو مافە بدەن، بۆیە پۆستەکەم رەتکردەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە رێکخراوی کۆمەڵە لەو کاتەدا پەیوەندییان پێوەکردووە و داوایان لێکردووە ئەو پۆستە وەرنەگرێت، چونکە ئەوان دژایەتی هەر سیستەمێکی دەسەڵاتدارییان لە سنە دەکرد.

بێ ئەزموونیی سەرکردایەتی کورد

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، دکتۆر خەلیقی رەخنەی تووند لە ئاستی سیاسی و کارگێڕیی سەرکردایەتی ئەو کاتەی کورد دەگرێت و دەڵێت "ئێمە هەموومان لە ئیدارەدانی وڵات و سیاسەتدا خام بووین، نەک هەر کادیرەکان، بەڵکو خودی دکتۆر قاسملووش کە سیاسەتمەدارێکی گەورە بوو، بەهۆی دوورکەوتنەوەی زۆری لە ئێران، ئاگاداری وردەکاریی دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ نەبوو."

خەلیقی دەشڵێت "من خۆم مامۆستای زانکۆ بووم، بەڵام بە ئەندازەی منداڵێکی ئەلفوبێ شارەزای سیاسەت نەبووم کاتێک چوومە ناو حیزب."

کێشە ناوخۆییەکانی حیزبی دیموکرات و کۆنگرەی چوار

دکتۆر خەلیقی باس لە جیابوونەوەی تاقمی ناسراو بە کۆنگرەی چوار دەکات بە سەرۆکایەتی غەنی بلوریان. ئەو دەڵێت" ئەو گرووپە بیری توودەییان هەبووە و دژایەتی دکتۆر قاسملوویان دەکرد، خەلیقی باس لەوە دەکات کە چۆن هەوڵی نێوەندگیری داوە، بەڵام غەنی بلوریان بە نهێنی نامەیەکی دکتۆر قاسملووی بۆ حیزبی توودە ناردووە تاوەکو لە رێگەیەوە بڵاوی بکەنەوە و باری سەرکردایەتیی حیزب تێکبدەن.

چارەنووسی مام هێمن و کەسایەتییە ئەدەبییەکان

لە کۆتایی قسەکانیدا، خەلیقی باسی لە گرتنی مام هێمنی شاعیر کرد لەلایەن حیزبەوە لە کاتی ململانێ ناوخۆییەکاندا، خەلیقی دەڵێت "لە سیاسەتدا ململانێی دەسەڵات وایە، کەس بەرامبەرت بوەستێت دەیگریت، جا با شاعیری نەتەوەییش بێت". هەروەها باس لەوە دەکات کە دواتر مام هێمن چۆن بە شکۆوە لەلایەن خەڵک و لایەنەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە.

دکتۆر خەلیقی جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای شەڕ و ئاڵۆزییەکان، حیزبی دیموکرات خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی کردووە و لە رێگەی "کۆڕی پەروەردە"وە بناخەی خوێندنی کوردییان لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.

بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.