دکتۆر حوسێن خەلیقی - بەشی شەشەم

دکتۆر حوسێن خەلیقی - بەشی شەشەم

پەنجەمۆر دکتۆر حوسێن خەلیقی پەردە لەسەر نهێنییەکانی ناو حیزبی دیموکرات و تیرۆری قاسملوو لادەبات

دکتۆر حوسێن خەلیقی، نووسەر، وەرگێڕ و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەشی شەشەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، زانیاریی نوێ و ورد لەسەر مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرکێنێت. خەلیقی لەم بەشەی گفتوگۆیەدا، تیشکدەخاتە سەر کێشە ناوخۆییەکانی حیزب، ململانێی باڵەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵە و چۆنیەتی بازرگانیکردنی وڵاتانی ئەورووپا بە خوێنی رێبەرانی کوردەوە.

یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی بەرنامەکەکە، پرسی لیستی فیکس بوو لە کۆنگرەی هەشتی حیزبی دیموکراتدا، دکتۆر خەلیقی ئاماژە بەوە دەکات کە دکتۆر قاسملوو لیستێکی دیاریکراوی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پێشنیاز کردووە و داوای دەنگی بەڵێی بۆ کردوون، ئەمەش وایکردووە کەسانی دەرەوەی لیستەکە چانسی سەرکەوتنیان نەمێنێت.

خەلیقی دەڵێت "من یەکێک بووم لەوانەی دژی لیستی فیکس بووم، بەڵام دکتۆر قاسملوو پێی گوتم بۆ یەکەمجار خزمەتی حیزبەکەت بکە و وەرە ناو لیستەکە"، ئەو باس لە کێشە و ململانێی باڵەکانی ناو حیزب دەکات و دەڵێت لەو کاتەدا ململانێکان زیاتر لەسەر پلە و پۆست بوون نەک پرسی نەتەوایەتی.
سەبارەت بە شەڕی ناوخۆیی نێوان دیموکرات و کۆمەڵە، خەلیقی بەداخەوە باس لە بەردەوامیی ئەو شەڕە دەکات و دەڵێت "شەڕەکە هەر بەردەوام بوو تاوەکو سەردەمی دکتۆر شەڕەفکەندی، کە دواجار ئێمە بە یەک لایەنە رامانگیاند شەڕ رادەگرین"، ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە جیابوونەوەکانی ناو حیزب (رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ) و دروستبوونی باڵی نوێ، زیاتر بەهۆی نەبوونی دیموکراسی و ململانێی کەسییەوە بووە، نەک جیاوازیی فکریی قووڵ.

دکتۆر حوسێن خەلیقی بە تاڵییەوە باس لە کەیسی تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو لە ڤییەنا دەکات. ئەو دەڵێت"حیزب بڕە پارەیەکی زۆری (زیاتر لە 300 هەزار مارک) بۆ پارێزەر و دادگا خەرجکرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو. خەلیقی پەردە لەسەر راستییەکی تاڵ لادەبات و دەڵێت "حکومەتی ئێران نەوتی بە نرخێکی هەرزان بە نەمسا دا، بەمەش خوێنی دکتۆر قاسملوو بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و نەمسا." بە پێچەوانەی نەمساوە، خەلیقی ستایشی دادگاکانی ئەڵمانیا دەکات لە کەیسی میکۆنۆس و تیرۆرکردنی دکتۆر شەڕەفکەندی، کە توانییان سەلمێنەری ئەوە بن کە فەرمانی تیرۆرەکە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئێرانەوە دەرچووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەلیقی باس لە پەیوەندیی حیزب لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی وەک شێخ عیزەدین حوسێنی و سارم خانی سادق وەزیری دەکات. ئەو دەڵێت سارم خان کەسایەتییەکی زانا و نیشتمانپەروەر بوو، بەڵام حیزب رێگەی پێنەدا وەک ئەندام لەناویدا کار بکات، چونکە "لە زاناییەکەی دەترسان."

سەبارەت بە شێخ عیزەدینیش، خەلیقی پێیوایە دیموکرات نەیتوانی وەک پێویست رێزی لێ بگرێت، بۆیە کۆمەڵە زیرەکانە سوودی لە کەسایەتیی ئەو وەک رێبەرێکی ئایینی و جەماوەری وەرگرت.
خەلیقی چیرۆکی هاتنی هێزەکانی دیموکرات بۆ باشووری کوردستان دەگێڕێتەوە، ئەو باس لە دیدارەکانی لەگەڵ مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی دەکات. دەڵێت "مام جەلال پێی گوتوون'هەر شوێنێکتان دەوێت کوردستانی خۆتانە'، بەڵام باس لە رووداوێکی تەنزئامێزیش دەکات کە لە کاتی دیدارەکەدا کڵاشەکانی لێدزراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بێسەروبەرەیی و مەترسییانەی لەو سەردەمەدا هەبوون.

هەروەها باس لە پێشنیارەکەی کاک مەسعود بارزانی دەکات بۆ نیشتەجێبوونیان لە بێخمە، بەڵام بەهۆی مەترسیی تۆڵەکردنەوەی کۆن و کێشە خێڵەکییەکان، دواجار لە قەڵای کۆیە جێگیر بوون. دکتۆر حوسێن خەلیقی، کە ئێستا وەک پیرەمێردێکی پڕ لە ئەزموون و مەعریفە دەردەکەوێت، باس لەوە دەکات کە لە ژیانیدا 22 کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە. ئەو دەڵێت هەرچەندە لەناو حیزبدا هەوڵی ئاوت سایدەرکردنی دراوە و رێگری لێکراوە بگاتە مەکتەبی سیاسی، بەڵام ئەو هەرگیز کۆڵی نەداوە و لەڕێگەی قەڵەمەکەیەوە خزمەتی بە دۆزی کورد کردووە.

ئەم بەشەی بەرنامەکە تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نەبوو، بەڵکو رەخنەیەکی بوێرانە بوو لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبی و بڕیارە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تائێستاش شوێنەوارەکانیان بەسەر جەستەی بزووتنەوەکەوە دیارە.

پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.