خەلیقی بۆ پەنجەمۆر: مەنسوور حیکمەت بۆ تێکدانی شۆرش هاتبووە ناو کۆمەڵە و شەری ناوخۆش پیلانی دوژمن بوو
دکتۆر حوسێن خەلیقی، نووسەر، ئایینناس و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەشی پێنجەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، تیشک دەخاتە سەر لاپەرە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆی حیزبە کوردییەکان و وردەکاریی ململانێ فیکری و سیاسییەکانی ناو شۆرشی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگێریتەوە، خەلیقی لەم بەشەدا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر مەنسوور حیکمەت و ئەو بە هۆکاری ژەهراویکردنی فیکری و دووبەرەکی دەزانێت.
رادیۆی کوردستان؛ دەنگێک کە خەڵک چاوەروانی چرکەکانی دەکرد
دکتۆر حوسێن خەلیقی لە سەرەتای قسەکانیدا باس لە رۆڵی مێژوویی رادیۆی حیزبی دیموکرات دەکات و دەڵێت "رادیۆ تەنیا ئامرازێکی گەیاندن نەبوو، بەڵکو خەڵکی کوردستان بە هی خۆیان دەزانی"، ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن خەڵک چرکە و خولەکەکانیان دەژمارد بۆ بیستنی وتارە سیاسییەکان و هەواڵەکانی شەر.
خەلیقی کە خۆی لە ئەشکەوت و دۆڵەکانی شێخان، ئالان و گەڵاڵە کاری لە رادیۆدا کردووە، ئاماژە بەوە دەدات کە دواتر وەک بەرپرسی رادیۆ دەستبەکار بووە و رادیۆ کاریگەرییەکی بێوێنەی لە هۆشیارکردنەوەی جەماوەردا هەبووە.
شەری دیموکرات و کۆمەڵە؛ هەڵەیەک کە بووە کارەسات
سەبارەت بە شەری خوێناویی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، خەلیقی بە شەرێکی شووم وەسفی دەکات و دەڵێت "زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگەکان بەو شەره نارازی بوون". ئەو ئاشکرای دەکات کە یەکەم چەخماخەی شەر لە ناوچەی سنە و مەریوان بەهۆی هەڵەتێگەیشتنێکی سەربازییەوە بووە، کاتێک پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە کەمیندا بوون بۆ دوژمن، بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی دیموکرات کردووە کە تەرمی شەهیدێکی تێدا بووە، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەک و دەستپێکردنی زنجیرە شەرێک کە ساڵانێکی خایاند.
مەنسوور حیکمەت و ناسیۆنالیزمی فارس
خەلیقی پەنجەی تۆمەت بۆ مەنسوور حیکمەت درێژ دەکات و دەڵێت "ئەو زمانێکی حەرافی فارسیی پێبوو و مەئموورییەتی هەبوو لەلایەن ناسیۆنالیزمی فارسەوە بۆ تێکدانی شۆرشی کورد"، بە گوتەی خەلیقی، حیکمەت فیکری دژە ناسیۆنالیزمی لە ناو کۆمەڵەدا بڵاوکردەوە و وای کرد ئەندامانی ئەو حیزبە کوردایەتی وەک بۆرژوازی ببینن و رقیان لێیبێتەوە، ئەمەش زەمینەی شەری ناوخۆیی و برایەتیی خۆش کرد.
پەیوەندی لەگەڵ بەعس و موجاهیدینی خەلق
لە تەوەرێکی دیکەدا، خەلیقی باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەو کاتەی عێراق دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم پەیوەندییە "ستراتیژی و دژ بە دوژمنی هاوبەش بووە". ئەو دەڵێت "هەرگیز رێگەمان نەدا دۆستایەتیمان لەگەڵ بەغدا ببێتە هۆی ئازاردانی کوردێکی باشوور."
سەبارەت بە موجاهیدینی خەلقیش، خەلیقی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان (موجاهیدین) لە ناوەرۆکدا بروایان بە مافی کورد نەبوو، بەڵکو تەنیا وەک هێزێکی مەیدانی سوودیان لە دیموکرات دەبینی، بۆیە کاتێک دیموکرات دەستی بە وتووێژ کرد لەگەڵ تاران بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییان، موجاهیدین دیموکراتیان لە شورای میلی مقاوەمەت دەرکرد.
رەشەکوژییەکانی خاڵخاڵی و 59 لاوەکەی مەهاباد
دکتۆر خەلیقی بە خەمناکییەوە باس لە تاوانەکانی سادق خاڵخاڵی دەکات و دەڵێت: "خاڵخاڵی بۆ مەحاکەمە نەهاتبوو، بۆ کوشتن هاتبوو"، ئەو ئاماژە بە لەسێدارەدانی 59 لاوی بێتاوانی مەهاباد دەکات کە زۆربەیان قوتابی بوون و دەڵێت رژێم دەیویست لەو رێگەیەوە سەری مارەکە کە مەهاباد بوو، پانبکاتەوە و خەڵک چاوترسێن بکات.
کۆنگرەی شەش و هەڵکشانی خێرا
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، خەلیقی باس لە ژیانی حیزبیی خۆی دەکات و چۆن لە کۆنگرەی شەشەمدا، سەرەرای ئەوەی تەنیا 18 مانگ بوو ببووە ئەندام، بەڵام بەهۆی پێگەی جەماوەری و پشتیوانیی دکتۆر قاسملوو، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لەناو حیزبەکەدا ململانێ لە نێوان باڵی چەپە توودەییەکان و باڵی نیشتمانپەروەرەکان هەبووە، بەڵام دواجار دکتۆر قاسملوو توانیویەتی هاوسەنگییەکە رابگرێت.
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی جوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.