پەنجەمۆر لەگەڵ کەمال محێدین- بەشی پێنجەم

14 May 2025
پەنجەمۆر لەگەڵ کەمال محێدین- بەشی پێنجەم
ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی - باڵی مەکتەبی سیاسی و کەسایەتی نزیک لە مام جەلال، لە بەشی پێنجەم و کۆتایی بەرنامەی پەنجەمۆردا شایەتی لەسەر چەندین بابەتی گرنگی مێژوویی دەدات.
کەمال محێدین لە بەشی کۆتایی بەرنامەی پەنجەمۆردا باسی لە ناکۆکییەکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای ساڵی 1964 و رووداوەکانی دوای ساڵی 1975 کرد.
میوانی بەرنامەکە ئاشکرایکرد کە دوای رێککەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970، باڵی جەلالییەکان دەچنەوە ناو پارتی و تاوەکو ساڵی 1975 پێکەوە کار دەکەن، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی باڵی جەلالییەکان لەگەڵ حکومەت دەمێننەوە. محێدین گوتی"هەندێکیان لە بەعسییەکان بەعسیتر بوون".
کەمال محێدین هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر داوای ئیدریس بارزانی لە کۆتایی ساڵی 1974 سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش لە پێنجوێن دەکات و دەڵێت"هەندێک لە بەرپرسانی شۆڕش خەریکی قومارکردن و ویسکی خواردنەوە بوون، بۆیە لەسەر داوای ئیدریس بارزانی بڕیاری لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەدرێت".
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، میوانەکە باسی گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و حکومەت و نامەی فازڵ بەڕاک سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ عومەر دەبابە دەکات کە لە رێگای کەمال محێدینەوە گەیێنراوە.
کەمال محێدین لە کۆتاییدا بۆ یەکەمینجار چیرۆکی خۆشەویستی مام جەلال بۆ کیژێکی خەڵکی کۆیە دەگێڕێتەوە، چیرۆکی خۆشەویستیەکی بەئاکام نەگەیشتوو، بەڵام بەگوێرەی قسەکانی محێدین، مام جەلال بە خۆشەویستیەکەی وەفادار دەبێت.
بەرنامەی پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 21:00ی شەو پەخش دەکرێت و تێیدا شایەتحاڵەکان باس لە رووداوە مێژووییەکانی کوردستان دەکەن.