پەنجەمۆر- بەشی سێیەم- جەلال سام ئاغا

13 August 2025
پەنجەمۆر- بەشی سێیەم- جەلال سام ئاغا

لە بەشی سێیەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، جەلال سام ئاغا، بەرپرسی پێشووی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و ناسراو بە "پیاوە سپییەکە"، پەردە لەسەر چەندین لاپەڕەی نەگوتراوی مێژووی شۆڕشی ئەیلوول هەڵدەداتەوە و وردەکاریی ژیانی پێشمەرگایەتی لە شاخ و دامەزراندنی سیستمی ئیداری و دارایی بۆ شۆڕش دەگێڕێتەوە. سام ئاغا تیشکدەخاتە سەر هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەناو شۆڕشدا و چیرۆکی ئەو کۆبوونەوە مێژووییە ئاشکرادەکات کە دوای رێککەوتنی جەزائیر، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ 10 کەسایەتیی ناحیزبیدا ئەنجامی دا.
جەلال سام ئاغا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی 1974، سەرکردایەتیی شۆڕش هەوڵی دا سیستەمێکی ئیداریی تۆکمە دابمەزرێنێت کە ببێتە جێگرەوەی دامەزراوەکانی حکومەت، ئەو دەڵێت"لەجیاتیی وەزارەت، 'ئەمانەتی عامە' دامەزرا. من کە لە قەڵادزێ بووم، بە بروسکەیەک داوا کرام بۆ 'لێژنەی مالیی باڵا' کە لە کەسانی وەک عەلی عەبدوڵڵا، خەسرەو تۆفیق، سامی عەبدولڕەحمان و عەدنان موفتی پێکهاتبوو."
ئەو لێژنەیە شەو و رۆژیان خستبووە سەر یەک بۆ دروستکردنی سیستمی ژمێریاری و تۆماری دارایی، بە شێوەیەک کە بە گوتەی سام ئاغا"سیستمێکی مۆدێرن و یەکگرتوو بوو کە تەنانەت لە زۆربەی دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقیشدا جێبەجێ نەدەکرا"، ئەو تۆمار و بەڵگەنامانە تاوەکو کۆتاییی شۆڕش لەلایەن سام ئاغاوە پارێزرابوون، وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی "شۆڕش شتێکی عەشایەری نەبووە، بەڵکو خاوەن نیزام بووە."
یەکێک لە تەوەرە سەرنجڕاکێشەکانی بەرنامەکە، هەوڵەکانی جەلال سام ئاغا بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەو چیرۆکی چۆنیەتیی ئاشکراکردنی زیادکردنی مووچەی هەندێک کەسی گێڕایەوە و گوتی"دوای ئەوەی بۆمان دەرکەوت هەندێک کەس مووچەی راستەقینەی خۆیان نەنووسیوە، بۆ نموونە مووچەی 35 دینارییان کردووە بە 50 دینار، نووسراومان بۆ رێکخستنەکانی سلێمانی کرد و داوای لیستە راستەقینەکانمان کرد کە بەراوردمان کرد، جیاوازییەکی زۆر هەبوو."
سام ئاغا بە شێوازێکی بوێرانە ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە و دەڵێت"وەک بڵێی زۆر گوێم بە مافی مرۆڤ نەدەدا بۆ بابەتی دەستپیسی و دزی، ناوەکانمان بڵاوکردەوە، ئیتر گەندەڵەکان رژانە سەرمان و دەیانگوت 'وەڵا لێمان تێکچووە'. بەو رێگەیە بڕە پارەیەکی زۆر گەورەمان بۆ خەزێنەی شۆڕش گەڕاندەوە."
سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین، سام ئاغا رایگەیاند کە ئازادی هەبووە، بەڵام سنووردار بووە. "ئەگەر قسەیەکت بە دڵیان نەبووایە، بانگیان دەکردیت و لێپرسینەوەیان دەکرد"، ئەو باسی ئەوەی کرد کە جارێک لەلایەن پاراستنەوە بانگکراوە لەسەر ئەوەی کە رەخنەی لە پڕوپاگەندەیەکی تەلەڤیزیۆنی کەرکووک گرتووە سەبارەت بە مەلا مستەفا، ئەمەش دەریدەخات کە هەرچەندە فەزایەک بۆ قسەکردن هەبووە، بەڵام هێڵی سووریش بۆ رەخنەگرتن لە کەسایەتییە باڵاکان دانرابوو.
خاڵی هەرە گرنگی گێڕانەوەکانی سام ئاغا، وردەکاریی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە دوای رێککەوتنی جەزائیر و نسکۆی شۆڕش، مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ 10 کەسایەتیی ناسراوی ناحیزبی، لەوانە (جەلال سام ئاغا، کەمال مەزهەر، دارا تۆفیق، کامەران قەرەداخی و چەندانی دیکە) ئەنجامی دا. سام ئاغا دەڵێت"مەبەست لەوەی کەسەکان ناحیزبی بن ئەوە بوو کە حیزبی ناتوانێت لە قسەی سەرکردایەتی دەربچێت، بەڵام ناحیزبی ئازادە لە دەربڕینی رای خۆی"، کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی سارد و بەفراویدا تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو، مەلا مستەفا بە ورەیەکی رووخاوەوە باسی ماندووبوونی جەستەیی و بێئومێدبوونی لە دۆخەکە کردبوو و گوتبووی"ئێستا دەبێت دوو سێ کەس یارمەتیم بدەن تاوەکو سواری وڵاخ بم، دەیویست بڵێت من ئیتر شۆڕشم پێ ناکرێت."
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، پەیامە سەرەکییەکەی مەلا مستەفا بۆ ئەو کەسایەتییانە ئەوە بوو"هەموو نەرمی نواندنێکمان بۆ شا کرد، بەڵام رازی نەبوو. کە رازی نەبوو، ئیتر با بیدەینە دەست خودا."
ئەم دەرکەوتنەی جەلال سام ئاغا، وەک بەڵگەنامەیەکی زارەکیی گرنگ، چەندین گۆشەی شاراوەی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردی روونکردەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەڵقەکانی داهاتوودا تیشکی زیاتر بخرێتە سەر قۆناخەکانی دیکەی ژیانی سیاسی و ئیداریی ناوبراو.
پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پێشکێشدەکرێت.



*******************

پێشکەشکار: کاوە
میوان: جەلال سام ئاغا
کاوە: بینەران و بیسەرانی خۆشەویست، سڵاوتان لێ بێت. خۆشحاڵین لە ئەڵقەیەکی دیکەی 'پەنجەمۆر' لەگەڵتانداین. لە بەرنامەی ئەمجارەشدا درێژە بە گفتوگۆکەمان دەدەین لەگەڵ کەسایەتیی ناسراوی کوردستان، مامۆستا جەلال سام ئاغا.
لەم بەرنامەیەشدا چەند لاپەڕەیەکی دیکە لە ژیانی هەڵدەدەینەوە و باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی مێژوایی دەکەین کە خۆی تێیدا بەشدار بووە.
کاک جەلال، بەخێر بێیتەوە بۆ بەرنامەکەمان. مامۆستا، لە ئەڵقەی پێشوودا باسی ئەوەمان کرد کە ئێوە چوونە دەرەوە و بوون بە پێشمەرگە و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی گرنگدا کارتان کرد. ئەمجارە ئەو پرسیارە دەکەم، ئێوە دەستتان کرد بە دامەزراندنی دامەزراوە بۆ ئەوەی جێگەی حکومەت بگرنەوە؟ ئەو 'ئەمانەتی عامە'ـیە وەکو وەزارەتێک وابوو؟
جەلال سام ئاغا: بەڵێ، لەجیاتیی ئەوەی وەزارەت بێت، ناویان نا 'ئەمانەتی عامە'، چونکە حکومەتی عێراقیش کە دوای ئەوەی شەڕ دەستی پێکردەوە، ئيعلانی حوکمی زاتییەکەی کرد، ئەرکەکانی حکومەتی دابەش کرد بەسەر کۆمەڵێک دامەزراوەدا. 'ئەمانەتی عامە'، من لە 'ئەمانەتی عامە' بووم. من لە قەڵادزێ بووم، جارێ نەگەیشتبوومە چۆمان کە بە بروسکەیەک داوایان کردم بۆ 'لێژنەی مالیی باڵا'. وابزانم جارێکی دیکەش باسم کردووە.
ئەو لێژنەیە بریتی بوو لە عەلی عەبدوڵڵا کە سەرۆک بوو، خەسرەو تۆفیق بەڕەحمەت بێت، سامی عەبدولڕەحمان، عەلی موزەفەر و عەدنان موفتی. ئەم کۆمەڵەیە ئیتر شەو و رۆژمان خستبووە سەر یەک، تاوەکو توانیمان ئەو سیجلانەی کە لە حکومەتدا بەکاردەهات بۆ تۆمارکردنی هەموو شتێکی دارایی، ئەو سیجلانەمان دروست کرد و کە شۆڕشیش تووشی نسکۆ بوو، سیجلەکان لای من بوون. لە خانووەکەمان دامنان لەسەر مێزێک بە پاک و خاوێنی. گوتم بۆ ئەوەی ئەوانەی کە دێن، حکومەتی عێراق کە دێتەوە، بزانێت ئەمە شتێکی عەشایەری نەبووە. ئەمە سیستمێکی ژمێریاریی یەکگرتوو بووە کە لە زۆربەی شوێنەکانی حکومەت جێبەجێ ناکرێت، ئێمە لە شاخ کردوومانە و جێبەجێمان کردووە.
ئەو رۆژەی ئێمە دەرچووین، نزیکەی کاژێر و نیوێک، تۆ بڵێی زیاتر یان کەمتر، قەڵادزێمان بەجێهێشتبوو کە حکومەت هاتە ناوی (٢٤ی ٤ی ١٩٧٤). بەڵێ. زیانێکی زۆری تێدا کەوت، بەتایبەتی قوتابییانی زانکۆ کە هاتبوون.
کاوە: بەڵێ.
جەلال سام ئاغا: ئەو کاتەی خۆی لە یانەی فەرمانبەرانی قەڵادزێ کۆبوونەوەمان کرد. من بە سیفەتی نوێنەری زانکۆ و بەڕێوەبەری ئیدارەی زانکۆش بووم کە هاتم و پەیوەندیم کرد. باسی دروستکردنەوەی زانکۆ کرا. زۆر مامۆستای تێدا بوو کە ئێستا یان نەماون یان ماون، سەرسام بووم لە بیرکردنەوەیان، لەگەڵ ڕێزمدا بۆیان، کە زۆر پێیانداگرت لەسەر دروستکردنەوەی زانکۆ لە قەڵادزێ. ئاخر ئەمە تەنیا ئەوە نییە زانکۆیەک هەبێت و مێژووی تێدا بوترێتەوە! چۆن دەبێت، دانیشتوون و گوێ لە ئێمە دەگرن. ئێمە لە زانکۆی سلێمانی بەو هەموو توانایەوە کەموکوڕیمان هەبوو. زانکۆ تاقیگەی دەوێت، زانکۆ توانای دارایی دەوێت، لەبەرئەوە من دژی بووم.
کاوە: مامۆستا، سەرۆکایەتییەکەی بە هەمان شێوە گوازرایەوە بۆ ئەوێ؟ یان کێ بڕیاری دا؟ مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەوانە؟ یان هەر خۆیان هاتن؟
جەلال سام ئاغا: ئەی چۆن، بەخوا زۆر شت عەفەوی بوو. سەرۆکی زانکۆمان دکتۆر حیکمەت بوو، ئەو نەهات، تێگەیشتیت؟ کەمال خەیات هاتبوو، کەمال جێگری سەرۆکی زانکۆ بوو.
کاوە: کەواتە تۆ پێت وایە کارێکی هەڵە کرا؟
جەلال سام ئاغا: لەوانەیە کارێکی هەڵە کرابێت، چونکە بەیانیان لەبەردەم ئەو بینایەی کە زانکۆی لێ بوو، هەموو قوتابییەکان لەوێ بوون، یەکتریان دەبینی. قەرەباڵغییەکی زۆر بوو. ئەویش بۆمبێک یان شتێک بە ناوەڕاستی قەرەباڵغییەکەدا بکەوتایە، زیانێکی زۆر دەکەوت.
کاوە: ئەو ماوەیەی کە ئێوە لە دەرەوە بوون لەکاتی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئازادیی ڕادەربڕین هەبوو؟
جەلال سام ئاغا: وەڵاهی دەزانی چی، ئەگەر بڵێم نەبوو، درۆیە. هەبوو، ئازادیی ڕادەربڕین هەبوو. بەڵام ئەگەر قسەیەک بە دڵیان نەبووایە و پێیان بگەیشتایە، بانگیان دەکرد و لێپرسینەوەیان لێ دەکرد. من خۆم یەکێکم لەوانەی کە بانگ کرام. شەکیب بەرپرسی پاراستن بوو. منیش فوئاد عارف و دارا تۆفیق لە دەرەوە بوون، واتە نەناسراو نەبووم. شوێنەکەشم هەر شوێنی ئیش بوو، بەڵام هەر بانگیشیان کردم و حەز ناکەم، بەخوا حەز ناکەم بیڵێم.
کاوە: ئێ خۆ ئێمە باسی ئازادی دەکەین، پەنجا ساڵ تێپەڕیوە و دواییش باسی مێژوو دەکەین مامۆستا.
جەلال سام ئاغا: کابرایەک هەبوو مەسیحی بوو، بەرپرسی چێشتخانە و لێژنەی کڕینیش بوو. چووبوون شتیان کڕیبوو بۆ ئۆتۆمبێلی لاندکرۆزەر. ئاخر لاندکرۆزەر هەبوو لە شاخ. جەنابت لە دەرەوە نەبوویت...
کاوە: من؟ نە وەڵا، ئەو کاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو مامۆستا.
جەلال سام ئاغا: بەڵێ، بەڵێ وایە. کە پسوولەکەیان بۆ هێنام، گوتم ئێمە ئۆتۆمبێلمان لاندکرۆزەرە، ئەمە پسوولەی ئۆپڵە. تێگەیشتی؟ ساختەکارییەکە ئاشکرا بوو. کە ئاشکرا بوو، دنیای کرد بە واستە بۆی سەرپۆش بکەم، نایکەم. من هەر لە تەمەنمەوە دژی دزی و درۆزنی و ئەم شتانە بووم. لەو نێوەندەدا کاک داراش، کە بەرپرسی 'ئەمانەتی ئیعلامی' ئێمە بوو، دارا تۆفیق، ئەویش داوای لێ کردمەوە. گوتم کاک دارا، دەتوانیت بە ناوی یارمەتییەوە چی دەکەیت بیکە، بەڵام گوناحە دزێکی وا... گوتم ئێمە حکومەتمان بەجێهێشتووە و ڕازی نەبووین، ئێستا بێین ئەو دزییەی لەناو حکومەتدا هەیە لێرە بیکەین؟ تێدەگەیت؟
ئینجا قسە قسە دێنێت، ئەمەم بیرکەوتەوە، دەچمەوە سەر ئەوەی خۆم. بەڕەحمەت بێت مەلا مستەفا، کابرایەکی بانگ کردبوو. کابرایەکی زۆر ئازا و زۆر بەتوانا بوو، بەڵام لە ڕووی ڕەوشتەوە زۆر تەواو نەبوو، دەستیشی پاک نەبوو. مەلا مستەفای بەڕەحمەت بانگی کرد، گوتی: 'فڵانە کەس، بگەڕێرەوە بۆ ناو حکومەت، چەندت دەوێت لێرە مووچە هەیە پێت دەدەین، بە یەک مەرج، ئەوەی لەناو ئێمە کردووتە، لەناو حکومەتیش بیکەیت'. واتە ئەو خراپەیەی کە لای ئێمە دەیکەیت و کردووتە، بڕۆ ئەم خراپەیە بەرە بۆ ناو حکومەت. تۆ هەر بە پێشمەرگە حیساب دەکرێیت و هەموو حیساب و کتابێکت بۆ دەکرێت. تێدەگەیت؟
ئینجا، لێپرسینەوەکەی من بە کوێ گەیشت؟ ئاخر کە چووم، ئەو کابرایە (شەکیب) چی کردبوو... کاتی خۆی لە تەلەڤیزیۆنی کەرکووک، وێنەیەکیان دروست کردبوو، پاڵتۆیەکیان کردبووە شانی مەلا مستەفا و لە خوارەوە نووسرابوو 'ملبوس العافیة یا مولای'. ئەمە دروشمی تەلەڤیزیۆنی کەرکووک بوو. گوایە من وتبووم: 'مەلا مستەفا بە پاڵتۆکەشییەوە بێت، من ئەو پارەیە سەرف ناکەم'. کە ئەوەندە سوور بووم لەسەری، چوو بوو ئەمەی بۆ گێڕابوونەوە. ئیتر گوتیان تۆ وات گوتووە.
باگردێن هەیە، دەزانی باگردێن چییە؟ لەسەر باگردێنێک دانیشتبوو. من لەگەڵ فەرهاد عەونی چووم. لەسەر باگردێنێک دانیشتبوو و سەری خۆی دەتاشی بە گوێزان. ئاوێنەکەی بەدەستەوە بوو و لەسەر باگردێنەکە دانیشتبوو. بارەگاکەی لەوێ بوو، واتە بارەگایەکی لاوەکی. گوتی: فڵانە کەس... گوتم: 'بەڵام تۆ گوتووتە: با مەلا مستەفا بە پاڵتۆکەشییەوە بێت'. گوتم: 'مەلا مستەفا خۆی بێت و پێم بڵێت، دەیکەم. قەیناکا. بەڵام ئەم پاڵتۆیە کە حکومەت کردوویەتی بە ڕەمز و واتە پێی دەڵێت پیرۆز بێت ئەم پاڵتۆیەی بەکرێگیراوی و ئەمەریکا'. بەغدا ئەمەی لە تەلەڤیزیۆنی کەرکووکەوە کردبوو. ئیتر لەوێ قسەمان کرد و گوتم: 'هەندێک کەس هەیە بۆ شتێک دەڵێت خواش بێتە خوارەوە، نایکەم. لێرە گەورەیی خواکە پیشان دەدات کە خودا شتێکی گەورەیە. مەلا مستەفا شتێکی گەورەیە، کە گوتوومە با ئەویش بێت نایکەم'. گوتی: 'باشە، بۆ پاڵتۆکە دەپرسین. تۆ ئەو پاڵتۆیە کە حکومەتی عێراق کردوویەتی بە ڕەمزێکی خراپ، بۆ ئێمە ناشرینە و تۆش بەو جۆرە قسەت کردووە'. ئیتر بەو جۆرە کۆتاییمان پێهێنا. ئینجا مەسەلەکە ئەوەیە، ئەو جۆرە لێپرسینەوانە هەبوون. بەڵێ، پاراستن بەهێز بوو.
کاوە: ئەڵێن کاک جەلال یەکەم کەسە کە شۆڕشی دژی گەندەڵی لەناو شۆڕشدا بەرپا کردووە؟
جەلال سام ئاغا: خەڵکی خراپ و چاک لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام ئەو ڕۆژە بەم ڕۆژە قیاس ناکرێت، زۆر جیاواز بوو، چونکە هەرکەسێک هاتبووە دەرەوە، خۆ بە زۆر ڕایاننەکێشابوو، بە ویست و ڕەزامەندیی خۆی ڕۆیشتبوو. من ڕاستە نامەیان بۆ ناردم بۆ ئەو لێژنە داراییە و گوتیان پێویستمان پێتە و چووم، بەڵام سەدا نەوەدی خەڵک خۆی دەچوو و پەیوەندیی دەکرد. من لە ماڵێکدا بووم ناز و نیعمەتی تێدا بوو، وەزیفەکەم بەڕێوەبەری ئیدارەی زانکۆ بوو، هاوڕێی دکتۆر حیکمەت و دکتۆر کەمال بووم و لە کۆلێژ پێکەوە بووین، لە هیچ شتێکم کەم نەبوو. جانتایەکی تەنەکەم پڕ کرد لە فانێلە و دەروپێ و کراس و مەعجوونی ددان و پێداویستییەکان و بە جانتای تەنەکەوە... ئۆتۆمبێلی زانکۆ ژمارە سێ بوو، ئێستا بیرم دێتەوە. من و دکتۆر کەمال خۆشناو و دکتۆر کەمال خەیات و سەلاح حەفید، دکتۆر سەلاح حەفید، بەو ئۆتۆمبێلە ڕۆیشتین تاوەکو چۆمان. لە چۆمانەوە ئۆتۆمبێلەکەمان ناردەوە بۆ سلێمانی.
کاوە: کەواتە نموونەت هەیە گەندەڵی کرابێت و ئێوە لێپرسینەوەتان کردبێت یان شۆڕش لێپرسینەوەی کردبێت؟
جەلال سام ئاغا: واتە شتێکی دیاریکراو، جگە لەوەی کە بۆم باس کردی، ئەو کابرایە کە چووبوو...
کاوە: ئەی باسی ئەوە دەکرێت مامۆستا کە هەندێک کەس هەبووە مووچەکەی بۆ نموونە زیاد کردووە؟ ئەوە چۆن بوو؟
جەلال سام ئاغا: بەڵێ، ئەوە چۆن بوو؟ وەڵاهی تا ئێستا چەند جارێک لێم دەپرسن. دوای ئەوەی زانیم... کاک عەلی و ئەوان نەدەپەرژانە سەر ئەو ئیشە، تەنیا من مابوومەوە بۆی. دوای ئەوەی زانیم هەندێک کەس مووچەیان زیاد نووسیوە، بۆ نموونە یەکێک دەیگوت مووچەکەم پەنجا دینار بووە، کەچی پەنجا نەبووە و سی و پێنج بووە. ئێمەش نیوەی پەنجاکەمان دەدا کە دەکاتە بیست و پێنج. کە ئەو شتەمان بۆ دەرکەوت، نووسراوێکم کرد بۆ ڕێکخستنەکانی سلێمانی و لیستێکی ناوەکانم نارد تاوەکو بۆمان بەدواداچوون بکەن بزانن مووچەیان چەندە بووە. وەڵا کە وەڵاممان بۆ هاتەوە، زۆر جیاواز بوو.
ئیتر ئابڕوومان بردن. منیش تۆزێک، وەکو بڵێی زۆر گوێ نادەمە مافی مرۆڤ و ئەم شتانە بۆ بابەتی دەستپیسی و گەندەڵی و دزی. ناوەکانمان بڵاوکردەوە. وەڵا کە زانیمان، ڕژان بەسەرماندا، هەر یەکە و دەیگوت: 'کاکە وەڵا لێم تێکچووە'، 'نازانم'، 'مووچەکەم ئەوەندە نەبوو'، بۆ ئەوەی نەکەونە بەر ناو و ناتۆرە و لێسەندنەوە. لەبەرئەوە، بڕە پارەیەکی زۆر گەورەمان گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی شۆڕش لەو ڕێگەیەوە. جگە لەوەی کە بابەتێکی پەروەردەییش بوو. ئاخر کاکە تۆ حکومەت و ماڵ و منداڵ و هەموو شتێکت بەجێهێشتووە و هاتووی کوردایەتی دەکەیت، ئێ چۆن یەکێک کوردایەتی بکات و دزیش بکات؟ بەخوا نابێت.
کاوە: ئەی سەرکردایەتیی شۆڕش لەسەرەوە سوپاسیان کردن؟ پێیان باش بوو؟
جەلال سام ئاغا: بەخوا کاک عەلی هەمووی دەگەیاند بە مەلا مستەفای بەڕەحمەت. ئەرێوەڵا. بۆ منیش کاکە کاوە، حەزی ئەو ڕۆژە و کوردایەتیی ئەو ڕۆژە ئەوە نەبوو تۆ دابنیشیت و شتێک بکەیت و بڵێیت چاوەڕێ دەکەم سوپاسم بۆ بێت یان ئەم جۆرە شتانە.
کاوە: کاک جەلال، شتێک هەیە کە دکتۆر فوئاد مەعسووم، نوێنەری شۆڕش بوو لە قاهیرە، لە وتارێکدا نووسیبووی، دەڵێت: 'گەڕامەوە بۆ لاتان لەناو بارەگاکان، بە جلوبەرگێکی فەرمییەوە چووم، تەنیا من چاکەت و پانتۆڵم لەبەردا بوو، بەڵام کاک جەلال فریام کەوت'.
جەلال سام ئاغا: من و دکتۆر فوئاد ئێستاش زۆر دۆستین، زۆر زۆر. جارێک خورمای من ساڵانە ئەو بۆم دەنێرێت، خورمای بەرحیی بۆ دێنن. ئیتر کاتێک بووە سەرۆککۆمار، کوڕێکم لام بوو، گوتم ئەوە دکتۆر فوئاد قسەی لەگەڵدا دەکردم، گوتی: 'تۆ یەکەم کەسیت پێت دەڵێم دەرچووم و بووم بە سەرۆککۆمار'. پیرۆزباییم لێ کرد. کوڕەکە گوتی: 'چییە؟' گوتم: 'وەڵا وایە، ئەوە دکتۆر فوئاد بووە بە سەرۆککۆمار و تەلەفۆنی بۆ کردووم و پیرۆزباییم لێ کردووە'. گوتی: 'کەواتە خورماکەمان نەما!' منیش کە هێشتا لەگەڵ دکتۆر فوئاد قسەم دەکرد، گوتم: 'دکتۆر، ئەوە فڵانە کەس لێرەیە و تۆش دەیناسیت، سەلامت لێ دەکات بەڵام پیرۆزباییت لێ ناکات، خەمی ئەوەیەتی بوویت بە سەرۆک و خورماکەمان نابێت'. گوتی: 'پێی بڵێ، خورما لەمەودوا زیاتر دەبێت!'، بەڕاستیش وا بوو.
ئینجا کە هات، گوتم: 'ئەرێ دکتۆر، بەم کراس و پانتۆڵ و چاکەتەوە هاتووی؟ شازیت! بەتایبەت تۆ سەرکردەیت'. گوتی: 'باشە چۆن؟ لە کوێ دەتوانم جلی کوردی بکڕم؟' گوتم: 'هیچ کێشە نییە، قەبارەمان نزیکە لە یەکەوە، لەوانەیە من تۆزێک قەڵەوتر بم'. گوتم: 'ئەوە دەچم قاتێکی تازەم هێناوە لەگەڵ خۆمدا'. بردمە ژوورێک و جلەکانم دایێ، گوتم: 'ئەمانە لەبەر بکە و ئینجا وەرەوە ناو مەجلیسەکە'. بوو بە دکتۆر فوئادێکی تر. ئەرێوەڵا، ئەو هەمیشە باسی ئەوە دەکات و دەڵێت ئەو قاتە جلە کوردییە کەسایەتییەکی تری پێ بەخشیم.
کاوە: کەسایەتییەکی تر هەیە کە بەڕاستی خەڵکێکی زۆر باسی دەکات، دیارە من لەبەر خزمایەتییەکەتان ناڵێم، کاک دارا تۆفیق پیاوێکی چۆن بوو لە ئیدارەدان و لە بابەتی کوردایەتیدا؟
جەلال سام ئاغا: لێژنەی ناوەندی بوو. بەڵێ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو. ناوی لیژنەی مەرکەزی بوو. بەڵێ، دارا، با یەکسەر شتێکت پێ بڵێم، من ناوم نابوو 'ئەبو عیسا'. عیسا وتەیەکی هەیە دەڵێت: 'من لەم لاوە نایەت بە دەستی ڕاستم، بەڵکو بە دەستی چەپم'. ئیمانی بە سزادان و شت نەبوو. پێت بگووتایە فڵانە کەس وای کردووە، دەیگوت: 'بابە گیان، ئەم وڵاتە بە 'العین بالعین والسن بالسن والبادئ أظلم' بەڕێوە دەچێت'. یەکێک ئەم پارە و سامانە دەدزێت و خیانەت لەو کارە دەکات کە پێی سپێردراوە، بە ئامۆژگاری چاک نابێت. خۆی زۆر باش دەزانێت کە کارەکەی هەڵەیە. لەبەرئەوە، هەمیشە مەیلی بۆ ئاشتی و چارەسەری هێمنانە بوو. ناوم نابوو 'ئەبو عisa'، واتە با شتەکە نەگاتە لای ئەو، چونکە ئەگەر بگاتە لای، هیچ ڕێکارێک ناگیرێتەبەر.
پیاوێکی تا بڵێی ئاشتیخواز و لەسەرخۆ بوو. لەماوەی هەموو ژیانمدا ڕۆژێک نەمدی ئەم کابرایە تووڕە بێت. زۆر جێگەی متمانەی مەلا مستەفاش بوو، زۆر زۆر. کاتێک وەفدی بیانی دەهات، ئاخر دارا ئەندازیار بوو و دەرچووی لەندەنیش بوو، ئەو وەرگێڕانی بۆ مەلا مستەفا دەکرد لەگەڵ ئەو وەفدەدا. دارا خۆی جوان بوو، ئەوسا ئافرەت نەبوو بۆ شانۆگەری، هەر پیاو دەوری ئافرەتی دەبینی. هەمیشە دەوری ئافرەتیان بە کاک دارا دەدا چونکە سوور و سپی بوو. کوڕی تۆفیق وەهبیش بوو. زۆرجار کە دادەنیشتین و وردە ڕەخنەیەکمان دەگرت...
کاوە: مامۆستا، ئەو کاتە باسی ئەوەش دەکرێت زۆر ڕۆژنامەنووسی بیانی و کەسایەتیی وا هاتوون، تۆ هیچ کات لەگەڵ ئەوانە گفتوگۆت نەکرد؟ ڕێ نەکەوت بیانبینیت؟
جەلال سام ئاغا: نە وەڵا، دەزانیت چی؟ هەر خۆم حەزم لێ نەبوو، ئەوانیش قەت پێیان نەگوتم لەگەڵ فڵان کەس دابنیشە. ئەوسا ئەم لێدوان و میدیا و شتانە نەبوو، هەر میدیای شۆڕش بوو کە لە ڕێگەی ئیزگەکەوە بوو. هەندێک جار خەڵکم هەڵدەبژارد بۆ بێژەری، ئەوانەی دەنگیان خۆش بوو، بەتایبەتی بۆ بەشی عەرەبی.
کاوە: ڕادیۆکە ڕۆڵی هەبوو مامۆستا؟
جەلال سام ئاغا: هەرچی عالەم بوو، هەرچی عالەم بوو، چاوەڕێی هەواڵی شۆڕشیان لە ڕادیۆکەوە دەکرد. ئەو ڕۆژەی کە ئێران هات و بە ئۆتۆمبێلێکی فلاتیا ئیزگەکەیان بردەوە، من و کاک دارا و کەمال مەزهەر هەر سێکمان گریانمان بۆی دەهات. وەک ئەوەی مردوویەکی زۆر ئەزیزمان لە ماڵ ببرێتە دەرەوە و قیژە و هاواری ژنانی بەدوادا بێت، ئێمە ئاوا بووین کە ئێران ئیزگەکەی بردەوە.
کاوە: ئیزگەتان هەبوو؟
جەلال سام ئاغا: بەڵێ، ئیزگەمان لە ناوچەی ماوەت لە 'بەردەڕەش' هەبوو، لە خانەقین ئیزگەمان هەبوو، لە ناوچەی زاخۆش ئیزگەمان هەبوو. ئیزگەی سەرەکی و دایکەکە لەوێ بوو. من و کەمال مەزهەر و عەبدولخالق مەعرووف و مامۆستا هەژار، ئێمە چوار بووین. هەندێک جار خواردن و شتی وا بۆ مامۆستا هەژار دەهات لە لوبنانەوە.
ماڵی عەبدولخالق لە سەرووی ئیزگەکەوە بوو. هەموو جارێک دەیگوت: 'ئێستا لە خوارەوە تەماشامان بکەن نابینرێین، چونکە ئێمە لە سەرووی هەورەوەین'. خانوویەکی شێواز ئەوروپییان دروست کردبوو. ئەو شتانەی کە دەهات، دەمانبرد بۆ ئەوێ و بۆ خۆمان دەمانخوارد و کاتمان پێکەوە بەسەر دەبرد. ڕێگاکەی زۆر سەخت بوو. بەڵام کە دەهاتینەوە خوارەوە، ئیزگەکە و چاپخانەکە لەوێ بوون، ئەویش بە پلیکانە دەچوویتە خوارەوە، بەڵام زۆر قایم بوو. پەرژینی هەبوو. عێراق تەنیا یەکجار توانی مووشەکێک بگەیەنێتە ئەو دیوی پەرژینەکە.
کاوە: فڕۆکە لەوێ خرابووە خوارەوە؟
جەلال سام ئاغا: شەش فڕۆکە، لە 'باژێڕە گەورەکان' بوو. من چوومەتە سەریان و وێنەشم گرتووە، بەداخەوە وێنەکانم نەماون لە ماڵی باوکم. خۆم بە چاوی خۆم کەلاکى فڕۆکەکانم بینیوە. ئەی چۆن! ئێمە میدیا بووین، میدیاش دەبێت ئاگاداری هەموو شتێک بێت. ئیتر دواتر دەیانگوت ئەمانە خنکاون و ڕەش بوون، گوتیان هیندییەکان فڕۆکەیان ناردووە بۆ ئێمە. ئەرێوەڵا.
کاوە: زۆر باشە کاک جەلال، پشوویەک وەردەگرین و دواتر درێژە بە قسەکانمان دەدەین.
 
(دوای پشوو)
کاوە: دووبارە سڵاو بەڕێزان، درێژە بە 'پەنجەمۆر' دەدەین لەگەڵ مامۆستا جەلال سام ئاغا. کاک جەلال، باسی ئەو کەسایەتییانەمان کرد، بەڕاستی ئەمانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە شۆڕشدا. یەکێک لەوانە کەمال مەزهەری خودالێخۆشبوو. کەمال مەزهەر ناوێکی دیارە، حەز دەکەم لەسەر ئەویش بپرسم، ڕۆڵی ئەو چی بوو؟ بەرپرسیارێتیی چی بوو؟
جەلال سام ئاغا: ئەو بەرپرسی ئیعلام بوو. ئەو چاودێریی وتارەکانی دەکرد. ئەوانەی کە دژی سۆڤیەت بوون، ئاخر سۆڤیەت لەگەڵ عێراقدا پەیوەندیی خۆش بوو و یارمەتیشی دەدا بە چەک و شت. لەبەرئەوە، کامەران قەرەداخی، کە خۆی زیرەک بوو، نازانم دەیناسیت، ڕۆژنامەنووسێکی زۆر لێهاتووە، ئەو وتارانەی کە بۆ ڕۆژنامەی 'ئیزڤیستیا'ی سۆڤیەتی ئاراستە دەکرا، کامەران دەینووسی. ئیزگەکەش وتاری ئیفتیتاحیی هەبوو، ئەویش کامەران دەینووسی. کەسایەتییەکی دیاری ناو میدیای کوردی بوو. میدیاکەش بریتی بوو لە ئیزگەکە.
کاک دارا خۆی دەینووسی. کاک دارا بەرپرسی 'خەبات'یش بوو لە شاخ، ڕۆژنامەی 'خەبات'. کاک فەلەکەدین کاکەییش، بەڕەحمەت بێت، لە گرووپەکەی ئێمە بوو. فەلەکەدین زیاتر شتی تەنزئامێزی دەنووسی، گاڵتەی بە حکومەت و سیستم و ئەم شتانە دەکرد. فەلەکەدینیش یەکێک بوو لە نووسەرە باشەکان.
کاوە: کەواتە مامۆستا، ئێوە گرووپێک بوون کە لەگەڵ یەکدا گونجا بوون؟
جەلال سام ئاغا: گونجا بووین. شتێکم ببیستایە و بمزانیایە بەسوودە، بۆ نموونە بە دکتۆر کەمالم دەگوت. ئەویش هەمیشە دەفتەرێکی بچووکی پێ بوو و دەینووسی، بۆ ئەوەی لە بیری نەچێت.
کاوە: مامۆستا، شتێکی تر کە بەڕاستی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت، ئەویش ئەوەیە، ڕاستە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکردایەتیی شۆڕشی دەکرد، بەڵام ئەوسا باسی حیزبایەتی نەبوو، هەمووی بزووتنەوەی کوردی بوو، بە پارتی و شیوعییەوە. ئێوە کە لەوێ بوون، بۆ نموونە جەنابت، کاک کەمال مەزهەر و خەڵکی دیکەش، حیزبی نەبوون، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگتان پێ درابوو. واتە ئیزگە دەکرێت کودەتای پێ بکرێت، بەڵام متمانەیان پێتان هەبوو.
جەلال سام ئاغا: بەڵێ، کە شۆڕش تووشی ئەو نسکۆیە بوو، مەلا مستەفا داوای دە کەسی غەیرەحیزبیی کرد کە قسەیان بۆ بکات کاتێک چوو بۆ ئێران.
کاوە: جا من پرسیارم هەیە لەسەر ئەوە بەتایبەتی مامۆستا. بەڵام پێشتر، یەکێک لەو کەسانەی کە زۆر لە نزیکتان بوو، مام هەژار بوو. مام هەژار زمانزان و مێژوونووسێکی گەورە بوو. ئێوە لە نزیکەوە ناسیوتانە.
جەلال سام ئاغا: من کوردییەکەم کە باش بوو، بەهۆی مام هەژارەوە بوو. ئەوسا ئێمە بە عەرەبی کتێبمان دەنووسی. لە شۆڕشدا بە کوردی بوو. مام هەژار نزیکەی ڕۆژی نیو کاژێر یان کاژێرێک یارمەتیی دەدام. بۆ نموونە، دەیگوت 'أمر إداری' دەبێتە 'فەرمانی کارگێڕی'. ئێمە نەماندەزانی. بەهۆی مام هەژارەوە کوردییەکەم باش بوو.
کاوە: باشە، لەنێوان ئێوە و ژەنەڕاڵ بارزانیدا، ئەو پەیامبەر بوو؟ ئێوە چیتان پێ ڕادەسپارد؟
جەلال سام ئاغا: پێیان دەگوتین. دەیانزانی ئێمە لە مام هەژارەوە نزیکین و مام هەژاریش لە بارزانییەوە نزیکە. هەندێک جار کە نسکۆیەک ڕووی دەدا و حکومەت شاخێکی دەگرتەوە، لە ڕێگەی ئەوەوە هەواڵمان وەردەگرت. زیاتر ئێمە بۆچوون و پێشنیازەکانمان بە کاک ئیدریس دەدا. کاک مەسعوود لە 'زینوێی شێخی' بوو، لەوێ 'مەعهەدی کادر'ی لێ بوو. ئێمە زۆر، زۆر، زۆر لەگەڵ کاک ئیدریسدا بووین. زۆر خۆمانە بوو لە قسە و باس و نوکتەدا. ئەگەر پرسیارێکمان هەبووایە، لەومان دەکرد. بەڵام مام هەژارمان دەنارد بۆ لای مەلا مستەفا تا بزانین بارودۆخ چۆنە. دەیگوت: 'کوڕینە، چۆن چووم، وا هاتمەوە'. دەمانگوت: 'مام هەژار، تۆ سێ-چوار ڕۆژە لەوێیت!' دەیگوت: 'کاکە، ئەوەی لەگەڵ بارزانیدا مامەڵە بکات، نازانێت چی دەکات. ئەگەر تاوڵە بدۆڕێنێت، دەبێت بیباتەوە. بیباتەوە، دەبێت جارێکی دیکەش بیباتەوە'. دەیگوت بەخوا هیچم پێ نییە.
کاوە: لەناو ئەو هەموو بەرپرس و کادری سەربازییەدا، مەلا مستەفا داوای دە کەسی غەیرەحیزبی دەکات بیانبینێت. مەبەست چی بوو؟
جەلال سام ئاغا: حیزبی هەر ئەوە دەڵێت کە مەلا مستەفا دەیڵێت، ناتوانێت تێیپەڕێنێت و شتی دەرەوە ناڵێت، بەڵام غەیرەحیزبی ئازادە. ئێمە هەر ئەوەندەیان پێ گوتین کە مەلا مستەفا داوای دە کەسی غەیرەحیزبیی کردووە، خۆشی دیاری کردبوون. ئەو ئێمەی نەبینیبوو، جگە لە دارا تۆفیق کە هەمیشە لای بوو، نە منی بینیبوو، نە کەمال مەزهەری بینیبوو، نە کامەران قەرەداغیی بینیبوو.
ئێوارەیەک ئێمەیان برد، بەفریش دەباری. ئەوە دوای ڕێککەوتنی جەزائیر بوو. کاک ئیدریس چووبوو بۆ لای ئەوان. دێتەوە خەیاڵم، ئێوارەیەک نانیان بۆ دانابووین، هاتەوە، یەکسەر کە هاتەوە هات بۆ لای ئێمە و گوتی: 'کاکە، هیچ شتێک نەما'. ئیتر قاپەکان دانرابوون، هێشتا برنجەکەی تێ نەکرا بوو. یەک کەوچکیشی لێ نەخورا. کاک ئیدریس خۆشی زۆر بێتاقەت بوو. من گلەییەکم لێ کرد، گوتم: 'کاک ئیدریس، من نازانم داهاتوو چۆن دەبێت، بەڵام ئەمە کۆتاییی دنیا نییە. جەنابت سەرکردەیت و نابێت ئاوا بیت'. گوتی: 'کاکە هیچمان لە دەستدا نەما. تۆ بەرپرسیارێتیی من هەڵناگریت، بەڵام من بەرپرسیارێتیی تۆ هەڵدەگرم، من خەمی تۆمە'.
کە گەیشتینە ئەوێ، ئێوارەیەکی درەنگ بوو. چووینە ژوورەوە، مەلا مستەفا لەسەر کورسییەکی جووڵاو لە تەنیشت دەرگاکە دانیشتبوو. دەست کرا بە قسەکردن. زۆربەی قسەکان هەر خۆی کردی، جگە لە هەندێک تێبینیی ئێمە. گەیشتینە دەوروبەری کاژێر دوانزەی شەو. لەو ماوەیەدا دکتۆر مەحموود عوسمان لە پێنجوێنەوە هاتبووەوە. وەک دەڵێن هەموو شتێک ناوترێت. ئێمە میوان بووین، شوێن نەبوو. کورسییەکیان بەسەر سەری مەلا مستەفادا هێنا تاوەکو دکتۆر مەحموود لەسەری دابنیشێت.
ئیتر دکتۆر کەمال خەیات و کەمال مەزهەر و دارا ڕەشید جەودەت و تەڵعەت نادر و کامەران قەرەداخی و منیش لەوێ بووین. دکتۆر دارا هەندێک قسەی کرد. مەلا مستەفا باسی ئەوەی کرد کە گەنج بووە، کەس یارمەتیی نەداوە و خۆی سواری وڵاخ بووە، بەڵام ئێستا دەبێت دوو-سێ کەس بیگرن تاوەکو سەری بخەنە سەر وڵاخەکە. دەیویست بڵێت من ئیتر شۆڕشم پێ ناکرێت، بەتایبەت کە ئێرانیش پشتی تێ کردووین.
ئەو شەوە دەوری کاژێر دوو نانیان بۆ هێناین. من لە تەنیشت دەرگاکەوە بووم. مەلا مستەفا نەهاتە ژوورەوە تاوەکو ئەوان داخل بوون. من مامەوە و گوتم: 'جەنابی بارزانی، فەرموو'. گوتی: 'تۆ فەرموو'. گوتم: 'جەنابی بارزانی، چۆن پێش تۆ بکەوم؟ مەحاڵە'. گوتی: 'ئاخر ماڵی خۆمە، حەز دەکەیت هەر بە پێوە بین؟' ئیتر ناچار بووم بچمە ژوورەوە.
مەلا مستەفا برنجی نەخوارد، سەموونیان بۆ هێنابوو. پارچە پارچەی دەکرد و دەیکردە ناو قاپە شلەکەیەوە. دکتۆر کەمال پێی گوت: 'جەنابی بارزانی، بەم شەوە، کاژێر دوو، ئەم تەشریبە خراپە بۆت'. ئەویش دکتۆر کەمالی دەناسی چونکە دکتۆر کەمال ئەмини 'خەستەخانەی کەوێرتێ' بوو. گوتی: 'دکتۆر، تازە بەم تەمەنەوە پێم دەڵێیت چی بکەم؟ من تاوەکو ئەم ساتە نانێکی ئیسراحەتم نەخواردووە'.
ئیتر ئەو شەوە، دوای نانخواردنەکە گوتی: 'دەزانم شەو درەنگە و پێویستتان بە پشوو هەیە. ئەو پەیامەی کە هەمبوو، بە ئێوەم گوت. هەوڵم لەگەڵ شادا، هەموو تەنازولێکمان کرد، بەڵام ڕازی نەبوو. کە ڕازی نەبوو، ئیتر با بیدەینە دەست خودا، بزانین خودا بەرەو کوێمان دەبات'. زۆر بە نائومێدییەوە ئێمە هەستاین. کە هەستاین، نزیکەی کاژێر سێی شەو بوو.
کاوە: بەڵێ کاک جەلال. ئێمە ناچارین لێرەدا کۆتایی بەم ئەڵقەیە بهێنین. لە ئەڵقەی داهاتووشدا درێژە بە گفتوگۆکەمان دەدەین. بینەران و بیسەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتاییی ئەڵقەی ئەمجارەمان. تا ئەڵقەی داهاتوو، بەخواتان دەسپێرین.
(پێشبینیی ئەڵقەی داهاتوو)
جەلال سام ئاغا: لە سەردەمی حکومەتی سەدامدا، هیچ نەبێت لەم شارە کە تۆ ئیشت تێدا کردووە، گەندەڵی هەبوو؟ هەشتا و شەش کەسم دا بە دادگا، هیچیان فەڕاش و کارمەند نەبوون، هەموویان پلەی وەزیر و پلەی بەرزیان هەبوو.
لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کە ئەم کێبڕکێ و شەڕ و ناکۆکییە دروست بوو، دز و درۆزنیش لەنێوانیاندا گەمەیان کرد. یەکێکیان گوتبووی: 'من دەرەجەی حیزبیم ئەوەیە، چۆن جەلال کە حیزبی نییە، لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکات؟'
مام جەلال قەت پێی نەدەگوتم جەلال، دەیگوت کاک جەلال یان کاک جەلالی خۆم.
حکومەت ئەگەر لێپرسینەوەی لە دزی و درۆزنی بە شێوەیەکی کرداری بکردایە...